6ی مانگ یەکەمین رۆژی جەژنی جەمای کوردانی ئێزدی دەستیپێکرد و هەفتەیەک دەخایێنێت. لەماوەی ئەم هەفتەیەدا چەندین رێوڕەسمی جیاواز بەڕێوەدەچن کە گرنگترینیان بەلای ئێزدییەکانەوە ئەوەیە کە هەر کەسێک دەبێ لە ژیانیدا جارێک بە ئاوی کانیی سپی مۆر بکرێت، ئەوەش بۆ "پاکبوونەوە لە گوناهـ و تاوان."
پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی و ئەوانەشی کە لە دەرەوەی وڵاتن، ساڵانە دەگەڕێنەوە و بە ئاوی کانییەکە خۆیان مۆردەکەن. جگە لەوەش ئەو کەسانەی لە دەستی داعش رزگاردەکرێن، بە ئاوی کانییەکە مۆردەکرێنەوە، بۆ ئەوەی "خودا لە گوناهەکانیان" خۆشبێت.
رێوڕەسمەکان بەسەر حەوت رۆژی ئەم هەفتەیە دابەش دەکرێن، رۆژی یەکەم رێوڕەسمی بەیتی ئێوارە و سەمایی ئایینی بەگوێرەی ئایینی ئێزدی بەڕێوەدەچێت.
رۆژی دووەم تەوافی تەواوی مەزارەکانی پەرستگەی لالش بە راکردن بەڕێوەدەچێت. رۆژی سێیەم و چوارەم ئەم رێوڕەسمانە دووبارە دەکرێنەوە. رۆژی پێنجەم رێوڕەسمی حەوت پەری بەڕێوەدەچێت. لەم رۆژەدا حەوت کچ وەکو حەوت پەری دەڕازێنرێنەوە بە جلی سپی، وەکو ئاماژەیەک بۆ حەوت فریشتەی ئاسمان.
رۆژی شەشەم، رێوڕەسمی "قەباغ" بەڕێوەدەچێت. لەم رێوڕەسمەدا گایەک سەردەبڕن و گۆشتەکەی دەبێتە "زادێکی پیرۆز" و پێیدەڵێن "سمات".
رۆژی حەوتەم رێوڕەسمی "بەربەرسوارکردن" بەڕێوەدەچێت، بە مانای ئەوەی رێوڕەسمی جەژنەکە تەواوبووە.
دوای ئەوەی داعش هێرشی کردە سەر شنگال، ئەنجوومەنی رۆحانیی کوردانی ئێزدی ئەم جەژنەیان نەکرد، بۆ ماوەی چوار ساڵ رێوڕەسمەکانی ئەم جەژنە راوەستان. دوای ئەوە یەکەم جەژن لە ساڵی 2018 کرایەوە و دواتر ساڵانە بەردەوام بوو.
سەرچاوە: rudaw- بڵند تاهیر