موعتەسەم نەجمەدین
ئەورۆ لە لوتکەی دەسەڵاتی مەزنترین وڵاتی دونیادا، کەسایەتیەکی تایبەت وەک سەرۆک جێگیر دەبێت، بە شێوەیەکی جیاواز لە رابردوو سیاسەت دەکات. هەڕەشە و گوشار و شەرانگێزی و تەشقەڵەکردن بە وڵاتانی کردوەتە فۆرم و شوناسی سیاسی ئەورۆی ئەمریکا. لەم پرۆسەیەدا نەک تەنیا وڵاتانی نەیاری ئەمریکا، بەڵکو وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانی خۆیشی سەغڵەت و نیگەران دەکات. سەپاندنی باج و سەرانە و گێچەڵکردن بۆ تاڵانکاری و دەستخستنی سامان و شمەک و دارای لە وڵاتان، سنوری هەموو مۆراڵێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بڕیوە. هاوکات ئەم هەڵسوکەوتە وەک سیاسەتێکی نوێی ئەمریکا نمایش دەکرێت.
ئەو دەمەی ئابووری ئەمریکا توشی داچۆرین و دژواری دەبێت، بڕشتی نامێنێت، هەڕەشە لە سەر پێگە و حورمەتی سیاسی دروست دەبێت، داهێزانی ئابووری دەبێتە چارەنووسی، هیچ گریمانە نامێنێت، کە جەنگخوازی بۆ مەبەستی قارسکردنی ئابووری میللەتان لە پێناو بوژانەوەی ئابووری ئەمریکا و دابینکردنی خۆشگوزەرانی لای ئەو دەبێتە ستراتیج. جەنگخوازی ئەورۆی ئەمریکا هیچ مەودایەک بۆ ئەوە ناهێڵێتەوە هۆشی ئادەمیزاد لە سەر ئەو باوەرە بخلیسکێت، کە بە لاشەڕی و خۆدوورگرتن دەشێت لە غەزەبی ئەمریکا رزگاری بێت، مەگەر ئەو ئادەمیە تووشی زەهایمەری سیاسی بوبێت. هەرسکردنی هەقیقەتێکی تاڵ لەم زەمەنی داچۆرانی دواین نتوکەکانی بەها و پرنسیپەکانی مرۆڤبووندا، جورئەتی سیاسی و باوەرداری گەورەی دەوێت. لەم دخەدا زانست و توێژینەوە و تیۆر ئیفلیج دەکرێن، حیسابی بیردۆزان بە سەر کاغەزی لوسەوە دەبنە هەڵم و هۆشپەسەندی بیرمەندان لە ناو زلکاوی هیچو پوچی سیاسەتدا دەخنکێنرێن.
سیاسەتی نوێیی ئەمریکا لە یەکەم هەناسەیدا لە پرنسیپ و باوەری خودی سەرمایەداری خۆی دەدات. لێدان لە پرسی ئازادی تێکشکانی باوەرێکە لە بونیادەوە سەرمایەداری لە سەری دەلەوەرێت. ئازادی گیان و جەوهەری بیر و ئایدیای لێبرالیزی نوێیە. لە پرۆژە و پرۆسەی جیهانگیریدا بەتەواوی ئازادی بەرجەستە کرا، بۆیە لێدان لە چەمکی ئازادی پێش هەموو شتێک لێدانە لە باوەر و بونیادی خودی سەرمایەداری خۆی. لێرەدا پرسیارە هەستیارەکە ئەوەیە ترامپ بۆ وادەکات، یان ترامپ چی دەکات؟.
لە ساڵانی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨ قەیرانێکی دارای زۆر بە هێز وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکای گرتەوە. ئەم قەیرانە لە شادەماری سیستمی ئابووری لیبرالیزمئ نوێی دا. لە کەتواردا ئەم قەیرانە دەرئەنجامی گەشە و پێشکەوتنی زۆر خێرا و بەرفەراوانی سەرمایەداری خۆی بووە. لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ئەم تەنگەشەیە دەبێتە قەیرانێکی ستراکچەری و هەموو هەوڵ سیاسەتە ئابووری ودارایەکانی ئەمریکا و ئەوروپا ناتوانن ڕایگرن و بیوەستێنن. لە ساڵی ٢٠١٩ وەک سیاسەتێکی نا ئابووری و نامۆراڵی بۆ پەردەپۆشکردن و دۆزینەوەی دەرچەیەک لەو قەیرانەی تێیکەوتوە، ڤایرۆسی کرۆنە دەخوڵقێنرێت، بەڵام قوڵی و گەورەی قەیرانەکە وادەکات ئەم ڤایرۆسەیش تێپەرێت و دۆخی ئابووری جیهانیش خراپتر بێت. یەکانگیربوونی هەڵئاوسان و پوکانەوەی ئابووری وەک ئەوەی لە ئەورۆدا دەیبینین بناغەی بە ستراکچەریبوونی قەیرنەکەیە. بە واتە ئەو دەمەیە، کە قەیران دەگاتە هەموو شادەمارەکانی ئابووری و دەپەرێتەوە بۆ لێدان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، مەترسی زۆر گەورە لە سەر بوونی سیستمەکە دروست دەبێت.
