رۆژی 14 ئەم مانگە لەلایەن زانکۆی ئەلبێرتای کەنەداوە دکتۆرای فەخری لە یاسا پێشکەش بە نووسەرو ئەدیبی کورد جەلال بەرزنجی کرا، ئەم هەواڵە لە ماڵپەڕی رەسمی ئەو زانکۆیە راگەیەندراو رێوڕەسمی بەخشینی پلەکەش لە ئاهەنگێکی گەورەدا لە هۆڵی جبولی لە رۆژی 23 ی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سازدەکرێت، شایەنی باسە ئەم رێزلێنانە بەرزترین پلەی ئەو زانکۆیەیە دەیدەنە ئەو کەسانەی بەرهەم، کەسایەتی و بۆچوونەکانیان کاریگەری نێودەوڵەتی هەیە، پێشتر هەر یەکە لە نیڵسۆن ماندێلا و دالای لاما و دەیڤد سوزوکی و چەندانی تر ئەم رێزلێنانەیان پێ بەخشراوە.
جەلال بەرزنجی لە ساڵی 1953 لە هەولێر لە دایکبووە، لە سەرەتای حەفتاکانەوە دەنووسێت، لە دەیەی نەوەدەکان سکرتێری یەکێتی نووسەرانی کورد و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری(نووسەری کورد) بووە. لە ساڵی 1998 ەوە لە کەنەدا دەژی، ساڵی 2002 کۆمەڵەی دۆستایەتی کوردی-کەنەدیی دامەزراندووە، هاوکات چەندین خەڵاتی ئەدەبی وەرگرتووە لەوانە خەڵاتی (ریز ئەوۆرد) جگە لەوە تا ئێستا چەندینجار کتێبەکانی لە کەنەدا بوونەتە پڕ فرۆش و چەندین خەڵاتی کەنەدی نێونەتەوەیی ئەدەبی وەرگرتووە، لەوانە ساڵی 2011 لە کۆی 196 کتێبی وڵاتانی گێتی، (پیاوە بیجامە شینەکە)، خەڵاتی(وایەڵد)، کە خەڵاتی یەکەم بووە وەرگرتووە، ساڵی 2015 خەڵاتی( سالوت تو ئەکسیلنس)، ساڵی 2016 (هۆلە فێم) بۆ ئەدەب و هونەری پێ بەخشراوە. بەشداری دەیان کۆنفراسی ئەدەبی نێودەوڵەتی کردووە، دەیان شیعر و چاوپێکەوتنی بە ئینگلیزی لە گۆڤارە ناسراوەکانی کەنەدا بڵاوبۆتەوە. ئەندامی نووسەرانی نێودەوڵەتی-یە، سەندیکای نووسەرانی زملبێرتا و کۆمەڵەی پیاسەی شاعیران و کۆمەڵەی شاعیرانی کەنەدایە.
سەرچاوە: knwe