تۆ بڵێی کورد خوێندنەوەی بۆ دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی هەبێ؟

 


تاڤگە سابیر


نا سروشتییەو نا لۆژیکی ، کە چاوەڕوانی ئەوەبین ، کە هێزێکی نا مەدەنی و نا عەقڵی کۆمەڵگایەکی مەدەنیت بۆ دروستبکات ، یاخود تەشویقی ئەخلاقی مەدەنی بکا، نا لۆژیکییە چونکی ئەمە وەك ئەگەر بەشێك نییە لە ماهیەتی ئەو هێزە، ئیدی لێرەوە هەموو هەوڵێك لەگەڵ ئەو هێزانەی گۆڕەپانی کوردی بۆ ڕیفۆرم کردنیان ، بەمەدەنیکردنیان بۆ بەعەقڵانیکردنیان هەوڵێکی بێستوودەو هیچی لێ بەرهەمنایەت مەسەلەکە ئەوە نییە ، کە گەربێتو تۆ ئەم هێزانە بەئایدیاکان ، بەبەها مەدەنییەکان ، بەفەلسەفەی سیاسی و هونەری حوکمکردن ئاشنابکەیت ، ئەگەری ئەوە هەیە ئایدیاکان هەڵبگرنەوەو بەخۆیاندا بچنەوەو بەهاکان بکەن بەبەشێك لەخۆیان، یاخود ئەوەی کەپەلیان بگریت و بەشارستانیەت و هونەرەکانیان بناسێنیت ئیدی ئەوان دەگۆڕێن یاخود کارێك بکەیت ژمارەیەك لەکەسایەتییەکانیان بۆماوەیەك لەژێرسایەی دەوڵەتی یاساو سیستەمێکی تاڕادەیەك دروست و ماناداردا بژین ، تاکوفێربن و بگۆڕدرێن، نا ئەم ئەگەرەش تاقیکراوەتەوە.

کەمنین ئەو کەسانەی ، کەئێستا بەشێکن لە " دامودەزگا" بەناو "حکومی" و " مەدەنیەکان" ی کوردستان، کەساڵهای ساڵ لەئەوروپاو ئەمەریکا ژیاون کەچی ئێستا فاسدترین کەسانی ئەم وڵاتەن و تاسنووێك خاوەنی دەستوپێوەند ڕاسترە بڵێن مافیایەکن لەبەر هۆیەکی سادە ئەویش لە ماهیەتی ئەواندا ئەگەرێکی مەدەنیبوون و ئەزلاقی مەدەنی بوونی نییە.

لەماوەی ٣٠ ساڵی ڕابوودودا کەمنین ئەو هەوڵانەی ، کە لەگەڵ ئەم هێزنەدا دراون.. هەر لەخستنەڕووی ئایدیاو پێشنیازو پرۆژەوە، تاکو خوێندنەوەی ڕەخنەییانە بۆ " ئەجێندا" کانیان و ڕەخنە لەپراکتیکەکانیان، بەڵام ئاوڕیان لەهیچی نەداوەتەوە لەجیاتی ئەمە چەندان بیرۆکەی نەزۆك و ئایدیای سکراببوو و گووتاری سادەلەحانەیان تەبەناکردووە .

 تاکە چارەو تاکە ستراتیژیەتی دروست لەگەڵ ئەم هێزانەدا وەلاوەنانیانە ، ڕەتکردنەوەیانەو بەتایبەتی لابردنیانە لەسەر " حوکم و ڕێگەنەدانە بەوەی کەجارێکی دی توخنی دەسەڵاتبکەون ، کەئەمەش هەواڵێکی زۆرناخوشە بۆ ئەکتیڤیستە سیاسییەکانی کوردستان و ئەوانەی خەون بەگۆڕانەوە دەبینن، لەبەریەك هۆی سادە ئەویش ئەوەی کە ئەم هێزانەبێگانەنین بە کوردو لەئەستێرەیەکی دیکەوە نەهاتوون، ئەم هێزانە تاسەر ئێسقان کوردین و ڕەگوڕیشەیان بەناو ئەم خەڵکەو ئەم کۆمەڵگایەدا چۆتەخوارێ و زادەی ئەم کۆمەڵە خەڵکەن کە پێیدەڵێن کورد زادەی عەقڵ و بیرکردنەوەی کوردن ، ڕاستترە بڵێن بیرنەکردنەوەی مرۆڤی کورد خۆین زادەی دابڕانی کوردن لەشارستانیەت کەواتە وەك چۆن ڕیفۆرمکردنیان و باشترکردن و گۆڕینیان مەحاڵە ، ئاوهاش وەلاوەنانیان و لابردنیان مەحاڵە ، دابڕانی ئەم هێزانە لەستراکچەرو پێکهاتەی " چڤات" ی کوردی و لەستراکچەری عەقڵی مرۆڤی کورد ، جگەلەوەی هەڵەیەکی فیکری و مەنهەجیە، هیچ شوێنێکمان ناگەیەنێت کەواتە لابردنی ئەو هێزانە نەك لەئێستادا بەڵکو لەمەودای دووریشدا نەشیاوەو نەئەگەرێگە تا تەحقیق بکردرێت.

