ئەژین فەهمی
پێشكەشە بە (ماریا سام) و ماریاكان
لە هەموو لایەكەوە تاریكییەكی ئەنگوستەچاو باڵی بەسەر ژوورە ساردەكەدا كێشاوە. لە نێو پێخەفەكە لەسەر گازەرای پشت راكشاوە و لێفە بۆرە ئەستوورەكەیشی تا ژێر چەناگەی هێناوە، دەستێكی لە ژێر سەرییەوە و دەستەكەی دیكەیشی تا سینەی بردووە. هەناسەسوار و دڵیشی خێرا لێدەدات. رەشەبا بەهێزەكەی دەرەوەش پەنجەرەكە دەلەرزێنێت. بە گڤە سامناكەكەی گوێچكەكانی پڕ كردووە، هەراسان دەبێت و حەجمێنی نامێنێ. لەناو جێگەكەیەوە تل دەدات و خەوی لێ تاڵ بووە: (ئاخر چۆن خەو بچێتە چاوانمەوە، خۆ دەزانم ئەمشەویش وەك دوێنێ شەو مۆتەكەئاسا خۆی بە ژوورەكەدا دەكات و دەست دەنێتە ئەوكم.) جەستەی شەڵاڵی ئارەق دەبێت.
هێندە نابات تارماییەكە بە روخسارێكی شێواو و جووت باڵی سپییەوە دەردەكەوێ. لەگەڵ بینینی تارمایییەكەدا بە رادەیەك بێزاری دایدەپۆشێ، یەكڕاست روخسارە ئاوڵاوییەكەی وەك كلوە بەفر، سپی هەڵدەگەڕێت. لە ترساندا، هەر زوو لێفەكە بەسەر خۆیدا دەدات. تارماییەكە هێواش هێواش لێی نێزیك دەبێتەوە و خوێن لە قاچە بێهێزەكانی دەتكێ، نێو ژوورەكە هەر لە گۆمێكی پڕ خوێن دەكات. وەك بڵێی بایەك بێت و بەر لێفەكە بكەوێت، لێفەكە لەسەری دەخزێت، هەردوو دەستی توند لە لێفەكە گیركردووە، چونكە دەزانێت، كە هەمدیسان تارماییەكە خەوی لێدەزڕێنێت. زات ناكات سەیری تارمایییەكە بكات، لە حەژمەتدا گاز لە لێفەكە دەگرێت، لە دڵی خۆیدا دەڵێت: (هەر چۆنێك بووە ناهێڵم سیمام ببینێت، بۆچی بیبینێت؟) هەرچەندە هێشتا بوێریی ئەوەی نییە سەر لە ژێر لێفەكەوە دەربهێنێت، بەڵام دەرك بەوە دەكات، كە تارمایییەكە لە ژوورەكەدا دەجووڵێتەوە. بۆ تاوێك دێتە ژوورسەری، لەلای رەفەی كتێبەكانی پاڵ دیوارەكە رادەوەستێت و دەست بۆ كتێبە كۆنە سەوزە ئایینییەكان دەبات، پەڕە زەرد و بۆرەكانی هەڵاودیو دەكات و لەبەرخۆیەوە دەڵێت:(هەندێ جار، هەندێ كات، ئەوەی، كە هەتە نایبینی...) ئەو رۆژانەی دێتەوە یاد، كە هەر كاتێك ئەم لە ژوورەوە بوایە، كچە تاقانەكەی وەژوور دەكەوت و لەبەردەم رەفەی كتێبە كۆنە ئایینییەكانی پاڵ دیوارەكە دەوەستا، دەستی بۆ یەكێك لە كتێبەكان دەبرد و هەر ئەو دەمەیش بە زەردەخەنەیەكەوە چاڵی لاجانگی دەنەخشاندە سەر روخساری. ئەو ساتەیش باوكی بزەیەكی بۆ دەكرد و ریزە ددانە خواروخێچەكانی دەردەكەوتن. پاشان كیژە خنجیلانەكەی لە سووچێكی ژوورە بچووكەكەدا روودەنیشت و بە دەسماڵە رەشەكەی، نیوەی قژە خورمایییەكەی دادەپۆشی و سەری بە سەر كتێبەكە دادەگرت.
ماوەیەك تێدەپەڕێت و ئەم گوێی لە هەڵدانەوەی پەڕەی كتێبەكانی نێو دەستی تارمایییەكە نابێت، هەر بۆیە هەڵوەستەیەك دەكات: (سەیرە بۆچی هیچ خشەیەكی نابیستم؟ بڵێی لە نێو ژوورەكەدا مابێت؟) هەناسەی توند دەبێت، پاشان لێفەكە لەسەر روخساری لادەدات، هەر لە جێگەی خۆیەوە چاوە سوور هەڵگەڕاوەكانی بە تاق و كەلێنی ژوورەكەدا، كە یەك پارچە تاریكییە دێنێ و دەبات. لەگەڵ لابردنی لێفەكەدا قاچە درێژەكانی وەدیار دەكەون، لەو ساتەدا هەست بە لێخشاندنی دەستێكی بچووك دەكات، هەر لە دەستی ورد و باریكەلەی زارۆیەك دەچن، كە لە قاچە درێژ و تووكاویییەكانی دەخشێنێت. سەرنج لە دەستە بچووكەكە دەدات، لە خوار قاچەكانییەوە ساوایەك بە گاڵگۆڵكێوە بەدیدەكات، كە ختووكەی ژێر قاچەكانی دەدات. ئەمیش واقی وڕماوە، وەك ئەوەی دەستیان لێوەشاندبێت.
