داڕشتنەوەی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

 

 

 

 

محه‌مه‌د خۆشناو

 

لەساڵی (2001)دا ڕاپۆرتێکیان خستەبەردەم (جۆرج بۆشی کوڕ) خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی بەم شێوەیە وەسف کردبوو : «دەریای شەپۆڵی هاروهاجە کە گەرداوەکان خۆیان پێکدادەدەن» ، پێشتریش « هێنری کیسنجر »ی هزرمەندی سیاسی و وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا ، بەو ناوچەیەی ئێمەی تێدا دەژین ، گووتبوو : ( گابەردێکە لە لووتکەی چیاوە هەڵدەدێرێت) دەبێت سەرۆکی (47)مینی سەرەتای ساڵی نوێ چۆن وەسفی ئەم ناوچەیە بکات ! ناوچەیەک بە بەردەوامی لە ململانێی جیوسیاسیدا دەژیت ، دەیان جار باسی داڕشتنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە زاری بەرپرسە باڵاکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی کراوە ، كە دوایینیان « بنیامین ناتانیاهۆ »ی سەرەک وەزیرانی ئیسرائیل بوو کە لە گووتارەکەی  لەبەردەم کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێی خستەڕوو.

لەساڵی (2003 )ش جۆرج بۆشی سەرۆکی ئەمەریکا لە گووتارێکیدا لەبەردەم پەیمانگای ئینتەر پرایز-ی ئەمەریکی لە واشینتۆن پێشکەشکرد کە تێیدا ڕایگەیاند : جەنگی عێراق دەبێتە پێشەکی بۆ گۆڕانکاریکردن لە نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها (گۆندولیزا ڕایس) ی وەزیری پێشووتری ئەمەریکا  باسی لە « ژانی لە دایکبوونێکی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست »ی دەکرد و ، هەر دوای ئەویش پلانی ئەمەریکا بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆبوونەوەی ئەندامانی پەیمانی ناتۆ گفتوگۆی لەسەرکرا ، بەڵام زۆرینەیان ڕەتیانکردەوە بەتایبەتی بەریتانیا کە هەمیشە تەحەفوزی هەبووە لە داڕشتنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست  ، بابەتی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هی ئەوڕۆ نیەو کۆنە، بەڵام ئەمجارە بەشێوەیەکی گەرم لەئارادایە و مشت و مڕی لەسەر دەکرێت.

بە بۆچوونی من لەم نەخشە نوێیەدا  جێگای میلیشیا چەکداری لێنابێتەوە و ئیسرائیل دەبێتە تاکە زلهێزی ناوچەکە کە بەشدار دەبێت لە پێشنیار و بڕیاردان لە وڵاتانی ناوچەکە و ، ئەگەر لوبنان بە نموونە وەرگرین کە شێوەی لەو داڕشتنە نوێیەدا چۆن دەبێت ؟ بەپێی پڕۆژەی سایکس-پیکۆ-با دەبا دەوڵەتی لوبنان تەنها ماڕۆنیەکانی لێبا بۆ ئەوەی لە ڕووی بیر و کلتوور و ڕۆشنبیری و دەوڵەمەندی بەروەڕووی ئەوروپا کرابایەوە ، بەڵام دواتر نەخشەی سیاسی ئەو وڵاتە گۆڕا لە بوونی موسڵمان بە شیعە و سوننە و هێزی مەسیحی و لێشاوی پەنابەری فەڵەستینی…تاد.

ئەمە وای لە ماڕۆنیەکان کرد کە سۆز و ئاراستەیان بەهێز بکەن بەرانبەر ئیسرائیل ، ئیسرائیلێک کە لە دەوڵەتی مارۆنی دەچێت ، بۆیە بەدوور نازانرێت کە چەکداری نوێی سەر بە ئیسرائیل لەو وڵاتە سەرهەڵبدات ، کە دواجار لوبنان ببێتە ئیسرائیل-ێکی نوێی هاوسێی ئیسرائیلی کۆن و دەوڵەتێک بێت خۆرئاوا پاڵپشتی بکات ، یان ئەوەتا لە لوبنان سەرکردایەتیەکی وا لەو وڵاتە پەیدا بێت کە باوەڕی بە پێکەوەژیانی تائیفی و سیاسی هەبێت و کۆدەنگیەکی نیشتیمانی دروستبکات و دیدگایەکی جیاوازی سیاسی هەبێت کە وڵاتەکە بێنێتە سەر ڕاستەڕێ ، بەگشتی دەتوانین ئەوە بڵێین کە بەهۆی ڕوودانی لێکەوتەکانی (تۆفانی ئەقسا) ئەو ناوچەیەی ئێمە دووچاری تەحدیاتی وا دەبێتەوە کە پێویستی بە سیاسەتە مامڵەی لەگەڵدا بکریت و خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە بکرێت .

 

سەرچاوە : شارپرێس