جارێک مەحموود پاشا لە هۆزی عەمەڵە...

جارێک مەحموود پاشا لە هۆزی «عەمەڵە» تووڕە بوو، هانی دا چوارسەد سوارێک لە «پشت ماڵی» و «تەرخانی» چوون، سێ چوار کۆماریان لە عەمەڵە تاڵان کرد و هەموو تاڵانەکەیان هێنایە ماڵی پاشا - کە ئەو وەختە پێیان ئەوت ماڵە گەورە، لە گوێ زەڵم و تانجە ڕۆ، واتە لە «دووئاوان» هەڵیدابوو - عەمەلەکان چوون پەنایان بۆ چەند کوێخایەک برد و هێنایانن بۆ تکا بۆ لای پاشا، پاشا لەسەر تکای ئەوان وتی: تاڵانەکەیان بدەنەوە، هەر کەس ماڵاتی خۆی دایە پێش و ڕۆیشت. مەگەر «عەولحەمی» ناوێک نێرەکەرێکی دیار نەبوو، دوو سێ جار چووە خزمەت پاشا داوای کردەوە، پاشاش وتی: بە خوا من نازانم بچۆ ناو تاڵانەکە بگەڕێ بۆ خۆت بیدۆزەرەوە.
لەولاوە هاوەڵەکانی تاڵانیان دابووە پێش و ئەڕۆیشتنەوە، لەو بەری ئاوی زەڵمەوە یەکێ بانگی کرد: هۆ، هۆ، هۆ، عەولحەمی، عەولحەمی، عەولحەمی، عەولحەمیش هەر لە ناو دەواری دیوەخانەکەی پاشادا - کە بە پێوە ڕاوەستابوو - بە دەنگێکی قایم وتی: هۆ بەڵێ، هۆ بەڵێ، هۆ بەڵێ. کابرا بانگی کرد و وتی: بێوەڕێوە، بێوەڕێوە، بۆ چی وێستاگی؟ عەولحەمیش وتی: کوڕە بێژم چی کوچکی تۆی لێ نەوارێ، نێرەکەر کەوەم ماگە، پاشا ناچێتە ژێری، ناچێتە ژێڕی - پاشا بانگی عەلی بەگی کوڕی ئەکا ئەڵێ: ڕۆڵە بچۆ کەرێک بدە بەم سەگبابە با نەمخاتە ژێر نێرەکەرەکەوە.