خوێنەری بەڕێز، بەڵێ ڤیدیۆکانم بینیوە کە گاڵتە بە کارەکانم دەکەن!

 

 د. سۆران حەمە ڕەش

 

"ئەم وەڵامەی بەڕێز د.سۆران حەمەڕەش لەپەیجی فەیسبوکی خۆیەوە وەرگیراوە، پێمانباشە زۆرترین خوێنەری کورد بیبینێ وبیخوێنێتەوە .. لەبەرگرنگی وەڵامەکە و بۆ دەمکوتکردنی هەموو ئەو دەنگە نەشازو نادروستانەی  بەهەربیانویەک ئەمڕۆ ڕێگری لەگەڕانەوەی مێژووی دزراوی نەتەوەیەکی ڕەسەنی بێ دەوڵەت دەکەن  وزەهری دەمی داگترکەرانی کوردستان دەجونەوە.."

                                      دەستەی سەرپەرشتیاری دیالۆگی نیشتمان 

 

 

 

چەند ڕۆژێکە خەڵکانێکی بەڕێز لە ڕووی دڵسۆزیەوە ڤیدۆیەکم بۆ دەنێرن کە تێیدا بەڕێزێک گاڵتە بە کارەکانم دەکات. من ناتوانم وەڵامی دانە بە دانە لەو پەیامانە بدەمەوە کە خوێنەران بۆمی دەنێرن. بەڵام دەمەوێت ئەم ڕوونکردنەوەیە بدەم، هیوام وایە کە وەڵامێک بێت بۆ هەموو لایەک.

چەند ساڵێک لەمەوبەر بڕیارێکی یەکلاکەرەوەم دا لە ژیانمدا. ئەو بڕیارەش ئەوەبوو کە من خۆم بۆ نووسینەوە و ڕاستکردنەوەی مێژووی کورد تەرخان بکەم. من پێم وایە ئەو مێژووەی کە ئەمڕۆ لە ئەوروپا بۆ کورد نووسراوە، گاڵتەجاڕیە و هیچ بنەمایەکی زانستی تێدا نیە. ڕاستکردنەوەی ئەو مێژووە بۆ من، داکۆکیکردنە لە دادوەری. لەبەر ئەوە ئەمە بووەتە ئامانجی بنەڕەتی ژیانم.

ڕۆژانە لە چەند کاتژمێرێکەوە بۆ ١٤ کاتژمێر کار لەسەر مێژووی کورد دەکەم. ئەوە بۆ خۆم دەکەم و چاوەڕوانی هیچم لە کەس نیە و گلەیش لە کەس ناکەم. ئەوەی کە ڕوونە بۆ من ئەوەیە کە دەزانم لەم ڕێگایەدا قسەی جوان، گوڵ، هاندان، پشتگیری، بەرد، جنێو، گاڵتەپێکردن، قسەی ناشرین و دەشێت فیشەکیشم بەرکەوێت. ئەوانەی کە ئەرێنین، دەبنە هاندەر و جێی ڕێزن و ئەوانەی تریش هەمووی وەک بە بەشێک لە کاردانەوە بەرامبەر ئەو هەوڵانە دەبینم کە بڕیارم لەسەری داوە. گەر بمەوێت ئەوانە هیچی نەبینم، دەبێت وازبهێنم، بەڵام وازناهێنم. هۆکارەکەشی ئەوەیە، وەک ئاماژەم پێکرد، من پێم وایە ئەم هەوڵەی من دژی گەورەترین نادادوەریە کە بەرامبەر نەتەوەیەکە کراوە و ئەمە بووەتە پرۆژەی ژیانم.

ئێستاکە لە داهاتوو دڵنیا نیم و نازانم شتەکان بەرەو کوێ دەچن، بەڵام ئەوەی کە لێی دڵنیام و وەک ڕۆژی ڕووناک ڕوونە، گەر هەموو جیهان دژم بوەستن لە هەوڵەکانم سارد نابمەوە. من هەموو ڕۆژێک بە وزەی هەرزەکارێکەوە لە هەوڵی پرۆژەی نوێدام و پلانی نوێ دادەڕێژم. ئەوەی کە وا دەکات لە کارەکانمدا بەردەوام بم، بەشێکی گەورەی ئەو پشتگیریە زۆرەیە کە لە خوێنەرانی هەر چوار پارچەکەی کوردستانەوە وەریدەگرم، جگە لەو بڕوایەی کە بە کارەکانم هەمە. بۆ نموونە من لە ئەڵمانیا لەگەڵ پیاوێکی بەڕێزدا یەکمان ناسی. ئەم پیاوە بەڕێزە پێشتر یەکمان نەبینیبوو و دە ساڵیش لەخۆم گەورەتر بوو. سەرەڕای کێشەی جدی تەندروستیشی، بەڵام بۆ پێنج شار بە ئوتومبیل خۆی لەگەڵمدا بووە بۆ کۆڕەکانم. تەنها یەک شت من و ئەو پیاوە جوانەی کۆکردبووەوە، پرۆژە و بیروبڕوایەکی هاوبەش.