ترامپ لە خولی پێشوی وەرگرتنی دەسەڵاتی ئەمریکادا بەرنامەیەکی تایبەتی بۆ رووبەرووبوونەوەی قەیرانەکە خستەروو، ئەودەم ئەم بەرنامەیە نەک تەنیا لای وڵاتانی جیهان، بگرە لای خودی ئەمەریکیەکانیش زۆر نالۆجیکی و نامۆراڵی بوو. بیرمەندانی سەرمایەداری بە لێدانیان دەزانی لە بونیادی هزری و ئایدیۆلۆجی سەرمایەداری. دەرئەنجام ئەم بەرنامەیەی ترامپ زۆر بە توندی رەتکرایەوەو و هەلی دووبارە بوونەوەی بە سەرۆکی ئەمریکایشی لە دەست دا. لەو دەمەدا دەرئەنجام بایدن وەک سەرۆکی ئەمەریکا هەڵدەبژێردرێت، بایدن لە سەر هەمان ئاراستەی کلاسیکی ئیدارە و بەرێوەبردن بەردەوام دەبێت، بەڵام لە رووبەروو بەنەوەی قەیرانەکە و دۆزینەوەی چارەسەر شکست دەخوات. لە دوای بایدن دەرئەنجامی نەدۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ رووبەرووبوونەوەی قەیران جارێکیتر خۆری ترامپ دەردەکەوێتەوە. بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکەی پێوێست بوو خودی ترامپ خۆی بگەرێتەوە دەسەڵات، بۆیە جارێکیتر ئەمریکیەکان هەل دەدەنەوە بە ترامپ و دەبێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا.
لە ئەورۆدا لە گەڵ ئەوەی ترامپ وەک کەسایەتیەکی هەڵەباش و هەڵەشە و چاوچنۆک لە لایەن زۆڕێک لە بیرمەندانی سیاسی و ئابوریەوە وێنا دەکرێت، بەڵام لە هەقیقەتدا ئەم بەرنامەیەکی زۆر وردی سیاسی بۆ راگرتن و رووبرووبوونەوەی قەیرانی ئابووری ئەمریکا جێبەجێ دەکات. لە راستیدا سیاسەتی شەڕانگێزی و راورووت و وەرگرتنی باج و سەرانە لە وڵاتان لە لایەن ئەمریکاوە ماریفەتێکی کۆنی سیستمی سەرمایەداریە، لەگەڵ یەکەم بزاوتی ئەم سیستمەدا لە هۆش و بیریدا رسکاوە. ئەوەی لە ئەورۆدا وا دەکات ئەم هەڵسوکەوت و سیاسەتەی ئەمریکا بە نالۆجیکی و نامۆی دەرکەوێت دوو هۆی سەرەکین. یەکیان خێرایی بەرجەستەکردنی گۆرانکارییە لە کۆتایهێنان بە پرۆژە و پرۆسەی جیهانگیری و تێکشکانی پرنسیپی ئازادی سەرمایەداری. ئەیتریش خێرای جێبەجێکردنی بەرنامە سیاسیەکەیەتی.
لەم سەردەمی دەرەجەنگەدا ئەوەی دەبێتە دەستمایەی ترس و دڵەروکێ میللەتان، ئەو هەقیقەتەیە، کە ئەمریکا لە پێناو مانەوەی لە لوتکەی دەسەڵاتی دونیا، ئامادەیی هەیە هەموو شەڕ و ئاشوب و ماڵوێرانیەک بەرپا بکات. لە بارە گشتیەکەیدا ترامپ بە دوو ئاراستە جوڵەی سیاسی دەسپێکردووە. لە ئاراستەیەکدا سەپاندنی سزای ئابووری و باج و وەرگرتنی سەرانە لە وڵاتان جێبەجێ دەکات، بە ئاراستەیەکیتریشدا هەڵگیرسانی شەڕ لە چەند ناوچەیەکی جیهان بە هەمان ئامانج پەیرەو دەکات. باڵفتەی وڵام ئەوەیە ترامپ هەموو ئەم شەڕ و ئاشوب و گوشارانە بۆ رزگارکردنی ئەمریکا لەو قیرانە ستراکچەرەی تێیکەوتوە دەکات.
سەرچاوە سپی میدیا