حکومەتی هەرێم، دۆستی نا یاسایی

 

 

     هاوکار عزەت

بیرمە لە قوتابخانە مامۆستایەکمان هەبوو زۆربەی کات وانەی شەشەمی بەردەکەوت، کە دەهاتە پۆلەوە سێ چوار هاوڕێمان بەردەوام بۆ وانەی شەشەم دەرۆشتنەوە، یان درەنگ دەهاتنە ژورەوە. جا جەنابی مامۆستاش کە دەهاتە پۆلەوە دەستی دەکرد بە هاوارکردن بەسەر ئێمەدا و هەندێک جار جنێویشی پێدەدایان، کە ئەوانە بۆچی رۆشتونەتەوە، ئەمە چەند جارێک دووبارە بوەوە، رۆژێک هەستام وتم مامۆستا گیان ئێمە تەلەبە باشەکانین کە لە ژورەوەین و ئیلتزاممان کردوە بە دەوامەوە، بۆ جنێو بە ئێمە دەدەیت و ئەوانەی کە رۆشتونەتەوە وەک بەرزەکی بانان لێی دەرباز دەبن، ئەگەر هەر وا جنێومان پێبدەت و لە ئێمە تورە ببیت ئێمەش ئیتر لە سبەینێوە نایەینە وانەکەتەوە، کەس لێمان تورە نابێت چونکە لە ئەساسدا غیابین و کەس هیچمان پێ ناڵێت، خوا هەڵناگرێت ئیدی ئەو مامۆستایە تێگەشت کە ئیشەکەی هەڵەیە و کۆتایی بە تورەبوون لە ئامادەبوان هێنا لەسەر ئامادە نەبوان.

جا ئەم حکومەتەی ئێمەش ڕێک وەک ئەو مامۆستایەی لێهاتوە، منێک کە ئۆتۆمبێلەکەم ساڵانە و ژینگە و مەرجی توندو تۆڵی و هەموو شتێکی یاساییە و تا قایشی سەلامەتی نەبەستم سولف لێنادەم، دەچمە سەرشەقام دەبێت لە خێرایی دیاریکراو زیاتریش نەرۆم ئەگینا کامێرای تیژرەوی فلاشێکم پێشکەش دەکات، لەو لاوە کاکی شۆفێر بە ئۆتۆمبێلێکی فول علوج و وەک دەڵێن بێ دایک و باوکەوە (بێ سەرەتا) دوو هێندەی خێرایی دیاریکراو لێدەخورێت و زۆربەی کات هەڵدەکوتێتە سەر شۆفێرە ئاساییەکان، تەنگیان پێهەڵدەچنێت بە فول لایت و هۆرن و زۆرجار دەستدەرهێنان و جنێودانیش، کەچی کەس نییە بڵێ کاکە تۆ بۆ خێرا دەرۆی و شەقام وا لێدەکەیت.

شەقام پڕیەتی لەو ئۆتۆمبێلانەی کە بە مەلیکەو شاهانەو ئۆپڵ و جۆرەها ناوی تر ناسراون و بێ سەرەتان و هیچ ئەوەلیاتێکیان لای حکومەت و هاتوچۆ نییە، شەقامیان کردوە بە شوێنی پێشکەوتن و کێبرکیی خێرایی، زۆر کات بە هۆی تەنگ هەڵچنینی ئەوانەوە شۆفێرێک ناچار دەبێت خێراییەکەی زیاد بکات بۆ ئەوەی دەربازی ببێت لێیان، کەچی دەدات لە کامێرایەکی تیژڕەوی و سزایەکی جوانی بۆ دەنوسرێت، کاکی شۆفێری بێ سەرتاش وەک بەرزەکی بانان لێی دەردەچێت.

ئێستا لە پێشەنگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل رێژەیەکی زۆر مامەڵە بەو ئۆتۆمبێلانەوە  دەکرێت، خەڵک دەستی داوەتە کڕینییان بۆ دەربازبوون لە کامێراکانی هاتوچۆ و هەر سزایەکی دارایی تر کە شمولی ئەوان ناکات و شمولی ئۆتۆمبێلی ئاسایی دەکات.

ئەمە پێمان دەڵێت حکومەتی هەرێم کە نایەوێت چارەسەری ئەم کێشەیە بکات، دیارە مەبەستیەتی هەموومان ڕوو بکەینە ئەو ئۆتۆمبێلە نا یاساییانە و دور بکەوینەوە لە جێبەجێکردنی یاسا.

لەم رۆژانەدا لەگەڵ هاورێیەکم کەوتینە مەفرەزەیەکی هاتوچۆوە، ئۆتۆمبێلی هاورێکەم مەرجی توندو تۆڵی بەسەرچوبوو، کاکی ئەفسەر ویستی سزایەکی بۆ بنوسێت، دابەزیم وتم کاکە کارێکی باش نییە و کابرا ساڵانە و مۆڵەت و هەموو شتێکی تەواوە بۆ سزای بۆ دەنوسیت، وتی مەرجەکەی بەسەرچوە، ڕێک لەو کاتەدا سەیارەیەکی ئەمەی پێی دەڵێن مەلیکە تێپەری وتم کاکە ئەو سەیارەیە هیچ شتێکی نییە و بەسەر شەقامدا ئەسورێتەوە و کەسیش باسی هیچی لەگەڵ ناکات، وتی ئەوە لە دەسەڵاتی ئێمە نییە، وتم دەی برام خۆ بەس مەرجەکەی ئەم برایەمان بەسەر نەچوە، پەرلەمان و حکومەت و وەزیر و بەرێوەبەری هەموو کوردستان بەسەرچوەو کەسیش هیچ ناڵێت، ئیتر تۆ بۆ ئەتەوەی زیانێکی دارایی لەم پیاوە بدەیت؟ باشبوو کاکی ئەفسەر تێگەشت و وتی راست دەکەیت با ئەمیش وەک هەموو شتەکانی تر بەسەر چوبێت فەرموون برۆن.

لەبەر ئەوە دەبێت هەموومان بگەینە ئەو بروایەی پێویستە حکومەتی هەرێم بە زویی چارەسەری ئەم کێشانە بکات ئەگینا سزادانی خەڵکی ئاسایی و یاسایی و دەربازبوونی خەڵکی نا یاساییش، وا دەکات هەموومان بیر لە نایاسایی بکەینەوە چونکە دیارە حکومەت نا یاسایی خۆشدەوێت.

 

 

سەرچاوە : خەندان