جیهاد دژی مۆدێلەکان

 

 عومەر عەلی

 

خاتوو مونیرە عبدالعزیز لە دیدارێکدا لەگەڵ پۆلتیک نیوز،دەڵێت ئەگەر من بەتاقی تەنهاش بم جەنگی جیهانی سێهەم و جیهاد دژی مۆدێلەکان ڕادەگەیەنم و دەبێت شاربەدەر بکرێن.
 

ئەم دیدە پێم وایە شتێکی تازەی تێدانیە ،بەڵکو هەڵقوڵاوی دیدێکی مێژووییەو لە ئێستاشدا بزوتنەوە توندڕەوەکان دەیخەنە ڕوو بەتایبەتیش ڕەوتی سەلەفی جیهادی و ڕەوتە توند ڕەوەکانی تر.چونکە لێرەوە ئیتر دەرگای عەقڵ دادەخەن و دەرگا بەڕوی توندو تیژیدا دەکەنەوە.
 

ئەو خانمە بەڕێزە لەژێر کاریگەری کولتوردایە نەک ئاین،چونکە تێگەیشتن لە دین فیکرەو فیکریش دەبێت تەعبیر لە زەمەنی خۆی بکات ،دەبێت ئەو خانمە بزانێت ئێمە لە سەردەمی بەجیهانیبووندا دەژین وەک ماک لۆهان دەڵێت هەمومان لە گوندێکی گەردونیدا دەژین،کەواتە ئێمە دەبێت هەڵگری گوتاری شارستانی پێکەوەژیان هەڵبژێرین نەک توندڕەوی و تیرۆر، ئئەگەر تۆ بتەوێت دیدێکی ئیسلامیانە بخەیتە ڕوو دەبێت ئەو ڕاستیە بزانیت کەئیسلا ئاینێکی جیهانیەو نابێت سنوری خوێندنەوەکانت تەنها هەڵەبجە یان کوردوستان ببینێت،ئێستا لە ئەمریکاو ووڵاتانی ئەوروپی و جیهاندا دەیان ملیۆن مسوڵمان هەن،لە نێویاندا ملیۆنان مسوڵمانی بەڕەگەز ڕۆژئاوایی هەن،ئەم گوتارەی ئەم بەڕێزە خزمەتە بە گوتاری ڕاستە تونڕەوەکانی ڕۆژئاواو ڕاسیزمەکان،چونکە لە ئێستادا ئەوانیش هەمان گوتاریان دژی مسوڵمانانی کۆچبەر هەیەو  داوای دەرکردنیان دەکەن.،ئەگەر ئێمەی مسوڵمان ئاینەکەمان بە گەورەو پیرۆز دەزانین،با لە ڕێگەی گوتارێکی مەدەنی شارستانی ئەوە بسەلمێنین،قورئانیش دەفەرموێت،ادعوا الی سبیل ربك بالحكمە و الموعظە الحسنە،یان دەفەرموێت وما ارسلناک الا رحمە للعالمین،كەواتە بانگەشەی ئەو خانمە پێچەوانەی گوتاری قورئانە،لە لایەکیتر ئەو گوتارە نەفرەتیە گوتاری داعش و توند ڕەوەکانە کە لە واقیعدا شکستی خواردوە،کەواتە تۆ دەبێت بەشوێن گوتارێکی  نوێ و جیاواز لەوانەدا بگەڕێیت،تۆ دەتوانی خۆت بەجیاواز بزانیت ئەو کارەی ئەوت پێ باش نەبێت،لە لایەکی ترەوە لە ڕاگەیاندن ن و سۆشیال میدیاو دامەزراوە پەروەردەییەکان گەنجان هۆشیار بکەیتەوە کەشوێن ئەم دیردە نامۆیە نەکەونو خۆیان دورە پەرێز بگرن، بەڵام لەسەر جیاوازبوون تۆ مافی لێسەندنەوەی ژیانت نیە لە بەرامبەرەکان،ئەگەر تۆ دەتەوێت ئەوان واز لەو کارە بێنن تۆ دەبێت زەمینەی گفتوگۆ بسازێنی تا لە یەکتر تێ بگەن،دواجار دەبێت تۆ لەوە تێ بگەیت،کە هەموان هاوڵاتی ئەم نیشتمانەن، بەهەمو بیرو ڕاجیاوازەکان ،جیاوازبونیش یەکێکە لە ئایەتەکانی خوا،ئەگەر سەیری دەستوری مەدینەش بکەیت،جولەکەو بت پەرست و موشریکەکان هەمویان مافیان پارێراوە،داڕێژەری دەستورەکەش خودی پێغەمبەر خۆیەتی ،لە کۆتایدا دەڵێم تکایە بابزانین لە چ سەردەمێکدا دەژین،لەمێژوو بێینە دەرەوە، ئێستا سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی چوارەم و زیرەکی دەستکردو نیشتمانی دیجیتاڵیە،تکایە سەدەی ۷ی کۆچی بەجێ بهێڵن.

 

سەرچاوە : سپیمیدیا