تورکیا لە نێوان "پیاوی نەخۆش" و وەهمەکانی دەسەڵات

 

 

 

بەرزان حەمەسوور

 

بەتەنها سەرۆک نەخۆش نییە..دەوڵەتیش نەخۆشە !
تورکیا لە نێوان "پیاوی نەخۆش" و وەهمەکانی دەسەڵات: بەراوردکردنی دوێنێ و ئەمڕۆ..

لە ساڵی ٢٠٠٢ ڕۆژنامەنووسێکی جەزائیری بابەتێکی بە ناوی "دەوڵەتی ئینکشاری" نووسی، کە ئیلهامێکی لە وتارێکی سەرۆک عەبدولعەزیز بوتەفلیقە وەرگرتبوو  تیایدا وتبوی کە "دەوڵەت نەخۆشە"  بە گێڕانەوەی ووتەیەکی ئیبن خالدون، کە دەڵێت:

" پیاوەکانی دەستوپێوەند  بوونەتە بارگرانییەکەی دەوڵەت " 

ئەم هاوارە تەنیا دەربڕینی بێزاری سیاسی نەبوو، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخ تێکچوونە بوو کە دەتوانێت بەسەر هەر وڵاتێکدا بێت کاتێک قیبلەنماکەی  بۆ چاکسازی لەدەست دەدات و نوقم دەبێت لە گەندەڵیی دەستوپێوەندی دزوگەندەڵ و سەرکردایەتی لوتبەرزی نەزان ولاوازدا..!

ئەوەی لە سەدەی نۆزدەهەمدا بەسەر ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا هات، کاتێک بەهۆی شکستە سەربازییەکان و زیانەکانی لەدەستدانی خاکەوە ناوی لێنرا "پیاوی نەخۆشی ئەوروپا"، ئەمڕۆ هەمان سیناریۆ لە تورکیای مۆدێرن لەژێر دەسەڵاتی ڕەجەب تەیب ئەردۆگاندا دووبارە دەبێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە پۆشاکێکی جیاواز و بە ئەکتەروکۆمبارس وکەرەستەی نوێ..!

تورکیا ئەمڕۆ: لە نێوان تەماح و داکشاندا هەروەک چۆن ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە لوتکەی دەسەڵاتی خۆیدا بوو، دەسەڵاتی بەسەر سێ کیشوەردا درێژبووەوە و فەرماندەکانی ملهوڕییان دەکرد، تورکییەی مۆدێرن لە سەردەمی ئەردۆگاندا شاهیدی دەستپێکردنی ڕێنێسانسێکی ئابووری و سیاسی بووە ، وەک سەرکردەیەک کە توانای گەڕاندنەوەی شکۆمەندی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی هەبێت، پێگەی خۆی وادانابوو کەتاج و شکۆی سوڵتانەکانی عوسمانی بخاتەسەر. بەڵام هەر زوو ئەم وێنەیە لەت بوو..  تورکیا لە ئەنجامی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و سەرگەرمی فراوانکردنی دەسەڵاتی سەربازی پەلهاویشتن بۆدەرەوەی سنور،گێژاوی ئابووری بووەهۆی لەدەستدانی سەقامگیری ناوخۆیی تورکیا.

هەڵاوسان ودابەزینی کێرڤی ئابووری لە ساڵی ٢٠١٨ وە زۆر بەزەقی دەرکەوت ، لیرەی تورکی تووشی داڕمانی یەک لە دوای یەک بووە، بەهاکەی بۆ ئاستێکی بێ وێنە دابەزیوە بەهۆی:

1- تێچووە زەبەلاحەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لەودیوسنورلە کوردستان وسوریاو لیبیاو ئەفریقا.

2- بەردەوامی دەستێوەردانەکانی ئەردۆگان لە سیاسەتی دراو و ڕەتکردنەوەی بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود سەرەڕای بەرزبوونەوەی هەڵاوسان .

3- قۆرخکردنی گشت جومگەکانی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت (یاسادانان وجێبەجێکردن ) لەلایەن خودی کەسی ئەردۆگان و دەستوپێوەندکانی ئەردۆگان ، لەناو پەرلەمان پارتی AKP زۆرینەن ،دەزگای میت وپۆلیس لای ئاکان فیدانە( وەزیری دەرەوەی تورکیا)و دەستەڕاستی ئەردۆگانە تەنانەت دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش لەژێر چاودێری توندی خۆیانە. گشت پەیمانکارەگەورەکان وکارەبازرگانیە گەورەکانی وەک گواستنەوەی نەوتی کوردستان لەگەڵ خێڵی بارزانی بەهاوبەشی ئەنجامی ئەدرێت.

