توندوتیژیی زەنگێكی مەترسیدار!!

 


تاڤگە سابیر

هزری په‌ڕگیریی یان توندڕەویی وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌بۆسه‌دا بێت، 
هه‌میشه‌ به‌دوای ده‌رفه‌تێكدا ده‌گه‌ڕێت تاكو سه‌ر بكات و له‌ڕه‌فتارێكدا به‌رجه‌سته‌بێ و خۆی بخاته‌ڕوو، ئه‌و ڕه‌فتاره‌ش كه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌و به‌دوایدا دێت توندوتیژییه‌. توندوتیژیی ڕه‌گوڕیشه‌ی بایۆلۆژی و بۆماوه‌یی نییه‌، ڕه‌فتارێكی وه‌رگیراوه‌و به‌هۆی زه‌مینه‌یه‌كی شیاو و له‌باره‌وه‌ بووه‌ به‌نه‌ریت. سه‌ره‌تا به‌نه‌خۆشییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ژمار ده‌كرێت. وه‌ك هه‌ر نه‌خۆشییه‌كی تری كۆمه‌ڵگە، ئه‌میش هۆكاری خۆی هه‌یه‌و به‌بنه‌بڕكردنی هۆكاره‌كانیش، ئه‌گه‌ری سەرهەڵدانی چاره‌سه‌ر دێته‌ ئاراوه‌..!

توندوتیژیی زه‌نگێك یان په‌یامێكی مه‌ترسیداره‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگەو پێویسته‌ به‌وردی خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت به‌ر له‌وه‌ی بگاته‌ ئاستی تاوان و زیان بگه‌یه‌نێت و له‌شێوه‌كانی لێدان و ده‌ستدرێژی و وێرانكردن و تێكدان و فه‌وتاندنی موڵكی گشتی و كوشتن و دزی و ڕاووڕوت و ئاژاوه‌گێڕی و مانگرتن و …تاد، ڕه‌نگبداته‌وه‌.

ئه‌م تاوانانه‌ كه‌سێك یان چه‌ند كه‌سێكی توندڕه‌وو په‌ڕگیر، پلانی بۆ داده‌ڕێژێت یان دایده‌ڕێژن و هه‌ر خۆی یان خۆیان یاخود به‌ كه‌سێك یان چه‌ند كه‌سێكی توندوتیژ ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی بۆی داڕێژراوه‌ به‌جێ به‌جێكردن ده‌گات. باری سایكۆلۆژی ئه‌و كه‌سانه‌ هاوشێوه‌ی یه‌كتره‌و هه‌موویان له‌وه‌دا له‌یه‌ك ده‌چن كه‌ له‌زه‌لكاوی نوشست و نائومێدیدا، گیرخواردووی بێچاره‌ن.

توندوتیژ پێش ئه‌وه‌ی هیچ ڕه‌فتارێكی توندوتیژیی لێبوه‌شێته‌وه‌، كه‌سێتییه‌كی نائارامی هه‌یه‌و له‌ژیانی تایبه‌تی خۆیدا هه‌ست به‌ئاسایش ناكات و بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی خۆی په‌نا ده‌باته‌به‌ر توندوتیژیی. ئه‌گه‌ر بۆی چووه‌سه‌رو سه‌ركه‌وتنی بەدەستهێنا ئالێره‌وه‌ ده‌یكات به‌نه‌ریت و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ری.

توندوتیژ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ له‌یه‌ك گۆشه‌نیگاوه‌ بۆ شتومه‌ك ودیارده‌و ڕووداوه‌كان ده‌ڕوانێت و هه‌ر ئه‌وه‌ی خۆی پێ ڕاسته‌. نه‌ك هه‌موو گۆشه‌نیگاكانی تری پێ چه‌وت و ناڕێكه‌ به‌ڵكو ئاماده‌ش نییه‌ گوێیان لێبگرێت ومافی ده‌ربڕینیان لێده‌ستێنێته‌وه‌و دان به‌بوونیاندا نانێت. به‌لای ئه‌وه‌وه‌ بایه‌خدان به‌ڕاوبۆچوونی خه‌ڵكی و هه‌ستونه‌ستیان، لاوازییه‌و وازهێنانه‌ له‌مافی خود.

