دکتۆر سالار باسیرە : چۆن پارتی و پاراستن لە برایم خەلیل زەهرد خواردیان کردم .

Salar-Basire

دکتۆر سالار باسیرە 

 

لە کاتی شەڕی ناوخۆ نامیلکەیەکم لەسەر پارتی و بارزانی نوسی بە چەند بەلگەنامەیەکەوە کە 3 جار لە چاپ درایەوە . ڕێکخستنی پارتی لە ئەڵمانیا بە (10) لاپەڕە وەلامی دامەوەو وەک پیشەی هەمیشەیان تەنیا جنێوی تێدابوو ، لە شێخ مەحمودەوە هەتا دەگاتە بەندە . ئەوەو هەلوێستە توندەکانم بەرامبەر بە سیاسەتی پارتی کە سالانێکیش ئەندامی کۆمێتەی رێکخستنی یەکێتی بووم لە ئەڵمانیاو بەرپرسێکی کۆمەلەی خوێندکارانی کوردستانی سەر بە یەکێتی بووم لە ئەلمانیا ، لە کاتێکدا بە داخەوە هەندێک لە بەرپرسەکانی یەکێتی لە دەرەوە پەیوەندی خۆیان لەگەل پارتی تێک نە ئەدا ، تێیاندا هەیە ئەمڕۆکە پۆستی هەیە لە ناو پارتیدا لە ولات و کاتی خۆی دۆسیەو زانیاری ناو یەکێتیان لابووە لە دەرەوە .
دەستبەسەر کردنی خوشک و براکەم لە بر ایم خەلیل
کاتێک خوشکم و براکەم بە رێگای برایم خەلیلەوە گەڕابونەوە هەرێم ناوەکانیان وەک ئەوەی من باسیرەی پێوەیەو لە کۆمپیوتەریان دابوو ، لێیان پرسی بوون ئێوە خوشک و برای سالار باسیرەن ؟ ئەوانیش وتبویان بەلێ . دوای پشکنینی جانتاکانیان بە شێوەیەکی ناشیرین و پەرش و بلاوەپێکردنیان هەردوکیان دەستبەسەر کردبون و پاسپۆرتە ئەوروپیەکانیان لێ سەندبوون . پەیوەندیم پێوە کرا کە چی ڕویداوە. ئەو کاتە دوای شەڕی ناوخۆ لیژنەیەکی گوایە ئاشتی پێکهاتبوو لە نێوان یەکێتی و پارتی ، منیش پەیوەندیم کرد بە هاورێیەکمەوە لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی و هەرەها بە هاورێیانێکی تری بەرپرسەوەو دوای هەوڵدانێک و دوای دوو سێ ڕۆژ دەستبەسەر کردن ئازاد کرابون بە تایبەت کە ئەوان هاولاتی ئەلمانی و هۆلەندی بوون و دەستی براکەمیان ئەزیەت دابوو .
گەرانەوە بە رێگای ئێرانەوە
من ناچار دەبوو بە رێگای ئێرانەوە بگەرێمەوە هەرێم و یەکێتی ئەو داواکاریەی بۆ پێشکەش کردبووم بۆ فیزە، بەلام ئێرانیەکان وەلامیان نەئەدایەوە ، دواتر کاک فوئاد مەعسووم کە ئەو کات بەرپرسی مەڵبەندی دەرەوەی یەکێتی بوو لە لەندەن بە کاک شۆڕش ئیسماعیلی وتبوو پێم ڕابگەیەنێت ئێرانیەکان فیزەم پێ نادەن ، من هۆکارەکەیم دەگەڕاندەوە بۆ چالاکیە ئاشکراو کاریگەریەکانی سالانێکم لە دژی کۆماری ئسلامی ئێران. دەشمویست بگەرێمەوە ولات. هاورێیەکی کوردی شێعە مەزهەبم لە رێگای مەکتەبێکی سەفەری ئێرانیەوە لە ئەلمانیا بۆی رێکخستم کە ببمە ئەندامی گرۆپێکی شێعە کە لە ئەوروپاوە بۆ زیارەتی ئیمام ڕەزا فیزەی جەماعیان پێ ئەدەن بۆ ئێران . منیش بوومە یەکێک لەوانە. کە گەیشتمە خاڵی پشکنینی پاسپۆرت لە فڕۆکەخانەی تاران ترسێکی زۆرم لێ نشیت بەلام لێی دەرباز بووم. لەوێوە پەیوەندیم کرد بە کاک جەبار فەرمانەوە بۆ هاوکاری کردنم چونکە بۆ هاتنە ناو هەرێم مۆلەتی دەویست. کاک جەبار وەلامی