دڵشاد نامیق چاودێری سیاسی بۆ هاوڵاتی: کورد خاوەنی ماف و پرسێکی رەوایە لە تورکیا و ئەو مافانەش تائێستا نەهاتوونەتەدی و زەوتکراون

 

 

  دڵشاد نامیق

 


سازدانی: سازگار ئەحمەد

دڵشاد نامیق، چاودێری سیاسی لەچاوپێکەوتنێکی تایبەت بەڕۆژنامەی هاوڵاتی تیشکی خستەسەر ململانێ بەردەوامەکانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان «پەکەکە» و تورکیا لەسەر خاکی هەرێم، ئاماژە بەوەدەکات ئەرکی پەکەکە ئەوەیە بەرژوەندییەکانی باڵاکانی هەرێم رەچاوبکات لەسیاسەتی خۆیدا.

هاوڵاتی: ئایندەی سیاسی و دۆخی کورد لە رووە نەتەوەییەکەوە لە تورکیا چۆن دەبینیت؟

دڵشاد نامیق: دۆزی نەتەوەیی كورد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی گرێدراوی یەكترە لەهەر چوار پارچەكەی كوردستاندا، بۆیە بەرەوپێشچوون لەبەدەستهێنانی مافەكان لەهەر پارچەیەكی كوردستاندا بێتە ئاراوە كاریگەریی دەبێت لەسەر دۆخی كورد لەپارچەكانی تری كوردستان، لەباكووری كوردستان لەساڵی 2014 بەدواوە پاشەكشەیەكی زۆر هاتە ئاراوە لەچارەسەركردنی پرسی كوردو بەرپاكردنی ئاشتی كەپێشتر پرۆسەی ئاشتی قۆناغی باشی بڕیبوو و تاڕادەیەكی زۆریش ئومێدی لەسەر هەڵچنرابوو، بەڵام پاشەكشەی دەوڵەت لەدابینكردنی مافەكانی گەلی كوردو داننان بەناسنامەی نەتەوەیی كورددا لەتوركیا وایكرد دۆخەكە ئاڵۆزببێت و روانگەی ئەمنی ببێتەوە بەمیكانیزمی دەوڵەت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆزی كورددا، لەڕاستیدا لەتوركیا كولتوورێكی سیاسی خراپ هاتووتەكایەوە هەر حزب و رێكخراوێكی سیاسی بۆ دژایەتی كوردو مافە نەتەوەییەكانی كورد بكات لەسەر ئاستی شەقامی توركی جەماوەری زیاددەكات و لەهەڵبژاردنەكانیشدا ئاستی بەرزدەبێتەوە، بۆیە پارتی دادو گەشەپێدانیش وەك پارتەكانی پێش خۆی هەوڵیداوە لەڕێگەی دژایەتیكردنی كوردەوە شەقامی شۆڤێنی تورك لەخۆی رازی بكات و دەنگیان بەدەستبهێنێت، بەڵام بێگومان ئەوە چارەسەر نییە بۆ دۆزی كوردو سەقامگیری هەمیشەیی لەتوركیا ناهێنێتەدی، بەڵكو دەبێتە مایەی زیاتر بێ ئومێدبوون لەچارەسەری ئاشتیانەو وادەكات پێداگریی لەسەر مافە نەتەوەییەكان زۆرتربێت، كورد بەهەموو شێوەیەك هەوڵی ئەوە بدات لەو هێزو لایەنانە نزیك ببێتەوە كەئەگەری هەیە پرۆژەی چارەسەریان بۆ دۆزی كورد هەبێت و پارتی دادو گەشەپێدان لەبەر رۆشنایی ئەو ئەنجامەی لەهەڵبژاردنی شارەوانییەكان كەوتنەوە فرسەتێكی باشی لەبەردەستایە بۆ ئەوەی پرۆژەیەكی راستەقینەو گشتگیری هەبێت بۆ چارەسەری دۆزی كورد، ئەو هێزەشی هەیە كەئەوە بكات و ئەگەر ئیرادەی هەبێت دەتوانێت ئەو متمانەیە لەنێوان خۆی و هێزە كوردییەكان دروستبكاتەوەو ببێتە سەرپەرشتیاری چارەسەری دۆزی كورد، ئەگەر ئەوەنەکات كورد لەباكووری كوردستان رەنگە بەدوای ئەلتەرناتیڤی تردا بگەڕێن.

