مامۆستا ئاڵا
نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆک وبەرپرسانی پارتەکانی کوردستان..
"کاتێک ڕووخسارت ناشرین بوو باشترە دابنیشیت و نەچیتە بەردەم ئاوێنە! وە ئەگەر چووی ، گلەیی لەئاوێنە مەکە ! "
دەتوانین ئەم پەندە دێرینەی ئینگلیز بەکار بهێنین وەک بیرخستنەوەیەکی توند لە بەرامبەر گلەیی و ڕەخنە بێ وچانەکاندا کە لە ماوەی ٣٢ ساڵی ڕابردوودا ئاراستەی حوکمڕانی ئێوە کراوە .
حکومەتەکانی جیهان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تێگەیشتن کە ئێوە پیاوی ئەوبارە نین !
میدیای ناوخۆیی و بیانی پڕبوون لە نامەی بۆرو ڕەشکراوە بۆ سەروپۆتەڵاکی ئێوە .
ئێوە ووچانێکتان نەدا بە عەقڵتان تا کەمێ بیربکەنەوە بۆ میللەت منگە منگێتی ..؟
میللەتێکتان لەخشتەبرد ،تائیستاش هەرخەریکی خەیاڵ پڵا و و پیاهەڵدانی سەرۆکن ..
ئەوهەموو سامانی سەرزەوی وبن زەویتان دزی هەر تێرنەبوون ؟
ئەو هەموو گورگە لە چوار دەورە هەرژیر نەبوون ؟ کۆک نەبوون ؟
ئەمە کۆتا ویستگەیە ئێستا ئەبێ دابەزن ..
ڕووناکی پرۆجکتۆرێکی بەهێز خراوەتە سەرڕوخسارە واقیعیە ناشرینەکانی حوکم بەڕێوە بردنەکەتان ..
وا دادگاکانی جیهان کەموکوڕی و شکستەکان.. ئابڕوچوونە ئاشکراو نهێنیەکانتان دەبژێرن ..!
شکستخواردنەکانتان بەشێوەیە دەنگێ داوەتەوە لای دۆست پێش دوژمن.. پێویست ناکات بێن بۆ کوردستان تا بیبینن !
دەنگدانەوەی کارە ناسیاسی ونایاسییەکانتان پێش چوونی خۆتان لەوێ یە ،هەمووان بێڕتووش بێ وژە دەیبنن ودەیبیستن !
*کەمێ بیرتان نەکردەوە بۆ میللەت بۆڵە بۆڵێتی ..؟
دوای 32ساڵ لە ناشیرینی ڕوخسارتان ئاوێنە بێڕۆحەکەش هاتۆتە دەنگ ...ئێوە هەر ناتانەوێ تێبگەن !
دەنگوڕەنگی ئاوێنە کە ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکانە.. دەنگدانەوەی ناڕەزایی و بێهیوایی گەلێکە بێکەسە کوردە
*کەمێ بیرناکەنەوە بۆ میللەت خوتە خوتێی ..؟
دەی میللەت لەبیرکراوە ،ماف خوراوە بێ ئاو، بێ کارەبا بی گاز ،بێ مووچە بێنانە.. برسیەتی !
ئەمڕۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە یەکسانی هاتونەتە سەرهێڵ ،وەڵامتان دەدەنەوە..
سێ دەیە سەرکردایەتی ئێوە سەرۆکایەتیی دیمەنێک دەکات کە بە گەندەڵی و ستەم و چەقبەستوویی مەست بووە.
وێنەی کوردوکوردایەتی و کوردستانیشتان ناشیرین کردووە ..
ئەشێ لووت وچاوو گوێی منداڵەکانی کوردستان بگرین وببەستین کاتێ ناوی حکومەتەکەی ئێوە دەبەن..
کاتێ وێنەیەکی جوانی کوردستان دەکێشین بۆ نەوەکانی کوردستان ئەشێ ئێوەی تیانەبن ...!
*کەمێ بیرناکەنەوە میللەت بۆدەنگی بەرزکردۆتەوە..؟
ئێوە ئەی سەرۆکی پارتەکان ،دەستتان هەیە لە سوککردنی نیشتمان ..
