دوا مۆدێلی تاوانی سیاسی هەڵبەستراو

لەتیف شێخ مستەفا

 

لە رونكردنەوەیەكدا ئاسایشی زاخۆ دەڵێت (ئیسلام سەعدی) لەسەر ئەوە گیراوە گوایا تیكەڵی چەكدارانی پارتی كریكاران بووە، بە ماددەی یەكی یاسای ژمارە ۲۱ ساڵی ۲٠٠۳ راگیراوە كە تیكدانی ئاسایشی هەرێمە. 

ئەگەر هەر لەسەر ئەوەی تیكەڵ بووبێ لەگەڵ چەكدارانی ئەو حیزبە گیرابێ وەك بەیاننامەكەی ئاسایش دەڵیت؟ مایەی پرسیارو سەرسوڕمانە، هەرچەندە لەم هەرێمە هیچ شتیك مایەی سەرسوڕمان نەماوە.

نازانین لەكەیەوە تیكەڵی چەكدارانی پارتی كریكاران بووە بەتاوان؟ نەمان بیستوە یاسای سزادان یان ئەو یاسایەش ئاماژەیان پێداوە شتیكی وای تیدابێ، بنەما یاساییەكەش دەڵی (هیچ تاوانیك بەتاوان دانانرێت ئەگەر لە كاتی ئەنجامدانیدا لەناو یاسا كارپێكراوەكاندا دیاری نەكرابێت كە تاوانە).

جا كەوابێت  لەسەر تیكەڵبوونی چەكدارانی ئەو حیزبە گیرابێ دەبێ سەدان هەزار خەلك بگیرێن كە ساڵەنە ڕوو لە قەندیل دەكەن‌و لەگەڵ گەریلا جەژنی نەورۆز پیرۆز دەكەن. ئاخر ئەوە لەسەردەمی بەعسیش بە بەعسێتی خۆیەوە تاوان نەبوو. زۆربەی خەڵكی شارەكان دەچوونە ناوچەكانی ژیر دەستی پێشمەرگە بۆ مواجەو بینینی كوڕو خزم‌و هاوڕێ پێشمەرگەكانیان‌و كە دەهاتنەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی حكومەت نەیدەگرتن بەتۆمەتی تیكەڵبوون لەگەڵ مخربین وەك خۆیان وەسفیان دەكردن.  

ئەم پاشەكشیانە لە ئازادی‌و دروستكردنی تۆمەتی داتاشراو عاقیبەتی باشی نابێت تەنها مەسەلەی كاتە.

تێبینی ژمارەی یاساكە ۲۱ ساڵی ۲٠٠۳یە نەك وەك ئەوەی ئاسایش لە بەیاننامەكەیاندا ئاماژەیان پێداوە، چونكە یاسای  ژمارە ۲۳ ساڵی ۲٠٠۳ یاسای دەرماڵەی منداڵبوون‌و دایكایەتییە.

 

سەرچاوە : ژیان