داهاتووی سوریا لە نێوان لۆژیكی شەرع و جۆلانی

 

 

داهاتووی سوریا لە نێوان لۆژیكی شەرع و جۆلانی

ره‌نگین عه‌بدوڵڵا  

‎دۆخی سوریا درامایەكی خێرا و جێگەی پرسیارە، لە پڕێكدا زۆر دیمەنی ناو پرۆسەی سیاسی گۆڕانی بەسەردا هات، روسیا و ئێران لە خاوەن ماڵەوە بوون بە میوان، بەشار ئەسەد لە فێڵێكی ئەمنیدا خۆی دەگەیەنێتە مۆسكۆ، بەرەی نوسرە و چەتری چەكداریی گروپە توندڕەوەكان لە وێنەی تیرۆرستێكی راكردو لە یاسا دەبن بە پاڵەوان و فریادڕەس، دیمەشقی گەمارۆدراو لە رووی دیپلۆماسیەوە دەبێت بە شاڕێگای شاند و نێردەی وڵاتان، لە ناو هەموو گۆڕانكارییەكاندا زەقترین خاڵ كە دەبێتە جێگەی سەرنج، گۆڕینی ناوی (ئەبو محەمەدی جۆلانی) یە بۆ (ئەحمەد شەرع).

گۆڕانی خێرا
ئەو گۆڕانە خێرایە لە كارەكتەری سەرۆكی ئەنجومەنی توندڕەوانی سوریا، كە پێشتر هەڵگری پاشناوێك بوو كە دەلالەتێكی جوگرافی هەبوو بۆ زێدی خۆی كە (جۆلان)یە و هێما بوو بۆ بەریەككەوتنێكی جیۆپۆلەتێكی ناسیۆنالیزمی ئایینی سوری لە بەرامبەر ئیسرائیلدا، لەچاو تروكانێكدا ئەم  نازناوە دەبێت بە (شەرع)، ئەمەش یەك مانا زیاتر هەڵناگرێت، ئەویش بەكارهێنانی پاشناوە وەك مانای رەمزی بۆ خوودسەپێنی و گەوجاندنی رای گشتی، ئەمە ئەزموونێكی لاواز و هەڵەی گروپە رادیكاڵەكانە كاتێك بە دەسەڵات دەگەن، لە رێگەی شتە رواڵەتییەكانەوە فەرمانڕەوایی خۆیان دەسەپێنن نەك پێشكەشكردنی ئەزموونێكی ناوازە و تازە.
‎وەك ئاماژەمان پێدا دیمەنەكان زیاتر رووكارن و شكڵیان لە فۆڕمی فریودانی ئایینیدا گرتووە، كشانەوەی شەرع لە تەوقە لەگەڵ خانمە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لە پاڵ گۆڕینی ناوەكەیدا، سوڕانەوە لەناو كۆمەڵێك گووتاری دژ بە یەك، هێشتنەوەی پەیكەری هێزەكەی بە هەمان هەیكەلی بەرەی نوسرە، پێمان دەڵێت كە تەنها ئەوەی لە شەرع و ئاراستە ئایینییەكەی گۆڕاوە دیوی دەرەوە و بوونە شكڵیەكەیەتی، بەدەر لەوە بە هەمان فكر و ئایدۆلۆژیای جارانەوە لەسەر ئەرزی واقیع سیاسەت دەكات.

دوالیزمی جەنگ و سیاسەت
جەنگاوەری پروسی (كارل فۆمن كلاوزفێتر) لە بارەی دوالیزمی جەنگ و سیاسەت، باوەڕی وایە هەردووكیان درێژكراوەی یەكترین، بەڵام بە ئامراز و میكانیزمی جیاواز، لەو شوێنەدا كە سیاسەت دەبێت بە درێژكراوەی جەنگ، دۆخی سوریا و ئەو گۆڕانە كتوپڕەمان دێنێتە یاد، كە شەرع لە ئەشكەوت و ژێرزەمین و تونێلەكانەوە دەبات بۆ ناو كۆشك و باڵاخانەكانی بڕیار، ئەم گۆڕانكارییە هێمای دەستبەرداربوونی جۆلانی نییە لە جەنگ و خۆ خەریككردنی بە سیاسەت وەك كلاوزفێتر دەڵێت، بەڵكو درێژەدانە بە جەنگی شەرع لە ژێر ناوی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و فەزڵی روخاندنی ئەسەد، هەمان ئایدیا و لە ژێر ناونیشانی جارانیش دەست دەكاتەوە بە جەنگەكەی خۆی، بەڵام كاتێك كەف و كوڵی سەركەوتنەكەی بەرەو كەمبوونەوە دەچێت.

