خەلآت عومەر
پێدەچێت تەكنۆلۆژیا بە ڕەوتی چەوتەوێڵی بازاڕادا بەرەو ئەوە بچێت، دینی نوێ دابهێنێت!
با ئیستێك لەسەر وشەی (دین) بكەم، كە تۆ و منیش پێمان وایە عارەبییە، بۆیە من خۆم كە ئەم زانیارییەش دەزانم، ڕازی دڵان فەرامۆش دەكەم و وشەی (ئایین) بەكار دێنم و شانیشی پیا دەكەم و لاسایی وانێك دەكەمەوە و (ئایینزا)ش دەخەمە ڕستە و دەیهۆنمەوە.
وشەی دین عارەبی نییە و چاوگی كوردیی زەردەشتییە و ئاڤێستاییە.
(بەه) كە ئێستا (جوانی) فارسییە، فارسی نییە و كوردییە.
(بەهدینان) بووەتە (بادینان) و وار و وڵاتی چاكان و ڕەوت و ڕەوشتی جوان دەنوێنێت. بە نزیكەی هەزار ساڵێك پێش لەدایكبوونی مەسیح ناو و نمای هەبووە.
(یویفاڵ نوا هەراری) لە كتێبی (ئاقڵمەند)دا، كە پێچەوانەی مێژوو دەنووسێتەوە و دكارێت لەجیاتی ڕابردوو، بۆ ئایندە مێژوونووس بێت، بەسەر بەندوباوی گرنگدا كەوتووە.
ئەو یەكەمین نییە، بەڵام ئێستا بۆ بەرچاوخستن، چاكە لە سۆنگەی هەندێك بیر و بۆچوونییەوە پرسیار بوروژێنین.
پرسیاری یەكەم:
شۆڕشی كشتوكاڵی، كە بە پێشڤەچوونێكی گرنگ لە قەڵەم دەدرێت و وەك گەشەسەندن و هۆشمەندیی مرۆڤایەتی زۆر بە باڵایدا هۆنراوەتەوە، كاریگەریی چی بووە لەسەر تەن و ساغڵەمیی جەستە و دەروون و ژیانی مرۆڤ؟
شۆڕشی پیشەسازییش، كە زیاتری سەبارەت گوتراوە و گوایا زۆرینەی داهێنان بەری دەرەنجامی ئەو بووە و شۆڕشی تەكنۆلۆجیایی و نەوە نوێكانی، كە بە نەوەی هەنووكەی داهێنانی ئەمێستا و ئایندە دەگات، بە باڵایدا هەڵدەدرێت، مرۆڤایەتی دووچاری چی دەكەن؟
دەرەنجامەكانی بەوە گەیشتوون، مرۆڤی سەردار كردووە و ئاژەڵ و پەلەوەر و باڵندەی ژێردەستی ئەو خستووە. فرەیی خۆی و ئەوانی پەرە پێ داوەوە و دەوڵەمەندی كردوون، بەڵام كەس ناپرسێت داخۆ ئەمە لەسەر ئازار و زام و بیم و بێ نەوایی بنیات نەنراوە؟
پرسیاری دووەم:
شۆڕشەكانی كشتوكاڵی، پیشەسازی، تەكنۆلۆجیایی ،كە نەوەكانی وەكوو بەراز دەترەكێن، تەمەنی مرۆڤیان درێژ كردووە و ژمارەیان زۆر بووە، كشتوكاڵ ڕووبەریان زەوەند بووە و تەشەنەیان كردووە. ماڵات و پەلەوەرداری و كێڵگەوەری ئاوەدان و فرە بوون و بێ ئەژمار بەخششی بەرهەمداریان پەرەی سەندووە، تەكنۆلۆژیاش زۆرترین پاڵدانەوە و كارئاسانی بۆ تەمبەڵی، تەنانەت بۆ هزری مرۆییش، زۆری حەوانەوە دەستەبەر كردووە. گوایا ئەمە هەمووی باش و چاكە و پێشڤەچوونە؟
پرسیاری سێیەم:
بەری هەموو ئەم شۆڕشانە گوایا پێشڤەچوونە، دەرەنجامەكەی چییە، جگە لەوەی مرۆڤ لە سایەی ئاقڵمەندیدا تەن و جەستە و ساغڵەمییەكەی دووچاری نەخۆشی و دەردودوو بووە؟
لە بەرامبەر داهێنانەكانیدا مرۆڤ ئێستا بە كۆیلەی ئامڕاز و كەرەسەكانی شێوازی ژیانی بووە. دەرگیری ئەوە بووە، وەك مرۆڤی سەرەتایی و بەر لەم قۆناغانەی پێشڤەچوونی بكارێت پەنا بباتەوە بەر ئەو شێوازە ژیانە سەرەتاییەی، كە تێیدا ماسولكەكەكانی بجووڵێنێت و كار بكات و خۆی ماندوو بكات و خۆی بڕەتێنێت، بۆ ئەوەی نەخۆش نەبێت و بیر نەكاتەوە، بەتەنیا بۆ ئەوەی تۆزێك ساغڵەمی بۆ تەن و مێشكی بەدەست بهێنێتەوە؟
پرسیاری چوارەم:
چیمان بە خۆمان كردووە، كە ویستوومانە بحەوێینەوە، پاڵ بدەینەوە و وەكوو مرۆڤ بە سەرداری دنیا بین و كار نەكەین و ئەرك لە كۆڵ نەنێین و خۆ لە بەرپرسیاریەتی بدزینەوە؟
هیچمان لە ڕەوتی چەوتەوێڵەدا بەدەست نەخستووە، جەگە لەوەی دووچاری نەخۆشی و دەردەداری بووین.