ئێستا کاتی خۆیەتی باس لە لێپرسراوێتی جەماوەر بکەم بەرانبەر بەو ستەمکارییەی کە لە کوردستانی باشوور باڵادەستە..

لێپرسراوێتی جەماوەر بەرانبەر بەو هێزانەی کە هۆکاری ئەو هەموو گەندەڵیی و نایەکسانیی و ناڕەواییەن کە هەیە، خەسلەتێکی ناسینەوەی جەماوەر بریتییە لە بێ یادەوەریی یان کورتبینیی یادەوەریی لەوەدا کە دوێنێی لەبیر نییە.. بەڵێ دوێنێ بە واتای وشە نەک دوێنێیەکی دوور بەڵکە هەر دوێنێی لە بیر نییە.. دوێنێی رووداوەکان و دەنگوباسەکان و کێشەکان و دەردەسەریی و ئازار ئەشکەنجەکان، هەڵسوکەوتی دوێنێی بە ناو حیزب و دەسەڵات و لێپرسراوان و بەناو سیاسییەکان.. دوێنێی هەڵسوکەوتی خۆیی و رۆڵی خۆیی و لێپرسراوێتی خۆیی لە پەروەردەکردنی ئەو هێزانەدا کە ئەمرۆ لێیدەخوڕن، دیارە ئێمە بە واتای وشە "سیاسیی" یان " سیاسەتمەدار"مان نییە، بەڵام دەبێ زۆر هۆشیار بین ئەوانەی لە ژێر ئەو ناوەدا و بەو ناوە وە کار دەکەن زۆر زۆرزانن و پەییان بەو خەسڵەتەی جەماوەر بردووە و بێباکانە کاردەکەن و لێدوان دەدەن چونکە دەزانن سبەی لە بیر دەچێتەوە یاخود کەسێک نییە بڵێ "ئەو وتەیەی ئەورۆت یان ئەو لێدوان و بەرنامەیەی ئەوڕۆت جیاوازە لەوەی دوێنێت''.

 

ئەوەی ڕوودەدا  جارێکی دی ئەو ڕاستییەی لا تۆخکردینەوە کەستەمکاری لە دنیای ئێمەدا لە کوردستان هەموو شتێکە ستەمکاری واقیعە..

 ئەم حاڵەتە ستەمکارییە کارێکی کردوە کەلەلایەکەوە کۆیلەیی بەرکەماڵ بێت و تەحقیرکردنی مرۆڤەکان و بەگەمژەکردنیان ..

 لێرەوە مرۆڤەکان لە هەموو مافێك بێبەرین لەوانەش مافی خەون بینین بەهەلومەرجێکی کەمێك مرۆڤیەوە دەتوانین لەوە تێبگەین کەچی لە دنیاکەی ئەواندا دەگوزەرێ و بۆ کۆمەڵگا بووەتە زیندان دەتوانن ، وەکو مرۆڤ ئەزموونی مرۆڤبوونی خۆیان بکەن ، کە یەکێك لەڕەهەندەکانی مرۆڤبوون بریتیە لە بەشداریکردن لە سیاسەتدا و لە بڕیارەکاندا کار بەو ئاستە تراژیدی کۆمیدییە ترسناکە گەیشتوە ، کە هەنێك لەو سەرکردەنە بوونەتە پسپۆڕی ئەشکەنجە و سزادان.

