د. ئازاد ئەحمەد عەلی
پێویستە لە پاش زریانەکەی رووخانی رژێم لە دیمەشق، کۆمەڵێک راستیی مێژوویی و وێستگەی جومگەیی سیاسی بەبیر بهێنینەوە کە لە پێکهاتنی سووریای مۆدێرندا بەشداربوون. یەکەمیان، پێش جەنگی یەکەمی جیهانی و سەپاندنی ماندەیتی فەرەنسا بە سەریدا هیچ قەوارەیەکی سیاسی بەناوی سووریاوە بەم سنوورەی ئێستای یان نزیک لەم پانتاییە بوونی نەبووە. هەندێک ناوچەی جوگرافیایی بەم ناوە هەبوون، بەڵام هیچ یەکێکیان قەوارەی سیاسیی خاوەن قورسایی دیمۆگرافیایی نەبوو. چونکە لە سەدەی حەوتەمی پێش زایینەوە کۆمەڵگە کۆنەکانی سووریا بەدەست شەڕ و کۆچ و پاشکۆیی هەژموونی ئیمپراتۆریاکانی دراوسێی وەک یۆنانی/ گریکی و ئێرانییەوە دەناڵێنن و بچووک دەبنەوە. نامانەوێت بۆ قۆناخێکی پێش ئەمە بگەڕێینەوە، چونکە لەڕووی سیاسی و زانستییەوە کارێکی بێ هوودەیە. پاشان کۆمەڵگەکانی ئەم ناوچەیە تا رادەیەک بە دەستی سەرکوتینەوەی رۆمانی و دواتر بیزەنتییەوە ناڵاندوویانە و، ماوەی شەڕەکانی لە ناوچەکەدا درێژتر بوون و لە سەردەمانی ئاشتی زیاتر بوون. لە سەردەمی حوکمڕانیی ئیسلامدا زۆربەی ناوچەکانی سووریای ئێستا بە وڵاتی شام دەناسران. کۆمەڵگەکانیان ئازادی و سەقامگیرییەکی رێژەییان بینی، بەو پێیەی کە تا کۆتایی سەردەمی عەباسییەکان، وەک زۆربەی سەرچاوە ئیسلامییەکان ئاماژەی بۆ دەکەن، زۆرینەی دانیشتووانی کریستیان بوون، بەڵام سەرکوت دەکران و لەلایەن حوکمڕانانی خۆجێی و ئاغاکانیان لە پایتەخە دوورەکان ئایینەکە بەکاردەهێنرا، داگیرکەرانیش هەمان شتیان دەکرد. ئەوە بوو پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و دیمۆگرافیایی شام لە ئەنجامی شەڕەکانی فەرەنجەکان شێوا.
ئەوەی دەمانەوێت وەک زانیاریی کورتکراوەی مێژوویی بیخەینەڕوو، پێشەکییەک بۆ ناسینی سیماکانی دروستکردنی سووریا و چوارچێوەی گەشەی سیاسییەتی، لەبەر ئەوەی رووداوەکانی ئێستا درێژەی رابردوون و بەرهەمهێنانەوەین. بە جۆرێک دروستکردنی سووریای هاوچەرخ لە نۆرمەکە دەرنەچووە و، شەڕ لە داڕشتنی پێکهاتەکەیدا بەشدار بوون و، بەو شەڕە لەدایکبوو کە بە (شۆڕشی عەرەب) دەناسرێت و، لە جەوهەردا بزووتنەوەیەکی چەکداری بوو ئەفسەرانی عەرەبی عوسمانی لە ژێر ئاڵای فەیسەڵی کوڕی شەریف حسێن دژی سەڵتەنەی عوسمانی و، لە هەمان کاتدا بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئینگلیزەکان، دەیانکرد. دوور لە واتە و هێمایەتیی ئەم شەڕە، شەڕێک بوو بنەماڵەیەکی حیجازیی دەرەوەی سووریا سەرکردایەتیی دەکرد و، بەڵگەیەکی روونیش بوو لەسەر بێتوانایی کۆمەڵگەی ئەو کاتەی سووریا لە پێکهێنانی سەرکردایەتییەکی مەدەنیی یەکگرتوو و بەهێز بۆ ئەوەی بەناوی پێکهاتەکانیەوە کار بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و سەروەری بکات. سەرەڕای ناکۆکی لە رێبازی نووسینەوەی مێژووی هاوچەرخی سووریا، رێککەوتنێک لە سەر ئەوە هەیە کە لایەنی مەدەنی و سیاسی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لە گشت ناوچەکانی سووریا لە حوکمی نەبوو بوو و، ئەگەر بە ئاستێکی رێژەیی و بۆ ماوەیەکی کورت لە دژی داگیرکاری – ماندەیتی فەرەنساییدا دروست بووبێت، بەرخودانەکە هاوشان بووە لەگەڵ مشتومڕێکی دوورودرێژ لەسەر چەندین بابەتی جەوهەری، وەک ناسنامەی کۆکەرەوەی سووریایی و گواستنەوە لە حکومەتە خۆجێیەکانەوە بۆ حکومەتێکی ناوەندی لە دیمەشق. بۆیە لە ساڵانی (1918-1920)دا دیمەشق پایتەختی سووریا بووە، پاشان حەلەب بووە نە پایتەختی سێ حکومەتی فیدراڵ، کە بریتی بوون لە دەوڵەتکەکانی: دیمەشق و حەلەب و عەلەوییەکان لە ماوەی ساڵانی (1920-1922).
