تـوانجێك بـــێخاڵ دەكات بە پـاڵەوان

 

چیرۆكی من...

ئامادەکردنی : فەرمان سادق – هەولێر

 

تـوانجێك بـــێخاڵ دەكات بە پـاڵەوان

بێخاڵ عەبدوڵا، راهێنەری وەرزشی

" مەبەستمە لەو خول و راهێنانەی دەیكەمەوە توانای ژنان پێشبخەم"

قەڵەوییەكەی بێخاڵ؛ سەرباری چەندین نەخۆشی، روبەڕوی توانجی زۆری دەكاتەوە، بۆیە بڕیاردەدات و لە ماوەیەكی كەمدا نەك هەر كێشی دادەبەزێنێت، بەڵكو دەبێتە وەرزشوانێكی بەتوانا و نازناوی پاڵەوانی عیراق بەدەستدەهێنێت.

"لەناو ئۆتۆمبیلدا بووین، شۆفێری گەڵابەیەك لە تەنیشتمانەوە وەستا و بەتوانجەوە بە هاوسەرەكەمی وت ئەوە چییە تۆش گەڵابەیەكت لە پێشەوە سەرخستووە" بێخاڵ عەبدوڵا دەڵێت هاوڕێیەكی هاوسەرەكەی وای وتووە، هەرچەندە ئەو توانجە زۆر ئازاری دەرونی داوە، بەڵام هێندەی ئازارەكەش سودی لێوەرگرتووە و هاندەر بووە لە كێشی زۆر رزگاری ببێت.

قەڵەوییە كۆنتڕۆڵنەكراوەكەی بێخاڵ، ئەوكات گەیشتۆتە 120 كیلۆ و لە زیادبوندا بووە، ئەوەش چیرۆكی شەش ساڵ لەمەوبەرە و ئێستا لای ئەو لەبری كێشی زۆر؛ باس باسی لەشڕێكی و ئامادەكارییە بۆ پاڵەوانێتییەكانی بەرزكردنەوەی قورسایی.

هاوسەرگیری و قەڵەوی

بێخاڵ پێش هاوسەرگیری كێشی ئاسایی بووە، لەگەڵ هاتنەدنیای یەكەم منداڵی وردەوردە قەڵەوی تیایدا دەركەوتووە و تا بە هاتنی دوەم منداڵی كێشی دەگاتە 120 كیلۆگرام بۆ باڵایەكی مامناوەندی.

ئەو لە ساڵی 2010دا هاوسەرگیری كردووە، دوو منداڵی هەیە.

بێخاڵ لەكاتی هاوسەرگیرییەكەیدا خوێندكاری قۆناغی دووەمی ئامادەیی پیشەسازی بووە لە هەولێر، قۆناغی سێیەمی لە یەكەم ساڵی هاوسەرگیریدا تەواو دەكات، هەرچەندە ئەو هەر لە سەرەتاوە خولیای تەواوكردنی بەشی كۆمپیوتەری هەبووە، بەڵام قەدەر بەرەو ئاراستەیەكی دیكەی بردووە.

bexall )
بێخاڵ عەبدوڵا لە 120 كیلۆوە بە رێجیم و وەرزش كێشی دابەزاندووە فۆتۆ: ناوبراو بۆ (كەركوك ناو)ی ناردووە

"مامۆستاكان وتیان بڕوانامە هەر بڕوانامەیە، ئیتر كۆمپیوتەر بێت یان بەشی كارەبا، بەڵام ئەوان ئێمەیان بە هەڵەدا برد، خوێندنیشمان تەواو كرد و بڕوانامەكەمان هیچ بەرهەمێكی نەبوو" بێخاڵ عەبدوڵا بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

 "لە 17 ساڵییەوە چومە ناو كاری رێكخراوەییەوە" بێخاڵ عەبدوڵا (32 ساڵ) دەڵێت بەهۆی تێكەڵاوی باوكی بە سیاسەتەوە، كاریگەری لەسەر ئەو و پێنج خوشك و سێ براكەیشی هەبووە، بەردەوام لە فێربوندا بون.

