د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ كەسایەتییەكی گەورەی نیشتمانیو زانایەكی مەزنی بوارەكانی ئەدەبو زمانو مێژووی كوردستانە. لەو بوارانەدا خزمەتێكی زۆری بەگەلو نیشتمانەكەی كردووە.
ساڵی 1934 لەگەڕەكی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایك بووە، لە ئامێزی خانەوادەیەكی رووناكبیرو كوردپەروەردا گەورە بووە.
قۆناغەكانی خوێندنی لەسلێمانیو بەغداو دیمەشقو باكۆو مۆسكۆ تەواو كردووە.
دكتۆرای ناوكی بەدەستهێناوەو ساڵانێكی زۆر لەزانكۆكانی عیراقو كوردستان خزمەتی كردووەو سەرپەرشتی دەیان نامەی ماستەرو دكتۆرای كردووەو دەیان مامۆستا لەسەردەستی ئەو بڕوانامەی بڵندیان وەرگرتووە.
بوارەكانی نووسینو رۆژنامەوانی مەیدانی سەرەكی كاری ئەو بوون، قەڵەمێكی دیارو سەنگینی ئەو بوارانە بووە، خاوەنی زیاتر لە90 كتێبی چاپكراوەو دەیان وتارو لێكۆڵینەوەی زانستییە.
لەبواری رێكخراوەكانی كۆمەڵی شارستانیدا، رۆڵی دیارو پێشەنگی هەبووە، ساڵی 1969 لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا یەكێتیی نووسەرانی كوردیان دامەزراندووە، ساڵانێكی زۆر لەلوتكەی بەرپرسیارێتی ئەو رێكخراوەدا بووەو خزمەتێكی زۆری بەرشتەكانی ئەدەبو رۆشنبیریی كوردی كردووە.
لەبواری كاری پەرلەمانیشدا شوێن پەنجەی دیارەو لەساڵی 1992 لەسەر لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە ئەندامی پەرلەمان، پەرلەمانی كردە سەكۆی بەرگری لەمافەكانی ئازادیو ئاشتیو رادەربڕین، هەروەها لەو دەزگا تەشریعییەوە خزمەتێكی زۆری بەكایەكانی كەلتووری كوردستان كردو شوێن پەنجەی بەدارشتنی چەندین یاساوە لەبوارەكانی رۆژنامەگەریو چاپەمەنی دیارە كە لەگۆشەنیگای باوەڕبوون بەئازادی بیروڕاوە دەركراون.
لەبواری سیاسیشدا،رۆڵی دیارو پێشەنگی بینیوەو لە كۆتایی چلەكانی سەدەی رابردووەوە لەریزەكانی حزبی شیوعی عیراقدا خەباتی كردو لەو كاروانی تێكۆشانەدا تووشی راونانو گرتنو چەرمەسەری زۆر بۆوە، بەڵام کۆڵی نەداو تا دوا رۆژەكانی ژیانی لەسەر بیروباوەڕی كۆمۆنیستی مایەوەو بەشانازییەوە بەرگریی لێكرد.
وەک رێزلێنان لە بەرھەم وبەخششە ئەدەبییەکانی، ساڵی 2009 خەڵاتی بلەی پێبەخشرا.
ئەم كەسایەتییە ناودارەی كوردستان، پاش خزمەتێكی زۆر لەكایەكانی سیاسەتو ئەدەبو زمانو مێژوو و رووناكبیری، لە رۆژی 3ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2019، بۆ دواجار چاوەكانی لێكناو چووە دنیای نەمرانەوەو لەگردی سەیوانی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.
درود بۆ گیانی پاكو پیرۆزی د. عیزەدین، شاسواری بواری ئەدەبو خەباتگێڕیی بیری نوێو پێشكەوتنخواز.
خەلیل عەبدوڵڵا
سەرچاوە: galawej