بەڵام ئەوەی ساخ بووەتەوە ئەوەیە کە رێککەوتنی نێوان بەریتانیا و حکومەتی تورکیای کەمالیست، هاوشان لەگەڵ شارەزایی و نەرمی نواندنی سەرۆک شوکری قوەتلی (1891 - 1967) رۆڵی لە چەسپاندنی نەخشەی سووریا و لوبنان بەو شێوەی ئێستای هەبوو و، بەبێ هاوکاری بزووتنەوە سیاسییەکان و کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات لەگەڵ سەرۆک قوەتلی، شەڕی نێوان خەڵکی راپەڕیو و پۆلیسی سەر بە حکومەتی دیمەشق لە جەزیرە کۆتایی نەدەهات. ئەو راپەڕینەی ساڵانی (1933 - 1946) داوای سەربەخۆیی/ ئۆتۆنۆمیی دەکرد. واتە، ئەستەم بوو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات چ لە رووی خاک و چ لە رووی کۆمەڵگەوە، بەبێ باوەڕ بە هاوبەشییە کۆمەڵایەتییەکان و هەوڵی هاوبەشیی سیاسیی نیشتمانی، دوای کشانەوەی هێزەکانی فەرەنسا و بەریتانیا لە ساڵی 1946دا، بچنە پاڵ دەوڵەتی هاوچەرخی سووریا.
دەبێت ئەوەشمان لە بیر بێت کە ژیانی سیاسی لە سووریا پاش سەربەخۆیی، بریتیبوو لە زنجیرەیەک شەڕی دەرەکی و ناوخۆیی. شەڕی فەڵەستین لە ساڵی 1948دا هەڵگیرسا و بووە مایەی شەڕی ناوخۆ لەسەر دەسەڵات. سەربازەکان کەوتنە ململانێ لەسەر دەسەڵات و رێگەکانی خۆ پڕچەککردن، جگە لە باسی پرسی چارەنووسساز کە وەرگرتنەوەی فەڵەستین بوو. ناکۆکییەکان لە ململانێ ناوخۆییەکانی ناو باڵەکانی سوپادا بەرجەستە بوون و، تەقینەوە بە کودەتاکەی ئەفسەری کورد حوسنی زەعیم لە ساڵی 1949دا و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە دیمەشق لە یەکەم کودەتای سەربازیدا. لەگەڵ بزووتنەوەکەی ئەودا و لە سەردەمی حوکمڕانییەکەیدا، ململانێی تووند لەسەر دەسەڵات گەرم بوو و چەندین رەنگی نەتەوەیی و تائیفی و ناوچەیی سووریای بەخۆیەوە بینی. چەند مانگێکی نەبرد کودەتا لە دژی زەعیمیش ئەنجام درا و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانەکەی موحسین بەرازی کە کەسایەتییەکی مەدەنیی خاوەن دکتۆرا لە یاسا و هەردووکیان کەسایەتیی دیاری شاری حەما بوون، راستەوخۆ بە دارەوە کران. رووداوەکە خوێناوی بوو و پاشخانی سیاسی و ململانێی نەتەوەیی هەبوو تا ئەو رادەیەی بەشێک لە رۆژنامەکانی دیمەشق لەو رۆژەدا "کۆتایی دەسەڵاتی کورد لە دیمەشق"یان راگەیاند.