نامەوێت پرسیاری دیكە بكەم، چونكە دەزانم نەساغی و نەخۆشییەكەمان، لووتبەرزیمان وەك مرۆڤ، كە خۆمان بە سەرداری گەردوون كردووە، بەرەو شوێنێكمان دەبات، وەڵامدانەوە بۆ خۆتەفرەدان و خۆدزینەوەیە لە وەی دووچاری بووین و ئەوەش سوودی نییە!
وەڵامی پرسیاری زۆر:
مرۆڤ لە بەردەم پرسیاری زۆر و زەوەندەیدا دینی دروست كردووە، لەم سەردەمەدا تەكنۆلۆجیا بە ڕادەیەك پرسیاری ئاڵۆزی دروست كردووە، دوور نییە كە جیهان بە بازاڕ بووە، دینێكی نوێ بێتە كایە، بۆ ئەوەی مرۆڤ ئەم جارەش خۆی لە بەرپرسیاریەتی بدزێتەوە و بۆ حەوانەوە و پاڵدانەوە و خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی بەند و باوی سەیروسەمەرە بهۆنێتەوە.
نازانم كار بە كوێ دەگات، بەڵام دەزانم بەم ئاڕاستەیەدا هەواڵی خۆشمان دەست ناكەوێت.
هەمیشە خۆمان لە كار و ئەرك و گرفت و بەرپرسیاریەتی دەدزینەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین قۆناغێكی خراپمان بەرەو قۆناغێكی باش بەجێ هێشتووە. بۆ ئەوەی خۆ بلاوێنین و بیسەلمێنین پێشڤەچووین و ڕابردوویەكی خراپمان بەجێ هێشتووە و نكۆڵیی بكەین لەوەی، بوونمان، كار و ئەرك و ڕووبەڕووبەڕوونەوە و بارگرانی و بەرپرسیاریەتییە، شاندانە بەری ئەم بارگرانییە شوناسمانە و خۆتەفرەدانمان بە خۆلێدزینەوە دەرەنجامی نەهامەتی و سەرگەردانییە!
گەڕان بە شوێن شێوازی ژیانی باش و چاك و نموونەییدا، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەرك و بەرپرسیاریەتی و شاندانە ژێر باری نەهامەتییە.
بەپێچەوانەوە، هەموو شتێك خۆتەفرەدانە. خۆتەفرەدانیشە مرۆڤی دووچاری سەرگەردانیی ئەو نەخۆشییە كردووە، كە پێی وابێت سەرداری ئەستێرەیەكە، ئەو تێیدا سەردارە و ئەم نەخۆشییەش هەموو گەردوونی دووچاری نەخۆشییەك كردووە، فاشییەتی ئەقڵانیەتی مرۆییە!
بە شوێن شێوازی ژیانی نموونەییەوە، دووچاری نەخۆشی و دەردودووی پێشڤەچوون بووین و هەرگیز ناپرسین لەم ڕێگایەدا چەند ئازار و دەرد و چەرمەسەریمان تووش هاتووە و لە هۆنینەوەی ئەم مێژووەشدا گوایا لە خراپەوە بەرەو باش بە بەرەو پێشڤەچوون ناودێر دەكرێت، چیمان بەسەر خۆمان و سروشت و بوونەوەرەكان و گەردووندا هێناوە؟
سەرچاوە : سپی میدیا