ئێوە چەند ساڵە خەریکن حەزوهیواکانی لاوانی کورد بۆ ئایندەیەکی باشتر پەڵەدار دەکەن بە پارتەکانتان..
سەرەڕای هەڵکشانی بەڵگەی خراپی بەڕێوەبردن و هەڵسوکەوتی نادروست ونادیموکراتیتان ..
ئێوە گشتتان، تاوانی لەکەدارکردنی خۆشەویستی وڕێزی گەلێک بۆ ئایندەیەکی باشتربۆ نیشتمانەکەی ئاڵاوە تە ملتان ...
*کەمێ بیرناکەنەوە میللەت بۆهاوار دەکات ؟
ئێوەی لووتبەرز هەرخەریکن ،دەهۆڵی دڕاوتان دەکوتن..لەهەوڵتان ڕاناوەستن ...
بەهەموونرخێ خەبات ...لەپێناو لکاندندنی خۆتان ونەوەکانتان بە کورسی دەسەڵات !
*کەمێ بیر ناکەنەوە ..میللەت هەستاوەتە سەرپێ..بێزارە ،برسییە وداماوە ؟
بە پشتگوێ خستنی هاواری پڕئازاری گەل ،بێگوێدانە سەرزەنشتکردنی جیهان.
وەک کەسایەتییەکی سەرسەخت دەنازن بە لووتبەرزیتان .
ئێوە پۆزلێئەدەن کاتێ سەیری ئاوێنە دەکەن ، بەڵام چاودادەخەن ،دەترسن دان بەو ناشیرینییەدا بنێین کەدەیبینن !
ناشیرینیەکی زەق لەڕوو بەدواتانەوەیە و سەیرتان دەکات!
ئێوەی ترسنۆک هەمیشە ئەوە هەڵدەبژێرن ،لۆمە لەخۆتان لابدەن و خۆتان لەبەرپرسیارێتی بەدووربگرن تاکورسیەکەتان بپارێزن...
بەڵام با بیرتان بخەمەوە: هێشتا داوێ ماوە ،کار لەکار نەترازاوە ،هەرگیز درەنگ نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییەکان، داننان بە کەموکوڕییەکانتان و دانانی ڕێڕەوێکی نوێ بەرەو ڕزگاربوون. ڕەنگە ئاوێنە ڕەنگدانەوەی بێ چەواشەکاری ئاشکرا بکات،
بەڵام دەرفەتێک بۆ خۆڕاگری و نوێبوونەوەش دەڕەخسێنێت.
وەک سەرۆک وەزیران ئەرکێکە نەک تەنها حوکمڕانی، بەڵکو بە دەستپاکی و خۆنەویست و لێپرسینەوە حوکمڕانی بکەیت. وانەکانی پەندەکە لە باوەش بگرە: ئەگەر خۆت بینی ڕووبەڕووی ڕاستییەکی ناشرین بوویتەوە، لە ئینکاریدا ڕوو مەکە. بەڵکو سەر بەڕوو، بە بوێری و ئیرادە ڕووبەڕووی ببنەوە و هەوڵبدەن بۆ دووبارە بونیادنانەوەی متمانە و گەڕاندنەوەی دادپەروەری و بەرەو سبەینێیەکی گەشاوەتر کوردستان ببەن.
*کەمێک بیرناکەنەوە .. کاتێ میللەت ڕاپەڕێ ،هیچ دکتاتۆرێ خۆی لەبەرا ناگرێ ،نەچەک ونەسامانەکەتان نەڕیزە ئۆتۆمبیل وکۆشکەکانتان نە چڵکاوخۆرەکانی دەورتان هیچیان پێناکرێ ...
ئەمڕۆ هەڵبژاردنەکە هی ئێوەیە:
" بەردەوام دەبن لە چەقبەستوویی و ململانێ بۆ پۆست وکورسی ؟ یان گوێ لە حیکمەتی پەندەکە دەگرن و تەحەدای گۆڕانکاری لە باوەش دەگرن ؟
"ئاوێنە چاوەڕوانە سەرۆک وبەرپرسانی پارتەکان چی هەڵدەبژێرین بۆ بینینی.."