حكومەتی كەرتی تایبەت و ڕوتانەوەی خەڵك

 

لەتیف فاتیح فەرەج

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ،كە لە سەرەتادا ئومێدێكی زۆری لای خەڵك هەڵچنی بەو مانایەی هەر لەسەرەتاوە كەوتە وێزەی كابینەی پێش خۆی و بانگەشەی ئەوەی كرد كە ئەمان شتێكی جیاوازن ، ئۆباڵی زۆربەی كێماسی و گرفت و ئاڕیشەگەلی كۆمەڵگەو حوكمڕانی و دەسەڵاتی بەستەوە بە كابینەی ئامۆزاوە ، هەرچەند جێگرەكە هەمان جێگری حكومەتی پێشوو بوو، ئەم ئومێد پێبەستنەی خەڵك زۆری نەخایاند و بووبە بڵقی سەر ئاو ، لەبەر ئەوەی ئەم كابینەیە هەر لە سەرەتاوە دەسبەرداری چاكەی گشتی و بەرژەوەندی گشتی بوەوەولە كەرتی گشتیەوە زۆرێك لە دام و دەزگاكانی حكومەتی گوازتەوە بۆ كەرتی تایبەت ، نمونەی پڕۆژەی ئاوی ماڵان و دانانی ئاو پێو، دادنوسی و سیستمی ئەلكترۆنی دادنووسی ، خوێندن كە خەریكە بە تەواوەتی كەرتی گشتی خوێندن پشتگوێ‌ دەخرێت و كەرتی تایبەت ڕۆژبە ڕۆژ بەرەو سەر دەچێت و لە بنەڕەتیەوە تا پەیمانگاو زانكۆ كەرتی تایبەت تەنگی بە كەرتی گشتی هەڵچنیوە ، ساغڵەمی و بواری لەشساغی و وەزارەتی لەشساغی بەڕادەیەكی زۆر خەریكە دەبێتە كەرتی تایبەت، نەخۆشخانەتایبەتەكان زۆربەی زۆری توانا پزیشكیەكانی وڵاتیان قۆرخ كردوەو لە پشت هەموو ئەم كارانەشەوە كارەكتەری زل زلی نێو حزبگەلی دەسەڵات هەن .

ئێستا كە بانگەشەی هەژماری من و پڕۆژەی ڕوناكی دەكرێت وێڕای ئەوەی كە ئەمانە لە سەری سەرەوە بە منەت و وەك دەسكەوت بە خەڵك دەفرۆشرێن و ماكینەی میدیایی و پڕوپاگەندەی گەورەیان بۆ خراوەتە گەڕ لە هەردوكیدا ئەوەندەی كەرتی تایبەت و كۆمپانیای حزب دەستكەوت دەچنێتەوە ، ئەوەندەخەڵك نەك هیچ قازانجێك ناكەن بگرە گیرۆدەو لارە ملی دەسەڵات و كۆمپانیا دەكرێن ، ئەم پڕۆژانە پڕۆژەی بە كرێچی كردنی هاوڵاتی زیاتر نین ، پڕۆژەی ڕوناكی لە ئێستاوە پێت دەڵێت بۆ ئەوەی گیرفانت شتێكی تیا بمێنێ‌ كارەبا كەم خەرج بكە، برادەریش هەیە دەڵێت ماڵەكەی من گەورەیەو زۆر خەرج دەكەم ، تۆ وامەكە، ئەوە جگە لەوەی پڕۆژەی ڕوناكی هێندەی سوكایەتیە بە خەڵك خزمەت نیە بە خەڵك چونكە بانگەشە كارانی ئەو پڕۆژەیەو سەرانی حزبی دەسەڵات لە نەوەدو یەكەوە خۆیان لە نێو چراخاندا دەژین بێئەوەی یەك قڕان بدەن بە حكومەت ، لەم پڕۆژانەدا هاونیشتمانی بە بارمتە دەگیرێت و ناچار دەكرێت بۆ ئەو جۆرە لە ستەمكاری كەرتی تایبەت مل بدات ، بیرمە مامۆستای وانەیەك بە هەندێك فێرخوازی پۆلی 12ی وتبووئەگەر وانەی تایبەتیتان پێبَڵێم و بەو بڕە پارەیە ناهێڵم لە هەشتا كەمتر بێنن، بەڵام لە پۆلدا هەر دەتوانم بای لە پەنجا زیاترتان پێبڵێم، ناوەڕٍۆكی بێچەندو چونی كەرتی تایبەت ئەمەیە، پارە بدەی كارەبای 24 سەعاتیت دەبێت و پارە نەدەی مۆم و فانۆس بە كار بێنە.
 

كەرتی تایبەت مەترسی گەلی زۆری هەیە لەوانە كەوی كردن و ناچار كردنی خەڵك بەوەی مل بدەن بەو شێوازەی كارەكتەرانی كەرتی تایبەت گەرەكیانە، بۆنمونە لە بواری پەروەردەو تەندروستی ، هەروەها كەرتی تایبەت دەبێتە مایەی ستەمكاریەكی ئاشكرا و دەبێتە هۆی جیاكاری نێوان چین و توێژەكانی كۆمەڵگە ، گەندەڵی لە كەرتی تایبەتا تا ڕادەیەكی زۆر ڕەوایەتی وەردەگرێت بەو مانایەی هیچ جۆرە چاودێریەكی وردو متمانەپێكراوو خاوەن بڕیاری حكومەتی بەسەرەوە نابێت، هەروەها لە هەر كێشەو گرفتێكیشا لە نێوان هاوڵاتی و لایەنی كەرتی تایبەتا حكومەت یان چاوپۆشی لە هەق دەكات ، یان لایەنی كۆمپانیاكە دەگرێت ، ئەمەش یەكێكە لە سیمادیارەكانی پڕو پوچی ، ئەوەشمان بیر نەچێت ئەو پێگەو دەسەڵاتەی كەرتی تایبەت وەریدەگرێت لە بەرانبەر خەڵكدا، وادەكات لە بری حكومەتی بەناوە گشتە خەڵك بەشێك لە دەسەڵاتەكانی بداتە حكومەتی كەرتی تایبەت .
 

ئاوەزمەندان و ئەقڵڕێژانی كابینەی نۆ بیانەوێت یان نا كۆمەڵگەی كوردی بەرەو تێكشكانی حەتمی دەبەن و ئەمەش وەك دەسكەوت بە خەڵك دەفرۆشن ، لە كاتێكا لە سایەی ئەم سیستمەدا ڕۆژ بە ڕۆژ بارو دۆخی خەڵك خراپترو وێرانتر دەبێت و كەسیش دەنگی لێوە نایەت و كارەكتەرە زلەكانی حزب و دەسەڵاتیش بە ئاشكراو بێ‌ پەردە بانگەشەی حكومەتی كەرتی تایبەت دەكەن .

سەرچاوە : سپی میدیا