تکایە هەواڵی ئەم جۆرە کوشتنانە ڕامەگرن

 

 

عوسمان گوڵپی

چەند ڕۆژێکە بە چەندین هۆکار ڕاگرتنی هەواڵی کوشتن بوەتە باسی میدیاکان و زۆرترین میدیاش پابەندیان ڕاگەیاندوە بە هەندێك لە میدیاکانی حیزبی دەسەڵاتیشەوە، تەنانەت داواکاری گشتی داواکاریەکی لەو جۆرەی لە ڕاگەیاندنەکان هەبو کە ببێتە بڕیار

لێرەدا من خاڵە نەرێنی و ئەرێنیەکان جێدەهێڵم بۆ شارەزایان، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە جیاوازی لە جۆری کوشتنەکان بکرێت و تەنها رێگە لە ڕوماڵکردنی ئەو کوشتنانە بکرێت کە هۆکاری کۆمەڵاتی و خێزانین و ئەمەش جێگای دەستخۆشیە لە ژێر کاریگەری لێکەوتە نەرێنیەکانی لەسەر کۆی کۆمەڵگە، بەڵام پێویستە میدیاکان زۆر باش ئەو کوشتن و خوێنڕشتنانە ڕوماڵ بکەن کە دەسەڵات و حیزبی حاکم ئەنجامیان دەدەن، ئێمە لە وڵاتێکداین کە بەشێك لە کوشتنەکان دەسەڵات یان ڕاستەوخۆ لە پشتیانەوەیە یان ئەندامانی هێزە ئەمنیەکانن و دەسەڵاتەکانیان و چەکی فەرمی بۆ کوشتن بەکار دەهێنن.

خەتەرێکی گەورەیە بە پاساوی ڕوماڵ نەکردنی کوشتن ئەو خوێنانەی دەسەڵات دەیانڕێژێت پەردەپۆش بکرێن، ئەمە دەبێتە هاندەرێك و دەستکراوەیی دەسەڵات و حیزبە حاکمەکان بۆ ئاسانتر دەستبردن بۆ تیرۆر و کوشتن، بۆیە پێویستە میدیاکان زۆر فراوانتر لە جاران ئەو ڕوداوانە ڕوماڵ بکەن کە دەسەڵات و چەکدارەکانیان هۆکاری ئەنجامدانیانن.

بەداخەوە کە ئێمە لە سنورێکی جوگرافیداین کە ئەوەندەی چەکی مۆڵەتدار مەترسیە لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ژیانی خەڵك ئەوەندە چەکی بێ مۆڵەت مەترسی نیە، 

هەمو کوشتنەکانیتر دەکرێت بە ئاسایی تەماشا بکرێن و لە کاتی هەڵکشاندا رێکاری رێگری زیاتر بۆ هەڵکشانەکە بگیرێتەبەر کە یەکێکیان رێکخستنی میدیایە.

لە هەمو کۆمەڵگەکانی دنیاشدا بە پێشکەوتو و دواکەوتوەوە حاڵەتی کوشتن  بە رێژەی جیاواز بونی هەیە، بەڵام کوشتن و تیرۆرکردن و تەسفیە حساباتە جیاوازەکان کە دەسەڵات و هێزە باڵادەستە جیاوازەکان لە پشتیانن و هۆکاری ئەنجامدانن لە هەمو وڵاتێکدا نین و تەنها لەو وڵاتانە دەبنە دیاردە کە یاسا هیچ رۆڵێکی نیە یان زۆر لاوازە تیایاندا.

بۆیە داوا لە ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندن کاران دەکەم کە هیچ کات نەوەستن لە ڕوماڵی ئەو کوشتنانەی کەدەسەڵات یان هێزی سەربەدەسەڵات یان بە چەکی دەسەڵات ئەنجام دەدرێن تا کوشتنەکانیان دەبنە ڕای گشتی، گەر وانەبێ ئەوا دەسەڵات دەستکراوە دەبێت لە تەسفیە حساباتی خۆی و نەیارو ڕەخنەگرەکان بە سیناریۆی جیاواز دەکوژن، ئەوکات نە میدیا باسیان دەکات و نە یاسایەکیش هەیە بۆ دادوەری.

مەترسی جدیش ئەوکاتە دەستپێدەکات کە دەسەڵات لە پشت کوشتنەکانەوەبێت و رێگربێ لە میدیا بە پاساوی رێگری لە ڕوماڵی کوشتن بیکاتە هەواڵ.

سەرچاوە : خەندان