هەر ئەو كاری رێكخراوەییە و تێكەڵاوی بە توێژەكانی كۆمەڵگە؛ هاندانێكی دیكە بووە تا بێخاڵ هەوڵی گۆڕانكاری لە ژیانیدا بدات.

كاتی بڕیاردانە..

لە ساڵی 2015دا؛ بێخاڵ منداڵی دوەمی لە دایكدەبێت، بە كێشی 120 كیلۆوە، بەدەست نەخۆشی شەكرە، فشاری خوێن، ئازاری جومگەكان، ئازاری پشت و چەند كێشەیەكی دیكەوە دەناڵێنێت، كاتی ئەوەیەتی بڕیاربدات؛ دەست بە رێجیم دەكات.

"رێجیمەكە سەریگرت، وردەوردە كێشم دادەبەزی، بەڵام گرفتێكی دیكە زیادی كرد، چرچی پێست دەردەكەوت، ئەوەش تەواو بێزاری كردم" بێخاڵ وادەڵێت.

توانجی هاوڕێی هاوسەرەكەی و نەخۆشی، زۆری بۆ دەهێنن؛ بێخاڵ دەیەوێت هەنگاوی خێراتر و كاریگەرتر بنێت؛ تا لە چرچی پێستیش رزگاری بێت، رودەكاتە وەرزش.

ماڵەكەی لە سەیدسادقە؛ لەوێ هۆڵی لەشجوانی تایبەت بە ژنان نییە، ئەو مەرجێكی هاوسەرگیرییەكەی بەردەوامییە لە كاری رێكخراوەیی، بۆیە دەبێتە لێپرسراوی یەكێتیی ژنانی سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە قەزاكە و هەر لەوێ هۆڵێكی وەرزشی دەكاتەوە.

"هۆڵەكە هاندانێك بوو تا ژنانی دیكەش وەرزش بكەن، ژمارەیەكی زۆر ژن لەوێ سودمەندبون و بڕیاردرا هۆڵێكی لەشجوانی شایستە بكرێتەوە".

bexall (4)

راهێنانی وەرزرشی ژمارەیەك ژن بە راهێنەرایەتی بێخاڵ عەبدوڵا 

 

بێخاڵ لەو هۆڵەوە گرێی بەختی دەكرێتەوە؛ كێشی لە 120 كیلۆوە بۆ 70 كیلۆگرام كەمدەكاتەوە، لە ژنێكی قەڵەوەوە دەبێتە وەرزشكارێكی بە ئەزمون و هەر ئەوەش وادەكات؛ بە زویی بگاتە ئاستی راهێنەری وەرزشی، "تەنانەت خێزانی ئەو كەسەی توانجی لێمدا چەندجارێك داوای لە هاوسەرەكەم دەكرد بەڵكو ئەویش لەگەڵ خۆم ببەم بۆ وەرزش، ژنانی گەڕەكیش هەمان داواكارییان هەبوو".

بەنەمانی كێشەی زۆر، هەموو نەخۆشییەكانیشی دەڕۆن و بێخاڵ دەڵێت ئێستا لەوپەڕی تەندروست باشیدایە.

 

سێ ساڵ دابڕان، دووبارە گەڕانەوە و بوون بە پاڵەوان

لە ساڵی 2017ـدا بێخاڵ لەگەڵ وەرزشەكەدا بەشداری راهێنان و پاڵەوانێتییەكانیش دەكات، لەو ساڵەدا دوو بڕوانامەی لەشجوانی بۆ ئاستەكانی (C/B) لە لقی سلێمانی یەكێتی لەشجوانی بەدەستدەهێنێت دەبێتە راهێنەر.