ساواكە بەردەوامە لە ختووكەدانی ژێر قاچ و قولەكانی، ئەم بە تەواویی متەقی لێوە نایەت. هەراسان و وەڕس دەستە وشك و زبرەكانی لە گەردنی خۆی دەئاڵێنێت. هەرچەند دەكات بۆی نالوێت نەلێوەكانی بە(م)ێك ببزوێنێتەوە و نە بشخەنێتەوە. چەندەها وشە لە ناخیدا پەنگیان خواردووە: (ئاخر تازە كەنینەوە لە پای چی؟ ئاه، ئەوەتا كیژە كوژراوەكەم لێرەیە، ئەمێستاكە ئەستەمە وەك كچە بچووكەكەی ئەوسای لێبێتەوە و منیش بە باوكی ببمەوە.)
لەوكاتەدا رەشەباكە بەهێزتر، ترسناكتر دەبێت و پەنجەرەكە دەشكێنێت، باوكەكە وەك باوەش بۆگرتنەوەیەك خۆی بۆ منداڵەكە درێژدەكات، بەڵام ئەو دەبێتە كۆترێك، باڵەكانی لێكدەكاتەوە و بۆی دەردەچێت.
باوكەكە بە پەشۆكاوی رووەو پەنجەرەكە هەنگاو دەنێت، هەر ئەودەمە هەردووك دەستی بەر لێواری پەنجەرەكە دەكەوێت، خوێنی سەر پەنجەی زبر و ناولەپی دەستەكانی تینوێتی وردە شووشەكان دەشكێنێ. كەچی ئەم هەست بە زام و خوێن ناكات. پەشۆكاو لە پەنجەرە شكاوەكەوە سەرەتاتكێیەتی، ئێستێك لەسەر وردە شووشەكانی سەر موكێتە نەخشدارەكە دەكات، بەڵام هەست بە تێهەڵچەقینی وردە شووشەكان ناكات كە بنی پێیەكانی ختووكە دەدەن. پاشان بە نێو ژوورەكەدا بە شەكەتی هەنگاو دەنێ، هەنگاوەكانی بەرەو پێشەوە دەبات و ئاوڕێكی تر بەلای پەنجەرەكە دەداتەوە، چاو دەبڕێتە خوارەوە. وردە شووشەكان قاچەكانی ویان زامدار كردووە. ترس و خەمێكی قووڵ ناخی دادەگرن، سەراسیمە دەست بۆ نێو پرچە بۆز و لوولەكەی دەبات و دەڵێت: (عەجیب و غەریبە!؟ باشە بۆچی هیچ شووشەیەك نەشكاوە، كەچی قاچەكانیشم زامدارن و شوێن پێكانیشم سوورن؟!) چاو دەگێڕێت بەنێو ژوورەكەدا، هێدی هێدی رووناك دەبێتەوە. لە ناوەڕاستی ژوورەكەدا دۆش دادەمێنێت، جارێكی تر دێتەوە لای پەنجەرەكە. دونیا بەرەو رووناكبوونەوە دەچێت، خۆر لە ئاسۆوە نیوەی خۆی حەشارداوە. نیگاكانی باوكەكە شوێن هەڵفڕینی كۆترەكە دەكەون. كۆترەكە بەسەر ئاسمانی شاردا دەسووڕێتەوە و لەو بەرزییەوە دەنواڕێتە خوارەوە، بە سەر بڵندگۆی (مزگەوتی شەهیدان)ەوە، دەنیشێتەوە.
