خەڵاتی دانیلە پۆ بەخشرایە ژنە چالاکڤانێکی کورد

 

خەڵاتی دانیلە پۆ بۆ ساڵی 2023، بۆ داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و خەبات بۆ گەشەپێدانی بەهای ئاشتیخوازانە، بەخشرایە زەینەب بایەزیدی، چالاکڤانی کوردی بواری مافەکانی ژنان و زیندانیی سیاسیی پێشوو کە ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی.

 

خەڵاتەکە رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە 21-10-2023، لە رێوڕەسمێکدا لە شارۆچکەی پیڤە دی چەنتۆی سەر بە شاری بۆلۆنیای ئیتاڵیا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی شار و پارێزگا و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنیی بەخشرایە زەینەب بایەزیدی، چالاکڤانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

لە راگەیێندراوێکدا کە لەلایەن دامەزراوەی پێشکێشکاری خەڵاتەکەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، "بە پێشکێشکردنی خەڵاتی دانیلە پۆ بە زەینەب بایەزیدی، دەمانەوێت بوێریی ژنانی خۆڕاگر و گۆڕانخواز نەک تەنیا لە ئێران، بەڵکو لە هەموو ئەو وڵاتانەدا بەرز رابگرین، کە مافی هەبوونی بەنرخترین دیاری بۆ مرۆڤ واتە ئازادیان لێ زەوت کراوە." 

هەروەها دەڵێت: "زەینەب بایەزیدی وەکو ژنێک و وەکو کوردێک کە هەمیشە لە ژێر هەڵاواردن و سەرکوتدا بووە، دەستنیشانکراوە بۆ پێدانی خەڵاتەکە." ئاماژە بە خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردوو لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەکات کە ژنان رۆڵی پێشەنگیان تێدا گێڕا و دەڵێت: "دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە لە هەموو خۆپێشاندانەکانی ئەم بزاڤەدا بە دەنگی بەرز گوتراوەتەوە، وەکو مانیفێستێک، خاڵی وەرچەرخانی مێژووییە بۆ هەموو جیهان." 

سەبارەت بە کەسایەتی و خەباتی زەینەب بایەزیدی، راگەیێندراوەکە دەڵێت: "ئەو تەنانەت دوای بەجێهێشتنی ئێرانیش و بە جەختکردنی تایبەت لەسەر دۆخی ژنانی کورد لە ئێراندا کە بەهۆی کوردبوونەوە زیاتر دەکەونە بەر ئازار و سەرکوتەوە، وازی لە بەرپرسیارێتیی بوێرانەی خۆی بۆ گەشەپێدانی هۆشیاریی جیهانی نەهێناوە و درێژەی بە چالاکییەکانی داوە."

زەینەب بایەزیدی، ساڵی 1983 لە شاری مهاباد لەدایکبووە، لە ساڵەکانی 2004 و 2007 بەهۆی چالاکییە مەدەنییەکانی بۆ مافی مرۆڤ و مافی ژنان دەستگیر و زیندانی کرا، ساڵی 2013 ساڵێک دوای ئازادبوونی لە زیندان ئێرانی بەجێهێشت و ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی.

خەڵاتی نێودەوڵەتیی دانیله پۆ لە ساڵی 2007 دامەزراوە و هەموو ساڵێک لە مانگی ئۆکتۆبەردا لە رێورەسمێکی فەرمیدا بە بەشداریی بەرپرسانی پارێزگای بۆلۆنیا و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنیی لە شاری پیڤە دی چەنتۆی ئیتاڵیا دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و خەبات بۆ گەشەپێدانی بەهای ئاشتیخوازانە دەکەن. 

ئەم خەڵاتە تائێستا دراوەتە ژمارەیەک لە ژنانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، لەوانە مەلالی جوویا لە ئەفغانستان، پاتریشیا ترۆنکۆسۆ لە چیلی، ماریسێللا ئۆرتیەز ریڤێرا لە مەکسیک، ماری بیاتریس ئۆمۆتسی لە رواندا، ئیسۆکە ئاپکیپتانی لە نەیجەر، دڵشاد عوسمان لە رۆژئاوای کوردستان، گرووپی ژنانی سێرەبێرەنیتسا لە بۆسنیا و دایکانی ئاشتی لە باکووری کوردستان. 

 

 رووداو دیجیتاڵ