تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ژینگە لەبارەکەی تاوان

ئاوێر شاسوار

تاوانە مەترسیدارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە روی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە تادێت رولەهەڵکشانە و بوەتە دیاردەیەکی مەترسیدار دیارترینیشیان ‏دەستبەسەرداگرتنی وێنە و ڤیدیۆی روتی خەڵکە لەڕێگەی هەڵخەڵەتاندن یان دەستاودەستکردن یان دەستبەسەرداگرتنی ئەکاونتەکانیانەوە، ئەو ‏کەسانەشی کەئەبن بە نێچیری تاوانباران لە هەردو رەگەز و لە تەمەنی جیاواز و ئاستی ڕۆشنبیری و پێگەی کۆمەڵایەتی و پلەی زانستیی جیاوازن، راستە ‏لەمەشدا پشکی شێر بەر ژنان و کچان ئەکەوێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەی تاوانەکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کەسی قوربانی هەیە و روبەڕوی هەڕەشە و ‏تەنانەت مەترسی کوشتن و خۆکوشتنیشیان ئەکاتەوە، دواجار تەواوی خزم و کەسوکار وەک ئەڵێن ئەوانەشی کە بەخوێی چێشت پێی ئەگات بێبەش ‏نابێت لە پریشکی ئەو ئاگرە‎.‎

‏”قوربانیەکان لەترسی ئابڕوچون سکاڵا تۆمارناکەن“‏

گرفتی سەرەکی لەمجۆر کێشانەدا ئەوەیە قوربانی ئامادەنییە سکاڵا تۆمار بکات، لەبەرئەوەی پێیوایە بە ئاشکرابونی لای خێزانەکەی سەرەڕای ‏ئابڕو چونی روبەڕوی مەترسیی کوشتن یان ناچارکردن بە خۆکوشتن ئەبێتەوە و خێزانەکەی ئامادەنین پشتیبگرن و وەك تاوانبار مامەڵەی لەگەڵدا ئەکەن ‏نەك تاوانلێکراو، هەر بۆیە بەشێکی قوربانییەکان هەوڵیانداوە بەبڕێک پارەی زۆری وێنە و ڤیدیۆکانیان بکڕنەوە و بۆ دەستەبەرکردنی ئەو بڕە پارەیەش ‏زۆرجار ناچاربون دزی لە خانەوادەکانیان بکەن، بەڵام لەبەرامبەردا تەواوی کۆپییەکانیان وەرنەگرتوەتەوە و دواجار وێنە و ڤیدیۆکانیان بڵاوکراوەتەوە، ‏لەم بارەشدا جگە لەوەی قوربانیی سەرەکیی تاوانەکە ژیانی کەوتوەتە مەترسییەوە تەواوی بنەماڵەکەشیان کەوتونەتە بەر تیروتوانجی کۆمەڵگە و ئەوانیش ‏بون بە قوربانی‎.‎

جێگای ئاماژەبۆکردنە هەریەك لە یاسای سزادانی عێراقی و یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن، سزای بەندکردن و غەرامەی داناوە بۆ سزادانی ‏تاوانباران، بەڵام لەبەر ئەوەی سکاڵا تۆمار ناکرێت یان تاوانکاران زۆر شارەزایانە تاوانەکە ئەنجام ئەدەن و هیچ بەڵگە و ئاسەوارێك بەجێناهێڵن بۆیە ‏بەشێكی زۆریان بەبێ سزا وەرگرتن دەربازدەبن‎.‎

بیرمان نەچێت کێشەی تاوانی ئەلیکترۆنی جیهانییە و لە زۆر وڵات بۆ دزینی پارە لە بانکەکان یان هاککردن و دەستبەسەردا گرتنی پێگە و ماڵپەڕە ‏ئەلیکترۆنییەکانی دامەزراوە گەورە و هەستیارەکان بەکارئەهێنرێت، تا ئێستاش نەتوانراوە وەك هەر جۆرێکی تری تاوان بنەبڕبکرێت‎. ‎

‏”ژن و پیاو هەمو لەبەردەم هەڕەشەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانداین“‏

ئەنتەرنێت لای زۆرێکمان بوە بە زەرورەتی ژیان و لە زۆرینەی ماڵەکاندا بونی هەیە، کەواتە گەورە و بچوك، ژن و پیاو، هەمو لەبەردەم هەڕەشەی تاوانە ‏ئەلیکترۆنییەکانداین، چۆنێتی روبەڕوبونەوە یان کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەم تاوانە کاری کەسانی پسپۆڕە و من نامەوێت شتێکی ئەوتۆی لەبارەوە ‏بڵێم، تەنها ئەوەندە نەبێت لەڕوە یاساییەکەوە  وایئەبینم هەموارکردنەوەی یاسا بەرکارەکان و توندکردن و قورسکردنی سزاکان ئەشێت کاریگەری هەبێت بۆ ‏چاوترسێن کردنی خەڵك و دورکەوتنەوە لەم جۆر تاوانە‎.‎

دواجار تکا ئەکەم واز لەسەرکۆنەی قوربانییەکانبێنن، لەبری ئەوە هاوکار و پاڵپشتیانبن با خەڵکانی بێویژدان و هەڵپەرست باجی تاوانەکانیانبدەن‎.‎

سەرچاوە : ئێستانیوز