د. شیروان نوری غهفور
ئایا گەوجاندن لەناو سیاسەتی ئەمڕۆی هەرێمدا جێی خۆی کردۆتەوە..؟
ئەمڕۆ ئێمەی مرۆڤ لە هەرێم لە دۆخێکی زۆر نالەباردا دەژین، سەرلێشێواوین.. بە پلان و نەخشە سەرلێشێواوین. هەژموونی گەوجاندن و چەواشەکردن کاریگەریەکی سەختی درووستکردوە لەسەر ناخ و نەفسیەتی تاکی کورد. بەرچاومان ڕوون نیە و نازانین بەرەو کوێ دەمانبات.. دەستێکی کاریگەر هەیە کە بە مەبەست بەرەوە کۆیلایەتیمان دەبات..
بەڕای بەندە گەوجاندن جۆرە سیاسەتێکە کە بریتیە لەو کردەوانەی کە لایەنێک بە ئەنقەست و بە مەبەستێکی تایبەت دەیانەوێت تێکەڵوپێکەڵی، ناڕوونی و چەواشەکردن (گەوجاندن) درووستبکات لەناو مێشکی مرۆڤی ناو کۆمەڵگا بە مەبەستی گەیشتن بەو ئامانجەی پێشتر دایڕشتوە یان بۆیان داڕشتوە..
گەوجاندن بڕیاری هەڵە و مەترسیداری لێدەکەوێتەوە کە بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەری دەبێت لەسەر ڕاوبۆچوونی کەسانی ئاسایی جا بە تاک بێت یان بە کۆمەڵ.. زۆرجار ئەو گەوجاندنە وەک ڕابواردنێک بە هزر و بیری خەڵک تەفسیر ئەکرێت.
گەوجاندن بریتیە لە بابەتێکی گرنگ کە لەسەر بنچینەی درۆ و دەلەسە هەڵدەبەسرێت.. گەوجاندن وەک بابەتێکی ئەکادیمی لە بەشەکانی کۆمەڵناسی و ڕامیاری مرۆڤایەتی دەبێت دیراسەت و شیکردنەوە و توێژینەوەی لەسەر بکرێت.
گەوجاندن بابەتێکە دادەڕێژرێت لەلایەن کەسێکەوە یان گروپێک، یان دامودەزگایەک یان کۆمپانیایەک یان حزبێکی سیاسی جا لە دەسەڵاتدا بێت یان ئۆپۆسزیۆن کە بەرژەوەندی ئەو کاتەیان لەگەڵ خەتە گشتیەکاندا ناگونجێت. گەوجاندنی کۆمەڵگا لەلایەن ئەو لایەنانەوە دەکرێت کە خۆشیان ئەزانن درۆ ئەکەن و مونافیقن.. سوود لە ساویلکەیی و خۆشباوەڕی مرۆڤی ئاسایی وەردەگرن بە مەبەستی دەستکەوتێک، جا ئەو دەسکەوتە مادی بێت یان سیاسی بێت.. هەرچەندە مونافیقەکان دەزانن تەمەنی ساویلکەیی و خۆشباوەڕبوون کوورتە و تاسەر بۆیان ناچێتەسەر.. بەڵام دەزانن گەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت ئەو گەوجاندنە مەبەستی خۆی ئەپێکێ بەتایبەتی لە کۆمەڵگایەکدا کە جەهل تیایدا بڵاوبێت و ڕۆشنبیر کەمبێت..
داڕشتنی گەوجاندن و چەواشەکردن نەخشەی تایبەتی خۆی هەیە.. لە گۆڕانکاریدایە بەپێی بەرژەوەندی و سیاسەتی ئەو ڕۆژە.. ئەوانی ئەو نەخشەیە دادەڕێژن زیرەکن بەڵام بێ مۆراڵن… ئەوەی بەلایانەوە گرنگە گومان بخەنە سەر ڕاستیەکان.. دواتریش لایان گرنگ نیە پەشیمان ببنەوە و بەدرۆبخرێنەوە.. چونکە بێ مۆراڵن…!