 

ئەم حاڵەتە ستەمکارییە بۆتە مایەی لە دایکبوونی هەموو جۆرە دیدو بۆ چوونێکی توندڕەوانەی دژ بە عەقڵانیەت ، لە دایکبوونی مرۆڤنێك ، کە تەنها لە توندوتیژیدا دەتوانێت هەست بە خۆی بکا، مرۆڤێکی تێکشکاو و بێهیواو بێئومێد ، بەهۆی ستەمکارییەوە مرۆڤەکان لە مرۆڤن لە جەوهەری مرۆڤی خۆیان داماڵڕاون و نامۆن ، بوارێك ، فەزایەکی مەدەنی و گشتی نییە بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر کێشەکان، بۆ لێدوان لەو شتانەی ڕوودەدەن لە کوردستانی باشوردا ،ستەمکاری کارێکی کردوە کە مرۆڤەکان تێنەگەن و پرسیارنەکەن ، کە بۆچی دیکتاتۆرە لەسەر کورسی دەسەڵاتە و بەو هێزی خۆی ، کە هەیەتی و لە گیانی ڕۆلەی کوردی بەردەدەن ، ستەمکاری بەتەنها مرۆڤێکی بێئومێد و نامۆو لەجەوهەری مرۆڤی دابڕاوی دروستنەکردووە، بەڵکو مرۆڤێکی گەمژەشی دروستکردوە ، کە زۆر ناڕەسەنەو نە ئەوەتا تێبگا کەچی لە کۆمەڵگا دەگوزەرێ و ئەوانی دیکە کێن و نە ئەوەتا تێبگا ئەمە کێیە و دەبێت چی بکا بۆ ئەوەی خاوەنی خۆی بێت نە ئەوەتا تێبگا دوژمنیەکانی کێن و نە ئەوەتا تێبگا دۆستەکانی کێن؟ ستەمکاری مرۆڤێکی بیماری ، کەنەقتی دروستکردوە ، کە ئامڕازێکە بۆ هەموو ئەو پرۆژانەی ، کە مەبەست لە بوونیان خوێنڕشتنە، ئەو خوێنەی کەهێشتا نەڕژاوەو بەڵام دەڕژێت.

پارتی و یەکێتی زۆر لە ووشەی دیموکراسیەت دەترسن ، کە لە کوردستان بەرکەماڵبێت چونکی دیموکراسیەت بەلانی کەمەوە فەزایەکی مەدەنی دەخوڵقێنێ کە گروپە جیاوازەکان ، مرۆڤەکان بتوانن هەم لە ململانێیەکی ئازادی بەعەقڵانی کراودا دژ بەیەکبن ، واتە داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانیان بکەن هەم پرسیاربکەن هەم دیدیان پەخشبکەنەوە، ئەم فەزایەش واتە کۆمەڵگای مەدەنی کەتێیدا لە ڕووی پرەنسیپەوە ستەمکارێك نەتوانێ سەرهەڵبداو بەناوی هەمووانەوە لەسەر مێزی گفتوگۆکان لەتەك سیاسەتمەدارانی جیهان دابنیشێ و بڕیاربداو پەیمان ئیمزابکا ، ئەم حاڵەتەش بۆ پارتی و یەکێتی بەمانای ووشە شوێنی قولەقییە ، ئەگەر ئەم فەزایە دروستبێت ئەی چۆن ڕاورووتی ئەو نیشتمانە بکا؟ یان چۆن سەروەت و سامانی ئەو نیشتمانە بدزێ و وە چۆن ڕۆژانە سوکایەتی بەکەرامەتی مرۆڤی ئەو نیشتیمانە بکا؟

ئەوەی ڕوویدا پێیگوتین کەتا چەند مرۆڤ بێحورمەتکراوە لە کوردستان تا چەند پارتی و یەکێتی سەرقاڵی ڕەزیلکردن و سوکایەتیکردن  و تەحقیر کردنی مرۆڤن ، تا چەند ئەو مرۆڤانە بێئومێدو بێدواڕۆژکراون ، تا چەند ڕۆشنبیرەکانی کورد لەم کارەساتانەدا بەشدارن ، ئەوانەش ، کە گوایا چارەسەریان پێیە!

شێوێنی خۆیەتی بڵێین کە  " هێزی پارتی و یەکێتی " بەشدارییەکی تەواوی ئەو فەسادو ستەمکاریە دەکەن کە لە کوردستاندا بەرکەماڵەو لێپرسراون  لەوەی چی لەم دەڤەرەدا ڕوودەدا.