بەرزبوونەوەی خۆر لە ئاسمان جووڵەی وە شار خستووە. ئەو دەنگە لەپڕەی لە بڵندەگۆی مزگەوتەكە بەرزدەبێتەوە بانگەواز بۆ ونبوونی كچێك دەكات، كۆترەكە رادەچڵەكێنێت و هەڵفڕین بەرز دەیبات. بۆ تاوێك چاو لە خوارەوەی خۆی دەبڕێت، لەو ساتەدا پۆلێك كەنیشك و لاو بەدیدەكات، كە تێكڕا لە بەردەم كتێبخانەی گەورەی شاردا وێستاون و خەریكن بەرەو ژوورەوە دەچن. ئەم بەرەو لای كتێبخانەكە دەفڕێت و لە كەناری پەنجەرە كراوەكە دەنیشێتەوە. كیژان و كوڕان دەبینێت، كە لەسەر كورسییەكانیان پشت لە پەنجەرەكە بەرانبەر مامۆستا دانیشتوون. ئەویش روو لەوان كتێبێكی قەبەی بە دەستییەوە گرتووە، چاوە درشتەكانی لەسەری راگرتووە. جارجارەیش سەری پەنجەی دۆشاومژەی دەگەیەنێتە چاویلكە درێژكۆڵانەكەی سەر لووتی، كە تا ئاستی چاوە خەواڵووەكانییەتی، كە هێشتا خوماری شەون. سەر بەرز دەكاتەوە، بەدەم ئاخافتنەوە دزەنیگا دەگرێتە كچان، كە چوونەتە نێو وشە باق و بریقەكانییەوە. ئەویش كتێبەكەی دەستی بەملاولادا دەجووڵێنێت، بە دەنگە گڕەكەی پەیڤەكانیان بۆ شی دەكاتەوە و باس لە مێیینە و كێشەكانیان دەكات. بە شێوەیەكی شاعیرانەیش وەسفی ژن و كچ دەكات. بە گوڕوتینەوە باس لە كوشتنی ژنانیان بۆ دەكات و وانەی مۆراڵیان دادەدات. هەموان بێدەنگ و واق وڕماو چوونەتە، قووڵایی قسەكانییەوە. ئەو بەدەم قسەكردنەوە سەرنجی بۆ سەر كۆترەكە دەچێت و لەپڕ وەك ئەوەی زمانی بە مەڵاشوویەوە نووسا بێت، لە قسە دەكەوێت و هیچ وشەیەك لە لێوەكانییەوە دەرناچێت. هێندە نابات كۆترەكە ئەوێندەر جێدەهێڵێت، گەنجەكان ئاوڕ بۆ دواوە دەدەنەوە، بەڵام هیچ شتێك بەدیناكەن. هەموان سەیری یەكدی دەكەن، سەرنجیان دەخەنەوە سەر مامۆستا، كە بێدەنگ چاوی هەر لە پەنجەرەكەیە.
كۆترەكە لە فڕین بەسەر ئاسمانی شار بەردەوامە و روو لە باخچەی ئازادی دەكات، لەوێدا دوو عاشق، كە بەتەك یەكترینەوە لەژێر دارێكی رووتەڵەدا دەست لەملان دانیشتوون و بە قووڵی نیگایان تێكئاڵاوە. كوڕەكە سووراوێكی بەدیاری بۆ كچەكە هێناوە. ئەم، كە كچەكە دەبینێت دڵنیا نییە لە وەرگرتنی سووراوەكە. ئەو رۆژانەی دێنەوە یاد، هەر كاتێ، لێوەكانی ئاڵ دەكرد. باوكی سەرزەنشتی دەكرد و سووراوەكەی لێ فڕێ دەدا. خەنینەوەی منداڵانیش لە كاتی خلیسكێنەیاندا و كەوتنە نێو چڵپاوی قۆڵتەكانی بەردەمیان خۆشنوود دەبن.
هێندە نابات پێڕی راوچییەكان دەردەكەون. ئەم راوچییانە رۆژانە لە نێو پارك و باخچەكاندا، لەسەر شەقام و نێو ماڵەكاندا سێرەی تفەنگەكانیان لەسەر كۆتر و ریشۆڵەكانە.
ئەم لەوەتەی بووەتە كۆتر سیماكانیان دەناسێتەوە، تەنانەت بەر لە دەركەوتنیشیان هەر بە نزیكبوونەوەیان بۆنیان دەكات. هەر دوێنێ بوو راوچییەكی بینی ملی كۆترێكی بە زیندوویی هەڵكێشا. دەیانبینێت راوچییەكان نیگایان لەسەر جووتێك كۆترە و سێرەیان لێدەگرن. لە حەژمەتاندا دەكەوێتە باڵەفڕە. سەرنجی راوچییەكان رادەكێشێت بۆلای خۆی. راوچییەكیان بەدەم راوكردنی باڵندەیەكی ترەوە ئاماژەیەك بۆ ئەوەی تەنیشتی دەكات: (شوانە، ئەو كۆترەیان بۆ تۆ.)
ئەم دەزانێت تازە بچێتە هەر بەرگێكەوە و بۆ هەر كوێیەكیش بچێت، شوانە قەدەری ئەمە و لێی نابێتەوە. ئەم هەر دەبێت بە دەستی شوانە بكوژرێتەوە. گەڵا، لق و قەدی درەختەكان خوێنی باڵندەكانیان لێدەچۆڕێتەوە. باخچەكە گمەی كۆتر و چریكەی باڵندەكانی لێ دەبڕێت. هەورێكی چڵكن ئاسمان دادەپۆشێت، قاقای راوچییەكان وەك هەورەگرمە لەنێو پاركەكەدا دەنگ دەداتەوە.
سەرچاوە : کوردستانی نوێ