دوو قسه‌ ده‌رباره‌ی پێكهاته‌كان

 لەتیف فاتیح فەرەج

 

1. كه‌ریمی ئه‌له‌كه‌ مه‌سیحی بوو، خه‌ڵكی سلێمانی  و كورد زمان بوو، ئه‌و چونكه‌ پیاوێكی گه‌وره‌و ناسراوی شاره‌كه‌ بوو،پێگه‌و شوێنی شیاوی خۆی هه‌بوو، ئه‌مه‌ ناكاته‌ ئه‌وه‌ی نه‌یارو دژی نه‌بووبێت ، به‌ڵام پایه‌و توانا ئابوریه‌كه‌ی وای كرد له‌كابینه‌كه‌ی مه‌لیكی كوردستاندا جێگه‌ی شیاوی هه‌بێت و كه‌سیش نه‌یار نه‌بێت به‌وه‌ی ئه‌و وه‌زیر بێت ، یان كاربه‌ده‌ستی ئه‌و حكومه‌ته‌، مامۆستا قانعی شاعیر به‌ ناوی فریشته‌ی رۆزوو قوتی خوداوه‌ ده‌بێژێت :

پیاوه‌تیت ناكه‌م نه‌ڵێی مه‌له‌كه‌

ئه‌بم به‌ پیاوی كه‌ریم ئه‌له‌كه‌

مه‌سیحی و توركمان خۆیان شوێنی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌، سیاسه‌ت نه‌ك هه‌ر سیاسه‌تیان ده‌كات ، بگره‌ نه‌یاریشیان بۆ دروستده‌كات، لێیان گه‌ڕێن بائه‌و پێكهاته‌ كوردستانیانه‌ وه‌كی خۆیان بمێننه‌وه‌ و هه‌ر به‌و جۆره‌ جوانن.

2. ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی وڵاتێكه‌ یازده‌ نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌ی دیكه‌ی تیایه‌ ، زیاتر له‌ بیست ملیۆن كوردی تیایه‌، تا ئێستا له‌ ناوی كوردو كوردستان ده‌ترسێت ، چیرۆكی برازایه‌كم كه‌ ناوی كوردستانه‌جێی سه‌رنجه‌ له‌توركیا چ گێچه‌ڵیان به‌ ناوه‌كه‌ی كردوه‌ ، كاتی هات ده‌یگێڕمه‌وه‌، فاشیزمی تورك ناشرینترین فاشیزمی دنیایه‌، ئه‌ردۆغان له‌ هه‌موو شتێكی كوردی هه‌تره‌شی چووه‌ ، دێت له‌و پیره‌ هه‌ولێره‌ داوای حه‌ق و حقوقی توركمان ده‌كات و كاكه‌ی كوردیش ناوێرێ‌ پێی بڵێت كارداش ئه‌دی هه‌قی 25 ملیۆن كورد چی، ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان ده‌ستوه‌ردان و تێكبه‌ردانی پێكهاته‌كانی كوردستان و كه‌ركوك و عیراقه‌و هیچی تر.

3. توركمان و كلدۆ ئاشوری و ئه‌رمه‌ن و هه‌موو ئه‌و هاونیشتمانیانه‌ی له‌ كوردستان ده‌ژین مافی خۆیانه‌ نوێنه‌ریان له‌ پارله‌مان و حكومه‌ت و دام و ده‌زگانی ئه‌م هه‌رێمه‌ كه‌له‌لایه‌ی خۆماندا هه‌بێت، كه‌من لاموایه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ هه‌موو كێماسیه‌كیه‌وه‌، هه‌بوون و پاراستن و مانه‌وه‌و به‌هێزكردن و به‌ دیموكراتی كردنی ئه‌ركی تاك به‌ تاكی هاوڵاتیانی هه‌رێمه‌ به‌ توركمان و پێكهاته‌كانی دیكه‌شه‌وه‌، تا ئێره‌ به‌ هێزتر بێت ئه‌وانیش به‌هێزتر ده‌بن، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی خۆیان بن، جیاكردنه‌وه‌یان به‌ لیست و كۆتاو هه‌ڵاوێردكردنیان له‌ هاونیشتمانیانی كورد بچوك نیشاندان و به‌ كار هێنانیانه‌ له‌ لایه‌ن لایه‌نه‌ كوردیه‌كانه‌وه‌، ئیدی هه‌ر لایه‌نێك بێت ، وه‌ك چۆن كوردی خزاو له‌ توركیا ئاكه‌په‌ به‌ كاریان دێنێت، تۆ بڵێی تا ئێستا له‌وه‌ تێنه‌گه‌یشتبن .

4.سه‌دان ساڵه‌ له‌ كفری ، هه‌ولێر، كه‌ركوك توركمان و كورد و ئه‌وانی دیكه‌ پێكه‌وه‌ ده‌ژین ،تا سیاسه‌ت به‌مجۆره‌ی ئێستا سه‌ری هه‌ڵنه‌دابوو له‌ بزوتنه‌وه‌ چه‌كداریه‌كانی كوردا دژی سته‌می ده‌سه‌ڵاتی عیراقی ده‌بونه‌ پێشمه‌رگه‌و شه‌ڕوان، له‌ بۆنه‌و ئاهه‌نگ و جه‌ژنی یه‌كتردا به‌شداریان ده‌كرد، له‌ زۆر بۆنه‌و جوامێریدا پێكه‌وه‌ بوونه‌، چیرۆكی عه‌له‌ به‌ستێ‌ و داكۆكی له‌ كوردو توركمانی كه‌ركوك چیرۆكێكی باوی نێو كه‌ركوكه‌ ، فاشیزمی تورك  رۆڵی گه‌وره‌یان له‌ تێكدانی په‌یوه‌ندیه‌كه‌دا هه‌بووه‌ ، هه‌ر كه‌س درێژه‌ پێده‌ری ئه‌و سیاسه‌ته‌ی توركیا بێت خزمه‌ت به‌و فاشیزمه‌ ده‌ره‌كیه‌ ده‌كات و به‌ پێی ده‌ستوری عیراقی هه‌قی لێپرسینه‌وه‌و سزای هه‌یه‌.

سەرچاوە : خەندان