تیشکێک بۆ سەر بایکۆتی پارتی

 


   عومەر مەرگەیی

 

ئەگەرچی ئاماژە لۆژیکیەکان وای نشاندەدەن بەشداری نەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان شیمانەیەکی دوورە ، بەڵام ئەگەر ئەو گریمانە وا دەرنەچوو پارتی بایکۆتی کردبێگومان هەم پارتی زەرەرمەندی سەرەکی و هەم پرۆسەکە بەشێک لە بارە ئاساییەکەی لەدەست دەدات …

پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارە پەڕلەمانی کوردستان ، حکومەتی ناوەند و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکەن بە چاودێری ڕاستەوخۆی هاوپەیمانان و نەتەوەیەکگرتووەکان ...کشانەوەی پارتی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان هاو شێوەی کشانەوەی کوتلەی سەدری لەدەسەڵات نیە ، سەدریەکان مەبەستی سەرەکییان ئەوەبوو پیرۆزی و پاکی بەڕێز موقتەدا ( بە پێی تێڕوانینی سەدریەکان ) بە بەدەسەڵاتێکی پڕ لە گەندەڵی و ئاریشەی هەمەچەشن لەکەدار نەکەن ، لەبەر ئەوە ئەگەرچی گەورەترین هێزی ناوگوڕەپانی سیاسی عیراق بوون بەڵام کشانەوەکە  ئاسایی بوو چونکە لەخزمەت ئامانجەگەورەکەی مەرجەعیەتدا بوو بۆ بەڕێز موقتەدا سەدرئاڵتەرناتیڤ بۆ کشانەوەی هێزە گەورەکەی کوردستان نادیار یان بەندە دەرکی پێناکەم ، لەبەر ئەوە بە گەمەیەکی سیاسی پڕمەترسی لێکدەدرێتەوە و ئەگەرەکانی شکستی زۆرترە ... ئەگەرێکی دوور نیە لەبەر هۆکاری تایبەت کەمێک هەڵبژاردن دوابخرێت بەڵام لەبەر فشاری نێودەوڵەتی و خواستی عێراقیەکان بە کوردستانیشەوە ، بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە ڕێژەیەکی بەرز مسۆگەرە. 
 زۆر لە چاودێران پێیان وایە لە ئەگەری بەشداری نەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا لەم پرۆسەدا لەوانەیە هەندێک هێزی عێراقی و کوردستانی هاوڕا و هاوهەڵوێست دەرچن و ئەوەش دەست تێوەردانی وڵاتانی هەرێمی بەدوای خۆیدا بهێنێ و  دەرەنجام ببێتە هۆکاری دابڕانی ناوچەیەکی فراوان لە نەخشەی سیاسی . بەڵام سەرجەم ئاماژە سیاسیەکان دەریدەخەن کە ویستی حکومەتی عێراق و بەرژەوەندیە ئابووری و سیاسیەکانی رۆژئاوا بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەت  ڕێگانادەن یەکپارچەیی خاکی عێراق مەترسی بکەوێتەسەر ... پوختەی کەلام نەک هەر بەشداریکردن ، بەڵکو لەگەڵ سەرکەوتوویی پرۆسەکەدا ئەگەر لایەنە سیاسیەکانیش یەکگرتوو نەبن هەرگەلەکەمان ڕۆژ بە ڕۆژ لە شکست نزیک دەبێتەوە .

سەرچاوە : خەندان