تۆفیق ئاغای گەڵاڵی گێڕایەوە وتی: وەختی...

تۆفیق ئاغای گەڵاڵی گێڕایەوە وتی: وەختی خۆی کابرایەکی شێخ سمایلی لەگەڵ عەباس ئاغای باوکم ناسیاوی هەبوو، ڕۆژێک کۆچمان کرد بۆ کوێستان ئەچووین، من و بەوراغا و ئەوڵاغا و دوو سواری کە، لە خزمەت باوکما بووین، ڕێمان کەوتە بەر ماڵی کابرا، کابرا لەگەڵ باوکمی چاوپێکەوت ڕایکرد جڵەوی ئەسپەکەی گرت و وتی: ئاغا، یان ئەبێ ئەمر بکەن بمکوژن یاخود دابەزی لە ماڵ ئەم خزمەتکاری خۆتە قاوەڵتی بکەی. باوکیشم ڕووی کردە ئێمە و فەرمووی: ئەم پیاوە لە قەدیمەوە دۆستمە، با دڵی نەیەشێ دابەزین.
ئیتر دابەزین چووینە ژێر دەوارەکە، کابرا دەستوبرد گیسکێکی سەربڕی خۆی و ژنەکەی دەستیان کرد بە گرون و لێنانی، دوو سێ سەعات دانیشتین هەر چیغێکیش لە بەینمانا بوو - باوکم بانگی کرد فەرمووی: ئێمە ڕێمان دوورە زوو نانمان بدەنێ با بیخۆین و بڕۆین. گوێمان لێبوو کابرا لەودیوی چیغەکەوە بە ژنەکەی وت: درەنگە تێکە با بۆیان بەرم. ژنەکەش وتی: چیبکەم گۆشتەکە نەکوڵاوە. کابرا وتی: کچێ تێکە ئەمانە گەڵاڵین، گەڵاڵی، سەگی سیا بە پێستەوە ئەخۆن! باوکم تەماشایەکی ئێمەی کرد و زەردەخەنەیەکی کرد و ئێمەش پێکەنین.