گرنگیی تیۆرەكانی وەرگرتن خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە ناكرێت باس لە سیستەمی زمانی داخراوی دەق بكرێت بەدەر لە جیهانی بەها و دەورووبەر و مەبەست.
تایبەتمەندیی خوێندنەوە و وەرگرتن كارە ئەدەبی و هونەرییەكان لەلای تیۆرەكانی وەرگرتن كراوەیە بە رووی دەق و دەورووبەر و دونیادا، لەم رێگەیەوە چەندین بواری مەعریفی ئاوێزانی یەكتر دەبن، راڤەو شیكردنەوە تام و چێژی خۆی دەبێت و لە چورا چێوەی كرداری ئامار و دروستكردنی داتادا قەتیس نامینێت.
تیۆرەكانی وەرگرتن تازەترین پێشكەوتنە كە رەخنەی ئەدەبی پێی گەیشتووە، گرنگیی و زیندوویی و بناغەپتەوەكەی وایانكردووە نەك هەر ببێتە تەوەری لێكۆڵینەوە ئەدەبییەكانی گۆڕەپانی رەخنەی جیهانیی، بەڵكو گشت بوارە مەعریفییەكانی ئەم چەرخەمانی گرتووەتەوە، هەر لە ئەدەب و شانۆ، بۆ مۆسیقا و هونەریی وێنەكێشان و میدیا.
ئیستاتیكای وەرگرتن..
وەرگرتن بەوپێیەی بە پلەی یەكەم تەوەری پەیوەندیكردن و بەیەكگەیشتنە، بەردەوام جێی تێڕامان بووە، سەرەڕای جیاوازیی پلەی ئەو تێڕامانە و سروشت و بنەماكانی، هەر لە ئەرستۆوە تا دامەزراندی بناغەی ئیستاتیكای وەرگرتن لە ئەڵمانیا، بۆیە دەكرێت سەرەتاكانی كاركردن لەسەر ئەم چەمكە دیاری بكەین، لێرەدا كتێبی» هونەری شیعر» ی (ئەرستۆ 348- 322 پ، ز) كۆنترین رێگەخۆشكەری میتۆدبەندییە بۆ تیۆرێك كە تێیدا هاتنەوەڵامی جەماوەری وەرگر رۆڵی سەرەكی دەبینێت، چونكە هاتنە وەڵامی وەرگر رۆڵی سەرەكی دەبینێت، هاتنەوەڵام لای ئەرستۆ بیرۆكەی پاككردنەوە لە خۆ دەگرێت، پاككردنەوەش لە تراژیدیادا بەرجەستە دەبێت، بەو پێیەی چەمكێكی سەرەكییە لە چەمكەكانی ئەزموونی ئیستاتیكیی، بۆ نموونە:ئەرستۆ لە كتێبە بەناوبانگەكەی» پۆیەتیكا» لەمبارەیەوە دەڵێت: دەشێ وروژاندنی ترس و بەزەیی لە تراجیدیادا لە بینەران و بنیادی پلانەكەوە بكەوێتەگەڕ.
هەر لەباس و خواسی سەرهەڵدان و هۆكارە كاریگەرەكانی هاتنەكایەی تیۆری وەرگرتنەوە پێویستە ئاماژە بە رۆڵی قوتابخانەی كۆنستانز بۆ توێژینەوەی ئەدەبی بدەین، ئەم قوتابخانەیە كە بنەماكانی تیۆری وەرگرتنی دانا و برەوی پێدا، بەوە ناسراوە سەرچاوە رۆشنبیریی و هزرییەكانی زۆر و جۆراوجۆرن، ئەم قوتابخانەیە سوودی لە كۆمەڵێك كایەی مەعریفی جۆراجۆر بینیوە. لە بوارە ئەدەبی و نا ئەدەبییەكاندا داڕێژەرانی ئەم قوتابخانەیە سودمەندبوون لە چەمكەكانی دیاردەگەرایی «فینۆمینۆلۆجیا» بەتایبەت لە بیری» رۆمان ئینگاردن «ی قوتابیی هۆسرەل-ی دامەزرێنەری فەلسەفەی دیاردەگەرایی و هیرمینیۆتیكا، بەتایبەت لە تێزەكانی هانز گادامیر و لە كارەكانی قوتابخانەی فرانكفۆرت و براگ و ماركسیزم و بنەماگەرایی و سیمۆلۆجیا و رەوانبێژیی نوێ.
بنەماكانی كاری ئیستاتیكای وەرگرتن
ئیستاتیكای وەرگرتن یاخود تیۆری وەرگرتن، لە شەستەكانی سەدەی بیستەوە لە گۆڕەپانی رەخنەی ئەدەبیدا دەركەوت و لە حەفتا و هەشتاكانی هەمان سەدەدا پەرەی سەند، ئەم ئاراستە رەخنەییە بەرجەستەی ئەو پێشكەوتنە نوێیەیە كە هیرمینیۆتیكا لە ئەڵمانیا بەخۆیەوە بینی و لەسەر هەوڵ و كۆششەكانی دوو پێشەنگە سەرەكییەكەی دامەزرا، ئەوانیش هانز روبیرت یاوس و ڤۆڵڤانگ ئایزەر بوون.
تیۆری وەرگرتن لە بنەما و سەرهەڵدان بە پلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ توێژینەوەكانی یاوس كاتێك ساڵی 1976 لە باسێكدا بە ناونیشانی» مێژووی ئەدەب بەگژداچوونەوەی تیۆری ئەدەبە» پێشكەشی كرد، كە تێیدا رەخنەی لەو ئاراستە رەخنەییە باوانە گرت كە بوونیان لە گۆڕەپانی ئەدەبدا هەبوو، لەوانە، میتۆدی مێژوویی و ماركسیزم و میتۆدی فۆرمالیستە رووسییەكان و بنەماگەرایی.
ناوەڕۆكی ئەم كتێبەی دكتۆر یادگار گوزاراشت لەو قوتابخانە ئەدەبییە نوێیانە دەكات كە دێن و لەناوەڕۆكدا هەڵگری ئەو میتۆدی فەلسەفی و رەخنەییانەن كە رووبەڕووی قوتابخانە كۆنەكانی رەخنەی ئەدەبین، كاركردن لەبارەی رەخنەی ئەدەبییەوە ئاراستەیەكی بەجێ و جدییە بۆ ناسین و جیاكاریی نێوان قوتابخانە رەخنەییەكانی دونیای ئەدەبی بە تایبەت بۆ خوێنەری كورد كە زۆر گرنگە شارازایی لە بارەی قوتابخانە رەخنەییەكانەوە هەبێت و رەخنەی ئەدەبی وەك سەرچاوەیەك بۆ زیندووكردنەوەی فەزای ئەدەبی كوردیی تەماشا بكەین.
ئا: كامۆ حەوێزیی
2022-05-12
سەرچاوە: knwe