لەم سەردەمی پوچگەراییەدا، ئەرکی سەرشانمە کە ئەو هزرەی لە پشت پشتگیری ئەو پیاوە بەڕێزە و سەدانی تری هاوشێوەوەیە، کە بیرم نەچێت و بیپارێزم ڕێزی لێبگرم. من جوانترین هەڵوێستم لە تاکی کورد بەرامبەر پرۆژەکەم بینیوە و ئەوانە زۆرینەن، بەڵام کەمینەیەکی زۆر کەمیشم بینیوە کە بە شێوەی جیاواز دەیانەوێت کە ڕامگبرن. هەندێکیان بە قسەی ناشرین، گاڵتەپێکردن، درۆهەڵبەستن و بە چەندین ڕێچکەی تریش دەیانەوێت لە پرۆژەکەم بدەن. پیرەمێردی مەزن دەڵێت:

لقی شۆڕی درەخت میوەی ئەخۆن بێ ئەرکی بەرد و دار

پەڵی بەرد بۆ پەلی بەرزە، لەقەش بۆ سەر پەلی بەردار

گەر کاریگەریت نەبێت و کارەکەت بەرز نەبێت، کەس هیچت پێ ناڵێت و بەردت تێناگرێت. بەڵام کە کاریگەریت هەبوو، دەبێت چاوەڕوانی هەموو شت بیت. لەبەر ئەوە سەدان کەس ڕۆژانە گاڵتە بە خۆم یان بە کارەکانم بکەن، وزەکەم بۆ ئەنجامدانی پرۆژە و کاری زیاتر بەکاردەهێنم وەک لە وەڵامدانەوە. وەڵامدانەوەی ئەوانەی کە شت دژی من دەڵێن یان دەنووسن، بەفیڕۆدانی وزە و کاتە و هیچیشی لێ سەوز نابێت. گەر ئەمڕۆ یەک کەس گاڵتەم پێ بکات، دەشێت سبەی ببنە هەزار، ئەو کاتە دەبێت من خەریکی خەڵکانێک بم کە دەیانەوێت بمبەنە خوارەوە و ئەوان بە ئامانجی خۆیان بگەن و منیش لە ئامانجەکەی کە پێشتر ئاماژەم پێکرد، دووربکەومەوە.

ڕۆژانە جگە لە کورد، ئاشوری، عەرەب، تورک و فارس لەسەر تویتەر پەیامی گاڵتەئامێزم بۆ دەنێرن. گەر کارەکانم کاریگەر نەبن، ئەوانە بۆ ئەوە دەکەن. خۆ من دژی هیچیانم نەنووسیوە. ئاشوری هەیە کە ڤیدیۆ لەدژم دەردەکات، هەیە توێژینەوە دژم دەنووسێت. لێکۆڵەر و پرۆفسیۆریش هەن کە داوای هاوکاری یان کارکردنی هاوبەش دەکەن.

شۆپنهاور سەبارەت بە ڕاستی نوێ بۆچوونێکی جوان دەدات:

"هەموو ڕاستیەکان بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕن: یەکەم، گاڵتەی پێدەکەن، دووهەم، بەشێوەیەکی توند دژایەتی دەکەن و سێهەم وەک ڕاستیەکی ڕوون قبوڵی دەکەن"

فەیلەسوفەکان دووربین بوون و لە قوڵایی زۆر شت تێگەیشتوون. بەپێی قسەکەی شۆپنهاوەر بێت، من ئێستاکە زیاتر لە قۆناغی یەکەمدام کە گاڵتە بەکارەکانم دەکەن. جار جارەش سەرەتاکانی قۆناغی دووهەم دەردەکەوێت.

هەرچەندە من بڕیارم داوە کە وەڵامی هیچیان نەدەمەوە، بەڵام لە ڕاستیدا بێ وەڵامیش نیم. وەڵامی من پرۆژەی زیاتر و زیاترە.

سوپاس و ڕێزی زۆرم بۆ پشتگیری و هاوکاریتان، ئەوە پاڵنەری بەردەوامی منە و گاڵتەپێکردنەکانیش وەک بەشێک لە کاردانەوە بەرامبەر بە کاریگەری کارەکانم دەبینم و دڵنیام ڕۆژێک دێت کە بۆچوونەکانی من دەبنە ڕاستیەکی قبوڵکراو و ئەو گاڵتەپێکردنانەی ئەوانیش، دەبن بە ماڵ بەسەریانەوە.