هاوڵاتی: تا چەند هەرێمی کوردستان بووەتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێکانی نێوان تورکیاو پەکەکە؟

دڵشاد نامیق: لە راستیدا هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە لەساڵی 1991وە باجی ململانێكانی نێوان توركیاو پەكەكە دەدات، هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتاوە سیاسەتێكی روونی هەبووە كەدەیەوێت لەگەڵ دراوسێكانیدا دراوسێییەكی باش بێت و نەبێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی دەوڵەتانی دراوسێ، لەگەڵ ئەوەشدا داوای چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورد دەكات لەپارچەكانی تری كوردستان، بەڵام  لەڕاستییدا پەكەكە رەچاوی ئەم دۆخەی هەرێمی كوردستانی نەكردووە، هەندێکجار دەستتێوەردانی هەبووە لەسیاسەتی ناوخۆیی هەرێمدا، لە رابردوودا بەداخەوە رووبەڕووبوونەوەی خوێناوییش هەبوو لەنێوان پەكەكەو پارتە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان، زۆرجار پەكەكە وەك فەرمانڕەوا یان بەشێك لەفەرمانڕەوایی لەهەرێمی كوردستاندا مامەڵە دەكات، ئەمە بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان ناگونجێت و پەیوەندیە دیبلۆماسیەكانی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە ئەگەر حكومەت و دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان دان بەو بابەتەدا بنێنن، هەربۆیە هەبوونی هێزی چەكدارو ناوچەی دابڕاو لەلایەن پەكەكەوە وایكردووە بیانوو بەدەست توركیاوە بێت بۆئەوەی هێرش و دەستوەردان بكات لەناو هەرێمی كوردستاندا و وابكات سەروەری عێراق و هەرێمی كوردستان پێشێلبكات، تەنانەت هێرش و پەلاماری سەربازیی توركیا ساڵانە زیانی گەورە لەدانیشتووان و گوندنشینانی هەرێمی كوردستان دەدەن، هەروەها تورکیا لەم دواییانەدا بەبیانووی هەبوونی پەکەکەوە زیانی بەئابووری بەشێک لەناوچەکانی هەرێم داوەو تائێستا هێرشە درۆنییەكانی توركیا بۆ سەر ناوچە ئاوەدانەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامەو زۆرجار خەڵكی مەدەنی دەبنە قوربانی.

هاوڵاتی: ئەرکی پەکەکە چییە لەهەرێمی کوردستان؟

دڵشاد نامیق: ئەركی پەكەكە لەڕووی نیشتمانی و نەتەوەییەوە ئەوەیە كە پشتیوانی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان بێت و بەرژوەندییە باڵاکانی هەرێم رەچاوبکات لەسیاسەتی خۆیدا و بیانوو نەداتە دەست توركیا بۆ پەلامارو فشار دروستكردن لەسەر هەرێمی كوردستان، هەروەها نابێت پەكەكە وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ تەماشای هەرێمی كوردستان بكات و چاوەڕوانی ئەوەی لێبكات میسرو قەتەر چۆن مامەڵە لەگەڵ فەلەستین و ئیسرائیل دەكەن هەرێمیش بەو ئاستە مامەڵە لەگەڵ توركیاو پەكەكە بكات، چونكە وەك وتم قەوارەی هەرێمی كوردستان دەوڵەت نییەو تەنها هەرێمێكی ناو دەوڵەتێكی فیدراڵییە.

بەبڕوای من هەرێمی كوردستان پەیوەندیە دیبلۆماسی و ئابوورییەكانیشی لەگەڵ وڵاتانی دەوربەرو بەتایبەتی لەگەڵ توركیا لەسەر حسابی پەكەكەو كوردستانی باكوور نییە، چونكە بوژانەوەی هەرێمی كوردستان هێزێكی مەعنەوییە بۆ گشت پارچەكانی كوردستان و دەستكەوتێكی گەورەیە لەسەر ئاستی نەتەوەیی، بۆیە دۆزی رەوای كورد لەباکووری كوردستان كەململانێكانی پەكەكە لەگەڵ دەوڵەتی توركیا بۆ سەرخستنی ئەو دۆزیە وەك پەكەكە خۆیان دەڵێن، ئەمە وادەخوازێت دۆزو پرسی باشووری كوردستان نەبێتە قوربانی.

هاوڵاتی: ئەو مەترسیانە چین کە شەڕی نێوان توركیاو پەکەکە لەسەر هەرێم دروستیانکردووە؟

