حاکمێکی پێشوو کابرایەکی لە بناری کفری لێ یاخی ئەبێ و هەرچەند ئەکا بۆی ناکەوێتە ڕەت. هەر لەشکرێ ئەنێرێتە سەری، ئەو بە لایەکی ترا بۆی دەرئەچێ. ئاخری چاری نامێنێ دێنێ سێسەد چوارسەد سوار و تفەنگچی سوار ئەکا و خۆی لەگەڵیان ئەچێت، شەو و ڕۆژ ئەیکوتن بەبێ وچان تا ئەچنە بناری کفری و ئەو شوێنە کە چەتەکانی لێیە. لە نیوە شەوێکا ئەگەنە ئەوێ. حاکم یاساغی ئەکا کە کەس نە ئاگر بکاتەوە، نە تەقە بکا، نە دەنگی لێوە بێت. ئەمانەش بۆ ئەوەی کە بەبێ دەنگ و سەنگ هەر بەو شەوە ئابڵۆقەی چەتەکان بدەن و لە بەیانیا بەبێ قسە بیانگرن.
هەموو سەنگەر دائەمزرێنن. حاکمیش سێ شەوە نەنوستووە، زۆری خەو دێت سەر ئەکاتە سەر بەردێک و بە کابرای نۆبەتچی ئەڵێ: تۆ وریا بە و هیچ دەنگ مەکەن من وەنەوزێک ئەدەم. کە چاوی ئەچێتە خەو بایەکی لێ بەر ئەبێتەوە. کابرایەکی تری نۆبەتچی - کە دوورتر ئەبێ - نازانێ ئەمە پاشایە ئەڵێ: بە کێرم! نۆبەتچییەکەی لای پاشا پێی ئەڵێ: کوڕە کەرانباوگاو، تۆ نابێ تۆزێ شەرمت ببێ؟ ئاخر تۆ نازانی ئەوە پاشا بوو؟ ئەویش ئەڵێ: کوڕە کەرانباوگاو خۆتی، من چووزانم کێ بووە؟!
لەم هەراوهوریایەی ئەمان، پاشا بە خەبەر دێت و ئەپرسێ: ئەوە چییە؟ نۆبەتچییەکەی ژوور سەری قسەکەی پێ ئەڵێ: وس بە، وس بن، مەیکەن بە هەرا، چەتەکان نەوەک بزانن و بڕۆن! ئەو هەڕەشەیەی ئەو هیچ کەڵکی نابێ. ئیش لە ئیش ئەترازێ و نۆبەتچییەکان دەست ئەدەنە تفەنگ لەیەک و ئەبێ بە تەقە. چەتەکان بە ئاگا دێن و ئەزانن ئەگەر فریای خۆیان نەکەون گیراون. بۆی دەرئەچن و خۆیان ڕزگار ئەکەن. ئیتر ئەمان ئەو هەموو عەزیەت و شەونخوونی و پارێزەیان بە تڕێکی پاشادا ڕۆیشت!!