بەم بۆنەیەوە، لەگەڵ رێزمان بۆ گشت ئەو بۆچوون و گفتوگۆیانەی وەک کاروانی ئاشتەوایی و خۆشەویستی و تەبایی باسی مێژووی سووریا دەکەن، ئەو راستییە پەسند دەکەین کە لە سەرەتای سەربەخۆییەوە، تەنانەت پێشتریش، ململانێی سیاسی لەنێوان نوخبە دەسەڵاتدارەکان لەسەر بنەمای نەتەوەیی و تائیفی و ناوچەیی گەرم بووە و، تا گەیشتنی حافز ئەسەد بە دەسەڵات لە ساڵی 1970دا بەردەوام بوون و، ئەم بە ئەنجامدانی لەسێدارەدان دژی نەیارەکانی و قۆرخکردنی تەواوی دەسەڵات و داهاتی نیشتمان، رەهەندێکی مەترسیدارتری بە تووندوتیژیی سیاسیی ناوخۆیی و شەڕەکانی بەخشی، تا گەیشتن بە دەسەڵاتی رەها. ئەوە بوو دەزگاکانی سەرکوتینەوە کە لە لایەن ئەوەوە فراوانتر و گەورەتر کران، دڕندەتر بوون و کۆمەڵگەی سووریایان شێواند و خواردیان. دوای مردنیشی، بەشاری کوڕی لە ساڵی 2000دا بە پشتیوانیی ئاشکرای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (کە هەڵوێست و خواستی روونی خۆی بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ دەربڕی) جێی گرتەوە. تا ئەو کاتەی وەرچەرخان و پێشهاتێکی دیکەی مەترسیدار لە رەوتی شەڕی ناوخۆی سووریا رووی دا و لە ئەنجامی چەوساندنەوەی کۆمەڵگەکانی سووریا و، وەک بەدەنگەوە هاتنی گۆڕانکارییەکانی بەهاری عارەبان و دەستوەردان و ململانێ دەرەکییەکان لە دوای ساڵی 2011دا، ئەو ئاگرەی لە بن کا بوو سەریهەڵدا و تەقییەوە.
سەرەڕای ئەوە ململانێکە خوێناوی بوو و، بە شێوەیەکی دڕندانە سەرکوت دەکرا و درێژەی کێشا، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، سەربازی و سیڤیل، لە چەند رۆژی رابردوو نەبێت نەیانتوانی شەڕەکە یەکلابکەنەوە و بەسەر دەسەڵاتدا زاڵ ببن. ئەوەتا ئەو شەڕەی هەتەشە و هاوپەیمانەکانی سەرکەوتوو بوو لە (بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ژێر ناوی بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژی)، کە لە 26ی تشرینی دووەم دەستیپێکرد و، تاوەکو رووخاندنی رژێم و شکستپێهێنانی سەرکردەکانی لە بەرەبەیانی 8ی کانوونی یەکەمی 2024 بەردەوام بوو. هەموو جیهان بەم دەرئەنجامە خێرا و یەکلاکەرەوەیەی شەڕەکە سەرسام بوو. زۆربەی چاودێران وای بۆ دەچن کە دوا ئەڵقەی ئەو شەڕە بەردەوامەی سووریا بێت کە دەیان ساڵە بەردەوامە. بەڵام تۆ بڵێی ئەوان راست بن؟ ئایا ئەمە بەدی دێت؟ ئایا تا چ رادەیەک لە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ بۆ ئاشتیی کۆمەڵگەیی و دامەزراندنی سیستمێکی مەدەنی سەرکەوتوو دەبن؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن ئەمڕۆ هەموو سوریاییەک لە پاڵ دەیان پرسیاردا دەیکەن.
هەر چۆنێک بێت و پێش بەشداری لە وەڵامدانەوەیاندا و وەک هەڵسەنگاندنێکی سەرەتایی، خاڵی جیاکەرەوی ئەم شەڕە کورتخایەنە ئەوەیە کە دەستکەوتێکی سیاسیی گەورەی کەموێنەیە لە مێژووی هاوچەرخی سووریادا. بێ گوێدانە ئاڵۆزییەکان و، رادەی سپۆنسەریی لایەنانێکی زۆر بۆ پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات و، هەوڵدان بۆ دروستکردنی زەمینەیەک بۆ لێکتێگەیشتنی نێوان هێزە کاراکانی ناو سووریا و، بۆ رێگری لە دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ. هێشتا ترس لەو پرۆسەی گواستنەوەی سیاسییەی هەتەشە و حکومەتە بەپەلە پێکهێنراوەکەیەوە بە سەرۆکایەتیی محەممەد بەشیر، هەیە.