توندوتیژ كه‌سێكی هه‌ستیاره‌ و هه‌رده‌م له‌و بڕوایه‌دایه‌ كه‌ هێرشی له‌سه‌ره‌ یان ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستی دوژمن، بۆیه‌ به‌به‌رده‌وامی ئاماده‌یه‌ بۆ داكۆكی كردن له‌خۆی و هێز به‌كارده‌هێنێت. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ڕه‌فتاری شه‌ڕانگێزی به‌ڕه‌وا ده‌بینێت چونكه‌ به‌لای ئه‌وه‌وه‌ كۆمه‌ڵگا جه‌نگه‌ڵستانه‌و یاسای جه‌نگه‌ڵ ده‌یبات به‌ڕێوه‌. ئه‌و له‌هزری خۆیدا ده‌ڵێت: خه‌ڵكی ته‌نها ڕێز له‌به‌هێزه‌كان ده‌گرن و پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر گورگ نه‌بێت گورگ ده‌تخوات..

توندوتیژ له ‌گومان و راڕاییدا ده‌ژی و باوه‌ڕی به‌خۆی نییه‌و ده‌یه‌وێت به‌ڕه‌فتارێكی سه‌رچڵ و سه‌ركه‌شانه‌ی تاکڕەو بەپشت به‌ستوو به‌هێز، ئامانجه‌كانی به‌دی بهێنێت تاكو خودی خۆی بسه‌لمێنێت. بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی جێگیری و هاوسه‌نگی ده‌روونی خۆی، خه‌ڵكی وه‌ك كه‌ره‌سه‌و شتومه‌كی بێ هه‌ست و هۆش ده‌بینێت وا ده‌زانێت بۆ خزمه‌تی ئه‌و دروست بوون و ناتوانێت له‌ڕووی ویژدانییه‌وه‌، له‌گه‌ڵیاندا هاوبه‌ش بێت وتێكه‌ڵیان نابێت و پێی خۆشه‌ به‌گۆشه‌گیریی و دووره‌په‌رێزیی بژی.

تۆو و گه‌رای توندوتیژیی، له‌خێزانی داخراوی نه‌ریتخوازی له‌قاڵبدراودا، سەوز ده‌بێت و پاشان ده‌بێته‌ نیشانه‌ی كه‌سێتی و لێی نابێته‌وه‌. ڕاسته‌ كۆمه‌ڵگەی داخراو زه‌مینه‌یه‌كی له‌بارو به‌پیته‌ بۆ به‌رهه‌م هێًنانی خێزان و تاكی توندوتیژ، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ ئه‌و خێزانه‌ی تاكی توندوتیژ به‌رهه‌م ده‌هێنێت هه‌ر له‌كۆمه‌ڵگەیه‌كی داخراودا بێت. له‌كۆمه‌ڵگەی كراوه‌شدا ئه‌و خێزانانه‌ زۆرن كه‌ له‌گه‌شه‌پێكردنی منداڵه‌كانیاندا، به‌ته‌نها پشت به‌ شێوازی ڕه‌خنه‌و له‌قاڵبدان و دڵڕه‌قی و سزای توند ده‌به‌ستن و ده‌یانه‌وێت منداڵه‌كانیان له‌هه‌موو شتێكدا نمونه‌یی بن و به‌كامڵی ته‌واوه‌تی بگه‌ن، ئه‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ و په‌روه‌رده‌كردنانه‌ش، هه‌روه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرێت،گه‌شه‌نه‌كردنی ویژدان و خۆ به‌كه‌م یان به‌هیچ زانین و شه‌رانگێزیی و نائارامیی و ململانێی ده‌روونیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ش نیشانه‌كانی كه‌سێتی توندوتیژن. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ویژدانی كه‌سێك وه‌كو پێویست گه‌شه‌ی نه‌كردبێت ئه‌وا ناتوانێت له ‌خۆشیی و ناخۆشییه‌كاندا، هاوبه‌شی كه‌سانیتر بكات. ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌ست به‌ كه‌میی یان به‌ هیچیی بكات ئه‌م گرێی ده‌روونییه‌ له ‌ژینگه‌ی ناله‌باردا سه‌رچاوه‌یه‌كه‌ بۆ خۆ به‌شتزانین و به‌كه‌مزانینی كه‌سانی تر و زیادڕه‌وییكردن له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی تواناكانی خوددا.