بەئاشکراولەپێشچاوی هاوڵاتیانی تورکیاوە لەکاری مافیایی بازرگانی نایاسایی نەوەستاون دەسەڵاتی کوڕی ئەردۆگان وکەسەنزیکەکانی دەقۆزنەوە بۆ بازرگانی مادەهۆشبەرەکان لەئەفغانستانەوە  بەرەو ئەوروپا .

ئەم هۆکارانەو گەلێکی خراپتریش  بوونەتە هۆی سەختی ژیان و زیادبوونی فشارەکان لەسەرکارو کاسبی  ڕۆژانەی هاووڵاتیان،  گشت ئەمانە دیمەنێکن کە ئەو دابەزینە ئابوورییە دەهێنێتەوە یاد کە پێش ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ڕویدا.

مامەڵەی توندی دەوڵەت ،گرتنی ئەمنی بە دەستێکی پۆڵایینن و سەرکوتکردنی سیاسی هەروەک چۆن ئینکشارییەکان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا دەستیان لە سیاسەتدا داگرت و چارەنووسی سوڵتانەکانیان کۆنترۆڵکرد، ئەمڕۆش دەزگا ئەمنیەکان و جەنەڕاڵەکانی جەنگی سوپای تورکیا بۆنەتە ئامرازێک لە دەستی ئەردۆگان بۆ لەناوبردنی نەیارەکانی. لە دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦ەوە، هەزاران کەسی ناڕازی، لەوانە مامۆستای زانکۆ، ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەداروبازرگان  دەستگیر و زیندانی کراون یان لەتورکیا هەڵاتون .

تەماحی سەربازی بێسنوری  ئەمڕۆی ئەردۆگان لە ڕێگەی دەستێوەردانی سەربازی لەهەرێمی کوردستان وسوریەو لیبیا و ئازەربایجان، وەک ئەوەی هەوڵی قەرەبووکردنەوەی زیانی زەوییە عوسمانییەکان بدات کە سەدەیەک لەمەوبەر پیاوە نەخۆشەکە لەدەستی دابوون ..! 

بەڵام ئەم دەستێوەردانانە تەنیا بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆری گەنجی تورک وداڕمانی ئابووری وچنینەوەی گوژمێکی گەوەرەی ڕق وبێزاری هاوڵاتی تورکی و لاوازبوونی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

هەوڵی ئەمڕی ئەردۆگان بۆهەموارکردنەوەی دەستوور و تەماحی مانەوەی ئەبەدی لە  دەسەڵات  هەروەک چۆن سوڵتانەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە دوا قۆناغەکانیدا هەوڵی هەموارکردنەوەی یاساکانیان دا بۆ پاراستنی حوکمڕانی خۆیان، ئەمڕۆ ئەردۆغان هەوڵدەدات دەستوور بگۆڕێت بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی تا کاتێکی نادیار لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە. ئەم مەیلە پاوانخوازییە ڕەنگدانەوەی دڵەڕاوکێی لەدەستدانی کۆنترۆڵە، کە هەمان دڵەڕاوکێیە کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.

ئایا تورکیا دیسان "پیاوە نەخۆشەکە"؟

ئەوەی ئەمڕۆ تورکیە بەخۆیەوە دەبینێت، تەنیا قەیرانێکی سیاسی یان ئابووریی کاتیی نییە، بەڵکو نیشاندەری سیستمێکی حوکمڕانییە کە لە ناوەوە خەریکە دەڕوخێت، هەروەک چۆن سەدەیەک لەمەوبەر ئیمپراتۆریەتی عوسمانی خەریکی وەرچەرخان بوو. گەندەڵی و سەرکوت و بەهەدەردانی سەرچاوەکان لە ململانێ بێماناکانی دەرەکیدا هەموو هۆکارێکن کە تورکیە لەو سیناریۆی "پیاوی نەخۆش" نزیک دەکەنەوە کە جیهان لە سەدەی نۆزدەهەمدا گاڵتەی پێدەکردن.

لە کۆتاییدا بەراوردکردنی تورکیە ئەمڕۆ بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە قۆناغە کۆتاییەکانیدا، ڕەنگە بۆ هەندێک کەس بە ئازار بێت، بەڵام پەیامێکی ئاگادارکردنەوەیە بۆ  ئەو وڵاتەی هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە دەکەنەوە،سەد ساڵە نەیان توانی دان بە بوون ومافی نەتەوەیەی کورد دا بنێن کە بەهەزاران ساڵ لەپێش خێڵە تورکەکان لەمەزرابۆتان (تورکیای ئەمڕؤ) ژیاون بۆیە ئەردۆگان ودارودەستە وهاوپەیمانەکانی  قەدەریان هەرئەوەیە ڕووبەڕووی هەمان چارەنووسی پیاوە نەخۆشەکە ببنەوە..