خەڵاتی هونەریی نەمسا بۆ ساڵی 2022 بەخشرا بە لابۆری شانۆی لالش

وەزارەتی فیدراڵی نەمسا بۆ هونەر، کلتور و خزمەتگوزاری گشتی و وەرزش، خەڵاتی هونەریی نەمسای بۆ ساڵی 2022، بەخشییه‌ لابۆری شانۆی لالش.
هەڵبژاردنی لابۆری شانۆی لالش بۆ ئەم خەڵاتە، لەلایەن لیژنەیەکی حەفت کەسیی ئەو وەزارەتەوە بووە.

ئەم خەڵاتە ساڵانە لەسەرتاسەری وڵاتی نەمسادا تەنها بە یەک ماڵی هونەری و کلتوری دەبەخشرێت.

بەخشینی ئەم خەڵاتە دەگەڕێتەوە بۆ پێگە و پرۆژەی داهێنان و ئەزموون خزمەتی هەردوو هونەرمەندی کورد نیگار حەسیب قەرەداخی و شەماڵ عومەری هاوسەری، لە لابۆری شانۆی لالش دا.

لە داهاتووێكی نزیکدا بەشێوەیەکی فەرمی لەسەر ئاستی وڵاتی نەمسا، لە مه‌راسیمێكی تایبەتدا، خەڵاتەکە پێشکەش بە نیگار و شەماڵ دەکرێت.

لە ساڵی رابردوو بۆ ماوەی هەشت مانگ، لابۆری شانۆی لالش، بە پشتگیری هه‌ردوو وەزارەتی فیدراڵی و دەزگای هونەری و کلتوری شارەوانی ڤییەنا (بەشی شانۆ)، سەرجەم سەنتەری لالشی فروانتر و تازەکردووه‌ته‌وه‌.