دوو به‌رهه‌می دیكه‌ چووه‌ سه‌ر خه‌رمانی كۆبه‌رهه‌می مام جه‌لال

له‌ چوارچێوه‌ی (پرۆژه‌ی كۆبه‌رهه‌می مام جه‌لال) و له‌ پێنجه‌مین ساڵیادی ماڵئاوایی، مه‌كته‌بی گه‌شه‌پێدانی بیرو هۆشیاری دوو به‌رهه‌می دیكه‌ی چاپ و بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی نووسراون.
كتێبی یه‌كه‌م دوو به‌رگه‌ به‌ناونیشانی (الهم الوطنی في خطابات وبیانات الرئیس مام جلال) كه‌ سه‌رجه‌م وتار و به‌یاننامه‌كانی مام جه‌لالی له‌ نێوان ساڵه‌كانی 2003 بۆ 2012 تێدایه‌و له‌ ئاماده‌كردنی محه‌مه‌د شێخ عوسمانه‌.
كتێبی دووه‌م به‌ناوی (كردستان والحركة‌ القومیة‌ الكردیة‌)یه‌ كه‌ به‌ ده‌روازه‌یه‌كی گرنگ داده‌نرێت بۆ تێگه‌یشتنی شه‌قامی عه‌ره‌بی له‌ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی كورد دوور له‌ دیدی شۆڤینیه‌ت و ده‌مارگیری و چاوه‌شه‌كاری عروبی.
پێشتریش مه‌كته‌بی گه‌شه‌پێدانی بیرو هۆشیاری هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی هه‌مان پرۆژه‌دا ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ی لای خواره‌وه‌ی چاپ و بڵاو كردۆته‌وه‌:
1- أغد دیموقراطی وحرمان شعب حتی من حق الحلم؟ كه‌ وه‌ڵامێكه‌ بۆ هێرشی شۆڤینییه‌كانی به‌ناو دیموكراتی خوازی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی ئه‌وكات.
2- الجبهه‌ الوطنیه‌ المتحدة‌ (ضرورتها، طبیعتها، أهدافها، مستلزماتها). كه‌ باس له‌ پێناسه‌و گرنگیی و ئامانج و پێداویستییه‌كانی به‌ره‌ی نیشتمانیی یه‌كگرتوو ده‌كات.
3- به‌ره‌ی نیشتمانیی یه‌كگرتوو (زه‌روره‌تی، سروشته‌كه‌ی، ئامانج و پێداویستییه‌كانی – له‌ وه‌رگێڕانی ئه‌كبه‌ر حه‌سه‌ن و پێشه‌كی و پێداچوونه‌وه‌ی نه‌جمه‌دین فه‌قێ عه‌بدوڵایه‌.
سه‌رۆك مام جه‌لال جگه‌ له‌ مێژووی پڕ له‌ خه‌بات و تێكۆشان و رۆڵی سیاسی به‌رچاوی له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستانی و عێراقی و هه‌رێمایه‌تی و جیهانی، گه‌نجینه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌ نووسین و كتێب و به‌رهه‌می سیاسیی و فیكریی جۆراو جۆری به‌ زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی و چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌وانی جێهێشتووه‌.
پرۆژی كۆبه‌رهه‌می مام جه‌لال-یش كه‌ لایه‌ن هه‌ڤاڵ نه‌جمه‌دین فه‌قێ عه‌بدوڵا ده‌ستپێشخه‌ری بۆ كرا، له‌ مه‌كته‌بی گه‌شه‌پێدانی بیرو هۆشیاری له‌ 26/4/2021ه‌وه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌ و بڕیاره‌ سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی له‌خۆبگرێت و له‌ ئێستاشدا چه‌ندین به‌رهه‌می دیكه‌ی ئاماده‌ی چاپ كردنه‌.  

 

سەرچاوە: knwe