بازنەی جەنگ و ململانێ
ئەوەی جۆلانی ناچار دەكات لەناو هەمان بازنەی جەنگ و ململانێدا بمێنێتەوە، بە تەنها دید و ئایدیۆلۆژیای پەڕگیر و خولیای جەنگ نییە، بەڵكو هۆكاری دیكەی زۆرن، لەوانە گرێبەستە سیاسییەكەی لەگەڵ دەوڵەتانی هەرێمیی و بەتایبەت توركیا بۆ درێژەدان بە شەڕی بەوەكالەت، چونكە شەرع ئەوەندەی لە پێناو توركیا دەجەنگێ و شەڕ و جەنگەكانی لەسەر خاكی سوریا بۆ یەكلایی دەكاتەوە، ئەوەندە بۆ خۆی و باوەڕەكانی شەڕ ناكات، ئەزموونەكانی پێشتریش لە روبەڕووبوونەوە لەبەرامبەر هێزی هەسەدە لە حەلەب و ناوچەكانی تر، دەیسەلمێنن تا توركیا ئۆپەراسیۆن و شەڕی بە وەكالەتی لە ناو خاكی سوریا بوێت، ئەوە شەرع و هێزەكەی ئامادەن، كەوابێت گرەوكردن لەسەر گۆڕینی شەرع بۆ ئاشتیخواز و دەوڵەتمەدارێك تەنها گرەوێكە خۆشباوەڕەكان بۆ داهاتووی سوریا دەیكەن.

رێگری لە گۆڕانی شەرع
‎دەركەوتنی كۆمەڵێك چەكداری بیانی لە میدیاكان كە لە ریزی سوپای نوسرەن (تەحریر شام) و عیراقی و ئۆزبەكی و شیشانین، رێگرییەكی دیكەی گۆڕانی شەرعە، ئەو چەكدارانە لە بنەڕەتەوە و لە رۆژگاری بەهاری عەرەبییەوە بۆ جەنگ هاتوون و ناشیانەوێت بڕۆنەوە، مانەوەیان  خواستی جۆلانی لەسەرە بۆ ئەوەی ببن بە قەڵغانی پاراستنی خۆی و بەهۆی تێوەگلانیان لە تیرۆریش توانای گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەكانی خۆیان نییە، وێنەی ئەم مانەوەیە نزیكمان دەكاتەوە لە هەمان سیناریۆی (ئەلقاعیدە) و (تاڵیبان)، كە ئوسامە بن لادن و موهاجیرەكانی دیكە، بوون بە خۆرەی سەری ئەفغانستان و خاڵی كۆتاییان بۆ قۆناغی یەكەمی تاڵیبان دانا، بەهەمان شیكاریش دەتوانرێت بوون و مانەوەی موهاجیرەكانی نوسرە لە سوریای دوای ئەسەد هەمان یاسای بەسەردا جێبەجێ بكرێت، بەوپێیەی ئەو پێكهاتەیە هەرگیز لە بوونیادنانی داهاتووی سوریا جێگەیان نابێتەوە.

شەرع و هەسەدە
‎كێشە گەورەكەی شەرع لە ئێستادا لەگەڵ هەسەدە، دروستكردنی سوپای یەكگرتووی سوریا و یەكپارچەیی خاكەكەی نییە، بەڵكو وەرگرتنەوەی زیندانییەكانی داعشە، كە ژمارەیان دوانزە هەزار كەسی تێپەڕاندووە، ئەم مكوڕبوونەی جۆلانی لە وەرگرتنەوەی زیندانییەكان، ئەگەر بەشێكی فشاری توركیا بێت بۆ ئەوەی وەك كارتی گوشار لە بەرامبەر ئەمەریكا و ئەوروپا بەكاریان بێنێت، ئەوە دیوێكی دیكەی خواستی جۆلانی خۆیەتی، بۆ ئەوەی لە پێناو مانەوەی خۆی و بە بارمتەگرتنی چەكدارە زیندانییەكانی داعش، هەمیشە وەك هەڕەشەیەك بمێنێتەوە و بەهۆی ئەو كارتە بەهێزەوە جەنگ و پاڵەوانییەتی و سەركەوتنێكی تریش بباتەوە.

سەرچاوە : میدیای درەو