ئەوەی گرنگە بۆ ئەو کەسەی بە چاوێکی سیاسی و وردەوە رووداوەکان دەخوێنێتەوە و، بۆ ئەوانەی بە عەقڵیەتێکی ئاوێتە و دینامیک رووداوە گرنگەکە بەراورد دەکەن، ئەوەیە کە ئەم گۆڕانکارییە لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی خەباتی سیاسیی نیو سەدە رووی داوە و، بەرهەمی کاری بێوچانی چەندین نەوەی شۆڕشگێڕانی سووریایە کە هەموو شتێکیان بەخت کرد و سەر و ماڵیان بەخشی لە پێناو گۆڕینی ئەم رژێمە ستەمکارەدا. هەروەها گرنگه هەڵسەنگاندنی بابەتی بۆ پرۆسەی بنبڕکردنی رژێمی ستەمکار بکرێت، بە جۆرێک کە لە ئاستی گرنگییە سیاسییەکەیدا بێت. هەروەها پێویستە لە سرووشتی راگوزەری گرتنە دەسەڵات لە لایەن هەتەشە و هاوپەیمانەکانی بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع تێبگەین، چونکە سەرکەوتنەکانیان خۆی لە کۆتاییهێنان بە یەکێک لە خراپترین رژێمە سەربازییە سەرکوتکار و شۆڤێنی و تائیفیەکانی ناوچەکە و جیهاندا دەنوێنێت. پرسیارێکی رەواش دەمێنێت سەبارەت بە توانای دەسەڵاتی نوێ لە هەمان کاتدا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکانی سووریا و چاندنی تۆوی ئاشتی کۆمەڵگەی. ئایا بە راستی ئەم شەڕە کۆتایی شەڕەکانی سووریا دەبێت یان سەرەتای زنجیرەیەک شەڕی نوێ دەبێت؟
گومانی تێدا نییە کە قۆناخی راگوزەر زۆر ئاڵۆزە و، کارەساتەکەی سووریاش لە جیهاندا بێ وێنەیە. بۆیە سەرکەوتن لە کۆتاییهێنان بە شەڕەکانی سووریا پێویستی بە پشتبەستنە بە نەگۆڕە سەلمێنراوەکانی وەک سەروەریی یاسا و رێزگرتن لە تایبەتمەندی و هەمەجۆریی پێکهاتە خۆجێیەکان و، کارکردن بۆ دابینکردنی مافەکانیان بە مافی خۆبەڕێوەبردنیشەوە، ئەمە جگە لە فەراهەمکردنی ئازادییە گشتییەکان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ. بەدیهێنانی ئەمە لەم ساتەوەختەدا سەختە، بەڵام ئەگەر سەرکردایەتیی قۆناخی راگوزەر لە دەستەبژێری نیشتمانی پێکبێت کە نیوەیان دانا و نیوەکەی دیکە فریشتەبن، واتە پێویستە بە شارەزایی نیشتمانی راستگۆ لەگەڵ دەستەبژێری سیاسیی پاک و خانەدان و لە سەرووی دۆخی ریزبەندی و رق، کۆبکرێنەوە. کە لە کۆمەڵگەکانی سووریادا ئەمانە زۆرن. ئەگەر نا، ئەوە رێنوێنەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە شەڕی رووخاندنی دەسەڵات لە دیمەشق یەکەم شەڕی سووریا دەبێت لە کاروانێکی دوورودرێژی پشێوی کە ئەوەی لە وڵاتەکە ماوەتەوە لەناو دەبات و ئەو بەشەی کۆمەڵگە کە ماوە، ئەویش دەربەدەر دەکات. دەبێتە سەرەتای ئەو ململانێ ناوخۆییانەی کە تەنیا بە وێرانکردنی تەواوی وڵات و گۆڕینی بۆ خاکێکی رووت کۆتایی دێت و رەنگە تا رادەیەک گوتەی: خاکێکی بێ گەل، بەدیبهێنێت.
سەرچاوە : ڕووداو