دیالۆگی كوردی كوردی مەترسییەكانی پشت ئاڵوگۆڕەكان

دیالۆگی كوردی – كوردی مەترسییەكانی پشت ئاڵوگۆڕەكان

ئەنوەر حسێن بازگر

 

زۆرجار بارودۆخی بابەتی، بڕیارگەلێك دەسەپێنێت، كە هەندێكجار بە سوود یان بە زیان، تەواو دەبێت.

هەلومەرجی دوای (7)ی ئۆكتۆبەر و (8)ی دیسمبەر، وەكو دوو بابەتی سیاسی گرنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، كاریگەری لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست داناوە، ئاڵوگۆڕی گەورە ڕوویداوە، كە زۆرینەیان بە قازانجی كوردە و كارت و دەستكەوتی زۆری بۆ خوڵقاندوە، كە دەتوانێت سوودیان لێ وەربگرێت.
 

لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل، دواتر ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان زیاتر وەكو دیفاكتۆ خۆی چەسپاند، باشووری كوردستان خەریكە دۆسیەكەی زۆرتر دەچێتە پێش، باكوری كوردستان وەكو كارەكتەری یەكەمی ئاڵوگۆڕی هەموو كوردستان پێ دەنێتە قۆناغی سەرەتایی پڕۆسەی ئاشتی، ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە قۆناغی خۆ ئامادەكردندایە، بۆ ئەگەرەكانی داهاتوو.
 

ڕۆژئاوای كوردستان، كە لە ئێستادا چەقی گۆڕانكارییەكانی كوردستانە، دیالۆگی (كوردی-كوردی) نێوان (ئەنەكەسە-هەسەدە) و دیدارەكانی (بارزانی-كۆبانی) دەخالەتی ئەمریكا، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا هەنگاوی باشی ناوە، ئەگەرچی گرفتی (پارتی و پەكەكە) سێبەری بەسەر ڕۆژئاوا هەیە و بگرە خاڵی سەرەكی گرفتەكەیە، كە ڕەنگە یەكێك لە فاكتەرەكان ئەوە بڕیار لەسەر شكست و سەركەوتنی پڕۆسەكە بدات.
 

باشووری كوردستان، كە كاریگەری بەسەر ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوەهەیە، دیالۆگی یەكێتی و پارتی خاڵێكی گرنگە لە چارەسەری قەیرانەكان و پرسی دیالۆگی (كوردی-كوردی)، هەرچەند یەكێتی وەكو دۆستی پەكەكە و ڕۆژئاوا دەركەوێت و پارتی-ش نەیار، بەڵام دەكرێت لەسەر مێزی دیالۆگی كوردی قەیرانەكان چارەسەر بكەن.
 

هەرچەندە پەیوەست بە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە، واپێدەچێت چانسێكی جیاواتری هەبێت، بەوپێیەی ئەم ئاڵوگۆڕانەی دوای (7)ی ئۆكتۆبەر، ئێران تێیدا بێ هێز بوە، نەیارەكانی ئێران و هیلالی شیعی سەركەوتوون، ئەمەش واتای چانسی كوردەكانی ڕۆژهەڵات.
 

بێگومان ڕۆژهەڵات، خاوەنی هێزی زۆرن و كاریگەری سێ هێزی سەرەكی یەكێتی، پارتی و پەكەكە-شیان لەسەرە، بەڵام كۆمەڵە، پژاك، دیموكرات و خەبات، جیا لەوەی كە زۆر لەژێر ئەو كاریگەریانەدان، بەتایبەتی (حدكا) زۆر لەژێر كاریگەری پارتی-دایە وەكو پارتی دیموكراتی باكور و ڕۆژئاوا، پژاك-یش بەهەمان شێوە، لەژێر كاریگەری پەكەكە-دایە، ئەو هێزەی تاڕادەیەك سەربەخۆیە كۆمەڵە-یە، ئەوەش ڕەنگە بەهەمان شێوەی ڕۆژئاوا، بەریەككەوتنی (حدكا و پژاك) و و ململانێی (پارتی و پەكەكە) قوڵتر بكاتەوە، كە (حدكا) لە ڕابردوودا پژاك-ی وەكو دۆستی ئێران و كوێخای ڕۆژهەڵات و دروستكراوی پەكەكە ناساندوە، ڕەنگە ئەو بۆچوونانە لە داهاتوودا وەكو ڕابردوو دەست بۆ چەك بردنی تێكەوێت، بۆیە دەبێ لە ئێستاوە چارەسەری ڕیشەیی بدۆزرێتەوە گەرەنتی لەو هێزانە وەربگیرێت كە دەست بۆچەك و شەڕی خۆسەپێنی بە وەكالەت نابەن.
 

جیا لەوانە لە ڕۆژهەڵاتیش لە داهاتوودا كە هەر ئەگەرێكیگۆڕانكاری ڕووبدات، مەترسی لەسەر پرسی ڕۆژهەڵات هەیە، بەتایبەتی ئەو گوتار و خیتابەی حزبی دیموكرات (حدكا) كە لە ڕابردوودا تا ئێستاش خۆی وەكو حزبی قائید و تاكڕەو دەناسێنێتو پژاكی قبوڵ نییە و لە ڕابردووش شاهیدی ئەو پەلامار و كوشتارانەیان كە دژی هێزەكانی تر كردوویەتی مەترسییەكی جدی لەسەر پرسی كورد لە ڕۆژهەڵات و دیالۆگی (كوردی-كوردی)یە.
 

جیا لەوانە ئینشقاقی چوار ڕیزی نێو كۆمەڵەكان-یش ڕەنگە گرفت دروستبكات و پژاك-یش چاوی لە دووبارەكردنەوەی سیناریۆكانی (پەیەدە)یە لە ڕۆژهەڵات بە سەپۆرتی پەكەكە و سازمانی خەبات-یش چاوی لە سازمانی موجاهیدینە، جگە لە دەیان ڕێكخراوی تر، بەڵام هەموو ئەو گرفتانە هێزەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان ناچار دەكەن لەم هەلومەرجەدا، دەست بە دیالۆگی (كورد-كوردی) بكەن بە دەردی كۆنگرەكانی (2013) نەچێت.  

سەرچاوە : سپی میدیا