هیوا سهید سهلیم
دوێنێ دادگای تورکیا دوا بڕیاری خۆی سەبارەت بە دۆزی کۆبانێ وەرگرت، ئەو دۆزەی کە کراوەتە تۆمەت بۆ زیندانیکردنی ھاوسەرۆکانی کۆنی ھەدەپ (سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگان یوکسداغ)، ھەورەھا بە دەیان پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانی سەر بە ئەو پارتە و بە سەدان کادیریان.
لەوەتەی دۆزی کۆبانێ لە لایەن پارتی دادوگەشەپێدان لە دژی ھەدەپ جولێنراوە، دادگای تورکیا بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو دۆزە، دەیان دانیشتنی ئەنجامداوە، پرسی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان ( ھەدەپ) پێش ھەڵبژاردنی ئایاری (2023)ی پەرلەمانی تورکیا، بەسترابووەوە بە یەکلاکردنەوەی ئەو دۆزە.
بەرەی حوکمڕان لە تورکیا دەیانەوێت نوێنەرانی کورد بەوە تۆمەتبار بکەن کە گوایە ئەوان لە پرسی بەرخۆدانی شەرڤانان لە دژی تیرۆرستانی داعش لە شاری کۆبانێ پشتیوانیان لە شەڕڤانان کردووە، بۆیە لە چوارچێوەی ئەو دۆزە ھەر کادیرێکی ھەدەپ، یان سەرۆک شارەوانییەک، وەیان کادیرێکی ئاسایی لە ماوەی بەرخۆدانی کۆبانێ قسەیەکی لە بەرژەوەندی ئەو بەرخۆدانە لەبەرامبەر ھێرشی ھەمەجیانەی تیرۆرستان کردبێت دەبێت بخرێتە زیندان.
دوای ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، ئەو شکستە گەورەیەی ڕووبەڕووی بەرەی کۆمار(ئەکەپە- مەھەپە) بووەوە، نەک ھەر ئاماژەکان بگرە ھەوڵی جدیش ھەبوو بۆ یەکلاکردنەوەی دۆزی کۆبانێ لە بەرژەوەندی سەڵاحەدین دەمیرتاش و ھەڤالەکانی.
ھەفتەی ڕابردوو ھەوڵێک لە دەزگا ھەستیارەکانی تورکیا بۆ ڕای گشتی دزەی پێکرا، کە پارتی دادوگەشەپێدان و خودی رەجەب تەیب ئەردۆگان دەیانەوێت دەمیرتاش ئازادبکەن.
بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگا پێچەوانەی ئەو پێشبینییە دەرچوو، دەمیرتاش نەک ئازادنەکرا، بگرە ڕووبەڕووی سزایەک توند کرایەوە، ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە لە پاڵ سزاکەی دەمیرتاش کەسانی وەک ئەحمەد تورک، سری سوڕیا، کە ئێستا لە دەرەوەی زیندانن ئەوانیش کەوتنە بەر شاڵاوی تۆمەتی پشتیوانی لە کۆبانێ و ھەریەکە و بە 10 سال حوکمدران، ، ئەگەر ئەو بڕیارە بە فیلتەری دادگای پێداچوونەوە و دادگای دەستوری تورکیا تێبپەڕێت، دەبێت سەرۆک ھەڵبژێردراوەکەی شارەوانی مێردین ( ئەحمەد تورک) بگەڕێتەوە زیندان، کە پێشتر بەھۆی خرابی باری تەندروستی لێی دەرچووبوو.
دۆزی کۆبانێ واتا جارێکی دیکە پشتیوانیکرد لە ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش، بۆیە ئەوەی دەبوو لەسەر ئەو دۆزە دادگایی بکرێت ئەردۆگان و دەسەڵاتەکی بوون، نەک ئەوانەی بە قسەیەکیش بێ پشتیوانییان لە بەرخۆدانی کۆبانێ کردبوو.
ئەو بڕیارەی ئەمڕۆی دادگای تورکیا پێویستە پڕۆتستۆ بکرێت، چونکە لێکەوتەکەی بۆ ھەموو لایەک مەترسیدارە، چونکە ئەگەر پشتیوانیکردن لە بەرخۆدانی کۆبانێ تۆمەت بێت، دەبێت پەرلەمانتارانی کوردستان کە دەنگیان بۆ ناردنی ھێزی پێشمەرگە داوە بۆ کۆبانێ تۆمەتبار بکرێن، ئەمەریکا کە پشتیوانی لۆجستی شەرڤانان ناردووە، دەبێت بەو دۆزە تۆمەتباربکرێ، ئەوەیە ڕاستی و دوورستی ئەردۆگان، ئەمڕۆ جارێکی دیکە دەمامکەکەی کەوتەوە بەوەی نەک دەمیرتاشی ئازادنەکرد بگرە حوکمێکی قەرەقۆشیانەی لە دژیان دەرکرد.
سەرچاوە : سپیمیدیا