داواکاریم لە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان...

 

 

 

 

قەیسەر ڕەحمان 

 

''ململانێی مرۆڤ دژی دەسەڵات ململانێی یادەوەرییە لە دژی لەبیرچوونەوە''  (میلان کوندێرا)

 

پێش خستنەڕوی داواکارییەکە بفەرموون بە خوێندنەوەی ئەم بەسەرهاتە: هەفتەی ڕابردوو دیدارێکمان هەبوو بۆ کاندیدانی لایەنە سیاسیەکان بەبێ جیاوازی، بەتایبەتی بۆ کاندیدانی کچ و ژنی بازنەی پارێزگای هەڵەبجە، بانگهێشتکردن و ئاگادارکردنەوەی کاندیدان لە ئەستۆی بەندە بوو، پەیوەندیم بەیەکێک لە کاندیدە بەڕێزەکانەوە کرد، دوای چەند پەیوەندیەک وەڵامی دامەوە، باسم لە دیدارەکە و چالاکیەکانی کرد بۆی. ''پرسی ئێوە سەربەخۆن''؟ ووتم بەڵێ ئێمە لە ساڵی (٢٠٠٥) دامەزراوین سەیرە کە لەم شارەدا ژیاویت و نازانی دامەزراوەیەکی لەم شێوەیە لە شارەکەدا بونی هەیە! لە وەڵامدا وتی ''ببورە نازانیوە''، دواتر وتی ''بەیانی وەڵامی بانگهێشکەکەت دەدەمەوە''. ڕۆژی دوایی دەنگی نەبوو، ناچاربوم دووبارە پەیوەندی پێوەبکەمەوە، دوای نزیکەی چارەکێک گفتوگۆکردن بەڵێنیدا کە بەشداربێت لەگەڵماندا.

دوای سێ ڕۆژ پێش دەستپێکردنی دیدارەکە، ئەو کاندیدە بەڕێزە دیارنەبوو، پەیوەندیم پێوەکردەوە و پێموت کە دیدارەکە ئێستا دەست پێدەکات، بۆ هیچ دەنگتان نەبوو؟ لە وەڵامدا وتی '' نازانم تۆ باسی چی دەکەی، من ئاگام لە هیچ یەکێک لەو شتانەنییە کە تۆ باسیان دەکەی!'' زۆر هەوڵمدا کە بیری بخمەوە کە سێ ڕۆژ بەر لە ئێستا دوو جار قسەمان کردووە و بەڵێنت دا کە ئامادەبیت، بەڵام بێسود بوو هیچی لەبیر نەمابوو، کە خۆی چەند جارێک دوپاتی کردەوە کە بابەتکی وای لەبیرنییە.

لەبەر ئەوە داواکارم لەلایەنە سیاسیەکان کە پشکنینێکی رێژەی کارکردنی یادەوەری بۆئەو کاندیدانە بکەن کە گومانی لەبیرچونەوەیان لێدەکرێت، پێش ئەوەی کە بچەنە پەرلەمان، چونکە ئەگەر ئەو بەڕێزە بچێتە پەرلەمان و مانگێک لە هەولێر بژی، هەموو هەڵەبجە باوەڕی پێناهێنێت و باشترین دکتۆری جیهان ناتوانێت بیری بخاتەوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە هەڵەبجە ژیابێت، نەک ئەوەی کە هیچ یەک لە کێشەکانی هەڵەبجەی بیرمابێت.

لەڕاستیدا بیرچونەوە (Forgetting) یەکێکە لە گرفتە گەورەکان کە لە ئێستادا زۆر زیادی کردووە و بەشێک لە مرۆڤەکان بەهۆی زیادبونی سترێس و دڵەڕاوکێ و تێکچونی باری دەرونییەوە توشی بوون، کەسەکە توشی لەبیرچونەوە، بیركردنەوە و كەمی سەرنجدان دەبێتەوە، ئەمەش زۆر كات وایلێدەكات نەتوانێت بڕیار دەربارەی شتە سادەكانیش بدات.

دەزانم کە ''لەبیرچونەوە'' یەکێکە لە ستراتیجی کارکردنی بەشێک لەوانەی کە دەبن بەپەرلەمانتار و دەچنە پەرلامانی کوردستان، چونکە لە سەروبەندی هەڵمەتی هەڵبژاردندا کاندیدان سەردانی چەندین ماڵ دەکەن، تەنانەت ئەوماڵانەش کە تەنیا لە هەڵمەتەکاندا سەردانیان دەکەن و چەندین بەڵێنی نا لۆژیکیان پێدەدەن، بەڵام کە چونە پەرلەمان زۆر بە ئاسانی هەموو ئەو بەڵێنانە لەبیر دەکەن.

هەروەها ئەوەش دەزانم کە بە ئەزمونی چەند ساڵەی سیاسەت کارکردنتان ئەو بۆچونەتان بۆ دروست بووە کە خەڵکی ئەم هەرێمە زوو شتی ''لەبیردەچێتەوە'' بۆ نمونە دەڵێن ئەوەتا خەڵکی ( ئەنفال و کیمیاباران و گرانی و شەڕی براکوژی و بێکاری گەنجان و دواخستنی موچە...هتد) لەبیرچوەتەوە، ئێستا بەڵێن و لەبیرچونەوەی پەرلەمانتارێک چییە، هەربەیانی لەبیریان چوەتەوە.

بەڕێزان لایەنە سیاسیەکان گرنگە لە ئێستادا کار بکەن بۆ بەهێزکردنی یادەوەری ئەندام لایەنگرانتان چونکە بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە زۆر جیاوازە لە ساڵانی ڕابردوو، دوری بۆمەڕۆن ئەو پەتای لە بیرچونەوە تەشەنەبکات و ئێوەش لەبیربکرێن.

ڕاستە بەشێک لە هاوڵاتیان بارودۆخی نالەبار و پارە توشی لەبیرچونەوەی کردوون، بەڵام بەخۆشحاڵیەوە بەشێکی تر لەهاوڵاتیان یادەوەری خۆیان و ئێوە و ئەو هاوڕێیانەشیان دەنوسنەوە کە توشی لەبیرچونەوە بوون.