دڵشاد نامیق: گومان لەوەدا نییە كەكورد خاوەنی ماف و پرسێكی رەوایە لەتوركیا و ئەو مافانەش تائێستا نەهاتوونەتەدی و زەوتكراون، بۆیە شەڕی چەكداری لەپێناو وەرگرتنەوەی ماف و سەرخستنی پرسی رەوای نەتەوەیی رێگەیەكی رەوایەو كورد هەمیشە وەك دوا رێگە پەنای بۆ بردووە كاتێك كە رێگەچارە ئاشتیخوازییەكان ئەنجامیان نەبووە، شەڕی پەكەكەو توركیایش دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بەباشووری كوردستانەوە هەیە جیاوازە، بەداخەوە بەشێكی زۆری ئەو شەڕە لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەمە وایكردووە ناسەقامگیری لەو ناوچانە دروست ببێت، ژمارەیەكی زۆر گوند لەهەرێمی كوردستان هەر ئاوەدان نەبوونەتەوە ئەوانەشی ئاوەدان بوونەتەوە بەشێكیان ئاوارە بوونەتەوە، هەروەها ژمارەیەكی زۆریش قوربانی مەدەنی كەوتووتەوە، لەلایەكی ترەوە هەبوونی ئەو شەڕە لەناو سنووری هەرێمی كوردستان دەبیتە پاساو بەدەست توركیاوە كەهەمیشە هەڕەشەی بەزاندنی سنوورو داگیركردنی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بكات لەو شوێنانەی كە پەكەكەی تێدایە، ئەمە دەبێتە مەترسی گەورە لەسەر ئایندەی هەرێمی كوردستان و لەسەر پرسی كورد لەباشووری كوردستاندا، چونكە ئێستا عێراقیش لەو ئاستەدا نییە بتوانێت رێگە لەهەڕەشەكانی توركیاو ئێران بگرێت، رەنگە هەر بەمەبەستیش رێگە نەگرێت و ئاسایی بێت لای كەئەو دەوڵەتانە لەهەرێمی كوردستانەوە دەستوەردان بكەن و ئارامی و سەقامگیری هەرێم و ناوچەكە بشێوێنن، بۆیە شەڕی نێوان ئەو دوو لایەنە كاریگەری خراپی هەبووە لەسەر هەرێمی كوردستان، بەو ئومێدەی دوای ئەو ئەنجامە باشەی كورد لەهەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیادا بەدەستیهێناوە دەوڵەتی توركیا بیر لەپرۆژەیەكی گشتگیری راستەقینە بۆ ئاشتی بكاتەوەو پەكەكەش ئامادەیی دانوستان و بەدەمەوەچوونی هەبیت.

هاوڵاتی: ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیاو باكووری كوردستان شەڕی نێوان پەکەکەو تورکیا دەخاتە چ قۆناغێکەوە؟

دڵشاد نامیق: هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لەتوركیاو لەباكووری كوردستان ئەگەرچی بۆ دانانی بەرپرسانی خزمەتگوزاری و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە ناوچەییەكانە، بەڵام روویەكی گرنگی سیاسیشی هەیە كەسەنگی لایەنەكانی دەرخست، دەرەنجامەكان پێمان دەڵین پارتی دادو گەشەپێدان لەسەر ئاستی دەنگدەر پاشەكشەی كردووە، ئەمەش واتا خەڵك لەسیاسەتەكانی ئەو حزبە رازی نین، رەنگە ئەمە دەستپێكێكی باش بێت كە ئیتر خەڵك لەسەر بنەمای دژایەتیكردنی كوردو ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری دەنگ بەحزبەكان نەدەن، بەڵكو خزمەتگوزاری و سیاسەتی ئابووری و دارایی ببێتە پێوەری سەرەكی، بۆیە سەرەڕای ئەوەی كەهێشتا هێزە كوردییەكان بەتەواوی كۆنترۆڵی گشت ناوچەكانی باكووری كوردستانیان نەكردووە، بەڵام پێگەیەكی باشیان بۆ خۆیان بەدەستهێناوە كە وادەكات پێگەی دانوستان و هاوپەیمانیان لەگەڵ حزبەكانی تری توركیا بەهێزبكات، بۆیە ئێستا كورد بووە بەهێزێكی یەكلاكەرەوە لەدروستكەری دەسەڵاتداردا لەتوركیاو لەهەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی كۆماردا دەتوانێت ئەم رۆڵە وازی بكات، بۆیە ئەگەری زۆر هەیە هەم حزبی دەسەڵاتدارو هەمیش ركابەرەكانی زیاتر بەلای دۆزی كورددا بشكێنەوەو بیانەوێت خاوەنداریی لەپرۆژەی چارەسەری بكەن، ئەمە ئەگەر رووبدات پەكەكە دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی مێژوویی كەهیچ دەرفەتێك لەدەستنەدات بەپرۆژەیەكی نەتەوەیی دوور لەئایدۆلۆژیاییەوە بچێتە پێشەوە و وەڵامگۆی ئەو دەستپێشخەریانەبێت كەئەگەری زۆرە بێنە كایەوە، بۆیە لەو بڕوایەدام دەرفەت خەریكە بڕەخسێ بۆ چارەسەری ئاشتیانە، بەڵام لەلایەكی تریشەوە نەزعەیەكی سەربازیی هەیە بۆ یەكلاكردنەوەی گشت كێشەكان بەڕێگەی سەربازی و هێرشی دەرەوەی سنووری، كە باس لەهەماهەنگی هەریەك لەئێران و عێراق و توركیا هەیە بۆ كۆتایی هێنان بەهەبوونی سەربازیی پەكەكە، كەئەمە ئەگەر بێتەدی دەبیتە گرژیەكی درێژخایەن و هیچ هیوایەك بۆ چارەسەری ئاشتیانە ناهێڵێتەوەو رەنگە لەناوخۆی باكووری كوردستانیش كاریگەری نەرێنی دابنێ لەسەر پێگەی حزبە كوردییەكان.

سەرچاوە : هاوڵاتی