دامەوەو پێی وتم ئەوا بە رێکەوت کاک حەمەی حاجی محمودم لایەو سلاویشی هەیە بۆت و دەلێت بێتە شاری سنەو من هەر ئێستا نوێنەرێکی خۆم کە بۆ پشوو گەڕاوەتەوە سلێمانی دەینێرمەوە بۆ سنە بۆ هاوکاری کردنت . ئەو بەرێزە کاری خۆی بۆ کردم و شەو هەر لە مالی ئەوان خەوتم لە سنەو منی هەتا پێنجوین گەیاندو لەوێ کاک جەبار سەیارە و پێشمەرگەی خۆی ناردبوو بە دوامداو ئەو ئێوارەیەش هەر میوانی خۆی بووم .
ڕۆژی زەهر خواردن کردنەکەم
سالانێک دواتر م . س یەکێتی کەوتنە نێوانەوە کە پارتی لە گەڕانەوەمدا لە برایم خەلیل کێشەم بۆ دروست نەکات و پارتی ڕەزامەندی نیشاندابوو . پێشتر پێم وترا هیچ شتێکیان نەخۆمەوە یان نەخۆم . کاتێک گەیشتمە برایم خەلیل و نوێنەرێکی پارتی دیارە پاراستن هات بۆ لام و لەو کاتەشدا کتوپڕ چایەکیان بۆ هێنام و منیش لەبەر هیلاکی ئەو تێبینیەم لە یاد نەمابوو ، کە یەکەم قومێکی تەنیا بچووکم لە چاکەدا ئەوەم بیرکەوتەوەو چیتر چاکەم نەخواردەوە . پێیان وتم کە لانگرۆزەرێک و 3 پێشمەرگەی یەکێتی لە سلێمانیەوە هاتوون و لە دەرەوە چاوەرێت دەکەن و لێرەدا سوپاس بۆ کاک نیاز سەعید بەرپرسی پەیمانگای کادیرانی سیاسی لە قەلاچوالان بۆ ناردنی ئەو بەریزانە بە شوێنمدا . دوای گێچەل پێکردنمان لە شەقلاوە لە لایەن پارتیەوە شەوێکی درەنگ گەیشتینە سلێمانی . بەیانیەکەی کە خەبەرم بۆوە هەستم بە ناڕەحەتی دەکرد. بینینی چاوم تێک چوو ، ڕەنگم زەرد هەلگەڕا ، ئەرەقەم دەکردەوە ، جەستەم جاروبار ڕادەوەشا ، هەستم دەکرد بێهێزم و فشاری خوێنم بەرز دەبۆوە و … تاد . بارودۆخێکی زۆر خراپ .. بردمیانە لای دوکتۆرێکی هەناوی ئاشنای خۆم کە لە ئەمریکا تەواوی کردبوو ، دوای پشکنینی خوێن و هەندێکی تر بۆم ڕوون بۆوە کە چیم بەرامبەر کراوە . دوای ماوەیەک ناڕەحەتی بەسەربردن لە سلێمانی خۆم گەیاندە ئەلمانیا بۆ چارەسەر کردن . جا ئاخۆ چیم لێبهاتایە ئەگەر تەواوی ئەو پیاڵە چایەم بخواردایەتەوە ؟ ئێستەش دەموچاوی ئەو چایچیەم لەبەر چاوە کە چۆن سەیری دەکردم کاتێتک چاکەی بۆ هێنام .
ئایا ئەوە پاداشتی ئەو هەموو سالانی خەبات و کوردایەتیم بوو بۆ گەلەگەم و دژ بە رژێمی سەدام حسین کردومە کە کەسوکارەکەشمی توشی تراژیدیای خێزانی کرد .. هەموو ژیانم خەوم بەوەوە دەبینی بەعس بڕوخێت و بە ئازادی بگەرێمەوە ولاتەکەم ، ئەوەش شێوازی گەڕانەوەکانم بوو .. لەبەر هەلوێست و نوسینەکانم بەرامبەر پارتی بارزانی ،، بەتایبەت بەم دواییە و بە جدی ئامۆژگاری کراووم نەچمە هەولێر .
دەربارەی روداوەکانی تری پارتی بەرامبەرمان لە دەرەوە لە دەرفەتێکی تردا دەربارەی دەنوسم
تیبینی / بروانە نامیلکەیەکی 38 لابەرە لە نوسینی بەندە سەبارەت بە کارە تیرۆریستیەکانی رژێمی بەعسی عیراق لەئەوروپا و چالاکیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد ، کە بارتی رۆلی ئیجابی تیدا نەبووە ، 

 

سەرچاوە : ووتاری کورد