کێن ئەوانەی پرۆسەی گەوجاندنی کۆمەڵگا دادەڕێژێت..؟
لەسەرووی هەموویان سیاسەتمەدار و ئەحزابە سیاسیەکان.. ئەحزابە ئیسلامیەکان.. کەسانی کۆیلە و بەکرێگیراوان.. جاش و خۆفرۆشەکان.. ئەوانەی بەرژەوەندی کاتییان هەیە لەگەڵ میری.. ئەوانەی کاردەکەن بۆ بەدیهێنانی ئەجێندای ئیقلیمی و نێودەوڵەتی.. دەوڵەمەندە تازە پێگەیشتووەکان.. چاوچنۆکەکان وەک زۆری پەرلەمانتاران.. کۆنە بەعسیەکان.. کەسانی حەسوود و کەمتەرخەم و بێکەڵکی ناو کۆمەڵگا.. هتد. ئەمانە هەڵئەسن بە کەمکردنەوە و ناوزڕاندنی زانا و کەسانی بەتوانا و خەمخۆر.. بۆ نموونە تۆمەتبارکردنیان بە علمانیەت و ئیلحاد و زەندەقە.. ئەمەش بە بڵاوکردنەوەی ووتار و هەواڵی بێبنەما.. ڕاکێشانی بۆچوونی خەڵک بە ووتەی ناڕەوای بریقەدار.. بۆ نموونە ڕەتکردنەوەی بەڵگە زانستیەکان لەلایەن مامۆستا ئاینیەکانەوە..گەوجاندنی گەنجان و هەرزەکاران کە زەوی تەختە و خۆر بە دەوریدا ئەسووڕێتەوە.. باوەڕنەبوون بە دابەزینی مرۆڤ لەسەر مانگ.. جەختکردن لەسەر ماف و ڕۆڵی ئافرەت کە وەک (ناقص العقل) پێناسە بکرێن و دەیان نموونەی تر..
درووستکردنی گوومان لەناو مێشکی تاکدا مەترسیدارترین بابەتەتی گەوجاندنە.. بۆ نموونە لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە دەیابن گروپ درووستبوون لەناو پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیادا دەیانووت کۆرۆنا ئەو پەتا مەترسیدارە نیە و پێویست بە ڤاکسین وەرگرتن ناکات.. دەیانووت لێدانی ئەو ڤاکسینە زۆر مەترسیدارترە لە نەخۆشیەکە..دەیانووت ئەو ڤاکسینە مرۆڤ تووشی نەزۆکی دەکات.. دەیانووت ئەوە پلانە بۆکەمکردنەوەی ژمارەی مرۆڤ لەسەر زەوی.. یان دەیانووت کە ڤاکسینەکە (چپ)ێکی تیایە کە هەموو هەڵسووکەوتی ژیانت دەخاتە ژێر چاودێری دەزگا سیخوڕیەکان.. تا وایلێهات کەسێک نەما خزمێک یان هاوڕێیەکی لێ نەمرێت.
سیاسەتمەداران باڵادەستن لە هۆنینەوەی گەوجاندن و چەواشەکردن.. خۆیان نوغرە بوون لە دزین و گەندەڵی کەچی یەت لەسەر شاشەی تلفزیۆن باسی گەندەڵی دەکات.. ئەمەیە گەوجاندن و یاریکردن بە عەقڵی تاکی ناو کۆمەڵگا.. گەوجاندن و درۆی بریقەدار زیاتر لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەردەکەوێت.. بۆ نموونە دۆزینەوەی هەلی کار بۆ گەنجان و دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان.. دابەشکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ کارمەندانی کەمدەرامەت.. درووستکردنی بەندا و چارەسەری کێشەی ئاو.. چارەسەری کێشەی کارەبا.. چاکسازی لە سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا.. چاکسازی لە سیستیمی تەندرووستی و فرۆشتنی دەرمان لە دەرمانخانەکان.. لابردنی کەسی نەشیاو لە شوێنی هەستیار.. جێبەجێکردنی مادەی 140 و بەرگریکردن لە مافی ڕەوای هاووڵاتانی جێگە ناکۆکیەکان.. جارەسکردنی کێشەی مووچە…هتد.
ئەوەی دەیبینین نە هەلی کار دۆزراوەتەوە.. نە شوێنی نیشتەجێبوون درووستکراوە.. نە کێشەی کارەبا و ئاو چارەسەرکراوە.. نە چاکسازی لە پەروەردە و خوێندنی باڵاو تەندرووستی کراوە.. نە سیستمێکی بەرگری ڕێکوپێکمان هەیە و نە کەسیش باسی مادەی 140 دەکات.. ڕۆژ لەدوای رۆژ بە عەرەب بوون (تعریب) لە زیادبووندایە.. ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەستدرێژی لەسەر خاک و ماڵی جووتیارە کوردەکان لە هەڵکشاندندایە… ئەمڕۆش کێشەی مووچە بە پلان داڕێژراوە و بۆتە ئەداتێک وەهای لە میللەت کردوە بیر لە هیچ کێشەیکی تر نەکاتەوە..
جێبەجێ نەکردنی ئەم هەموو بەڵێنانەی سیاسەتمەداران و ئەندام پەرلەمانە مشەخۆرەکان وەهای لێکردم کە ئەو بەڵێنانە پێناسە بکەم بە گەوجاندنی تاکی مرۆڤی کورد لە هەرێمی کوردستان و یاریکردن بە عەقڵمان…
سەرچاوە : ئاوێنە