راهێنەری لە خولیاوە دەبێتە پیشە و داهاتێكیش بۆ بێخاڵ دابیندەكات، بەڵام بەهۆكارێكی تایبەت سێ ساڵ لە وەرزش و كاری رێكخراوەیی دادەبڕێت، دواتر بە پشتگیری خانەوادەكەی و مامۆستا نێرگزی خوشكی، كە سەرۆكی گروپی كوین فیتنسە، دەست بە وەرزش دەكاتەوە و هاوكات رێكخراوێكیش دادەمەزرێنێت، بەڵام ئەمجارەیان لە هەولێر.

بێخاڵ لە وەرزشی لەشجوانی و بەرزكردنەوەی قورساییدا زیاتر خۆی ماندوو دەكات؛ بڕوانامەیەكی دیكە زیاددەكات و دەبێتە خاوەنی بڕوانامەكانی (C/B/A)، وەك راهێنەر دەبێتە سەرپەرشتیاری هۆڵێكی لەشجوانی تایبەت بە ژنان لە هەولێر.

خوشكەكەی بێخاڵ، دەبێتە هاندەرێكی دیكەی تا بچێتە ركابەری پاڵەوانێتییەكانی هێزی جەستە و بەرزكردنەوەی قورسایی، لە یاری (كروس ڤێت)ـدا ساڵی 2020 دەبێتە چوارەمی هەولێر.

bexall (6)

بێخاڵ (ناوەڕاستی وێنەكە) خەڵاتی یەكەمی پاڵەوانێتییەك وەردەگرێت 

لەگەڵ تیمی (كوین فیتنس) كە 10 یاریزانی ژنن، بەشداری پاڵەوانێتییەكی عیراق دەكەن و لە یاری هێزی جەستەدا پلەی یەكەم بەدەستدەهێنن وەك گروپ.

بێخاڵ دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی راهێنەری لە (ئایرۆبیك- راهێنانی جەستەیی، زومبا كە ستایلێكە بۆ دابەزاندنی كێش، كاردیۆ ستەیپ ستایلێكی ترە بۆ دابەزاندنی كێش بە رێگەیەكی تر)، هاوكات بڕوانامەی (تایبۆ)ـیشی هەیە كە تایبەتە بە دابەزاندنی كێش.

سەركەوتنە گەورەكانی بێخاڵ لە 2020ـەوە دەستپێدەكەن؛ لە كێشی خۆی لەسەر ئاستی كوردستان پلەی یەكەم بەدەستدەهێنێت، دواتر لە ساڵی 2021 لەگەڵ تیمی گروپی (كوین فیتنس) لەسەر ئاستی عێراق بەشداری هێزی جەستە و بەرزكردنەوەی قورسایی دەكات بۆ كێشی (80كگم) و دەبێتە پاڵەوانی عیراق.

وەرزش و كاری رێكخراوەیی پێكەوە گرێدەدات؛ بەیانیان لە هۆڵی وەرزش و ئێوارانیش دەچێتە رێكخراوی یەڵدا،

"مەبەستمە لەو خول و راهێنانەی دەیكەمەوە توانای ژنان پێشبخەم، هۆشیار ببنەوە تا بە ناخۆشییەكانی چیرۆكی ژیانی مندا تێنەپەڕن".

ئێستاش چاوی لە هەنگاوی گەورەترە و سەرقاڵی راهێنانە بۆ بەشداری لە پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەتییدا كە دەكەوێتە سەرەتای ساڵی 2022، چونكە وەك خۆی باسیدەكات ئامانجیەتی لەسەر ئاستی پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی پلەی یەكەم بەدەستبهێنێت، ئەوەش گەورەترین ئارەزووی ژیانیەتی و دڵنیایە پێیدەگات.

"بە ژیانم بیرم لە وەرزش نەكردبۆوە، بەڵام زیادبونی كێش و نەخۆشی و توانجی شۆفێری گەڵابەكە كە زۆر ئازاری دام، هاندەرم بون تا بەردەوام بم" بێخاڵ عەبدوڵا وای وت.

 

 

سەرچاوە : کەرکوک ناو

مافی وێنەکان دەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک ناو