تایەر تۆفیق

ناوی تەواوی (تایەر تۆفیق ئاورەحمان حەمە شێخانی)یە، لە دانامێنی چیای باواجی سەركەش و لە خانەوادەیەكی هەژار ساڵی 1922 لە گەڕەكی بەفری قەندی شاری كۆیە لانكەی شاعیر و هونەرمەند و سیاسەتمەدار و گۆرانیبێژان لە دایكبووە، لە تەمەنی حەوت ساڵیەوە باوكی دەینێریتە حوجرەی مەلای ڕەش و فێری قورئان خوێندن دەبێت و هەر لەوێش ئەلف و بێی عەرەبی و كوردی فێردەبێت، تا پۆلی سێیەمی ناوەندی خوێندووە، لە سەرەتای ساڵانی سییەكانی سەدەی ڕابروو خولیای سروود و گۆرانی بووە و هێشتا لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بووە هەستی كردووە كە بەهرەی گۆرانی و سروود وتنی هەیە مامۆستایەكانیشی هانیان داوەو پشتگیریان كردووە، هەر زووش دەكەوێتە ژێر كاریگەری گۆرانیبێژان سێوە و مەلا ئەسعەد و ئەحمەدی حەمە مەلا و حەمەدەمینی كەبابچی و ئاواز و مەقامی كۆنی (سوختەخانە و خانەقاكان)، بەڵام پاش هەست كردن بە بەهرە و توانای خۆی هەولی داوە ڕێبازی تایبەتی خۆی هەبێت. تایەر تۆفیق لە ساڵی 1942 - 1943 واز لە خوێندن دەهێنی و دەبێتە كرێكار لە شارەوانی كۆیە دواتر ل ه گه ڵ حەمە تایەری حەمە فەندی وەكوو فەرمانبەر دەچێتە بەسرە لە خوارووی عێراق، لە ساڵی 1945 دەچێتە بەغدا هەفتانە نیو سەعات بە پەخشی ڕاستەوخۆ (بث مباشر) گۆرانی دەڵێت، یەكەمین جار گۆرانی (ئەی لە گورێ لە سۆرە گورێ و بە ستەی كراس زەردێ) تۆمار دەكات و بڵاودەكرێتەوە.
تایەر تۆفیق لە 12 ئەیلولی ساڵی 1956 دێتەوە هەولێر وەكوو كاتب ناحیەی سیدەكان دەست بەكار دەبێت، لە ساڵی 1957 دەچێتەوە بەغدا و لە ساڵی 1958 پاش شۆڕشێ 14 گەڵاوێژ دەگەڕێتەوە كۆیە. ناوبراو هەر لە ساڵی 1945 - وە بۆتە سەر دەستەی گۆرانیبێژ و مەقام بێژانی كورد و لە هەموو ئاهەنگەكانی نەورۆز بەشداری كردووە و هەموو گۆرانیەكانیشی نیشتمانی و نەتەوەیینە، بە دەنگە خۆش و زوڵالیەكەی و دەقە شیعریە باشەكانی شاعیرە ناودارەكانی كوردی جێگای خۆی لە دڵی گوێرانی كورد كردۆتەوە.
لای هەموو خەڵكی كوردستان بە هەر چوار پارچەیەوە كە ووتت مامۆستا تایەر تۆفیق یەكسەر گۆرانی (شیرین بەهارە)ی ئیبراهیم ئەحمەدو 
لە سەر رۆژی داناوەی حاجی قادری كۆیی و لە باخان ئاهو نالین دیێی وەفایی و گوڵی سەربەستی بەختیار زیوەر و بیست و حەوت ساڵەی فایق بێكەس و غەزەلە تەڕو پاراوەكانی مستەفا بەگی كوردی و سافی هیرانی و عوسمان عەونی و هۆنراوە ناسك و جوانەكانی هەژار و هێمن و گۆران و مەدهۆش و دڵدار و دلزار و مه دح هت بێخ هو و مەجید ئاسنگەر و بێخود و كەریم شارەزایان دیتەوە یاد. مامۆستا تایەر هونەرمەندیكی خاوەن هەڵوێست بوو، لە ماوەی ژیانیدا لە هیچ كۆڕ و كۆبوونەوەو و ئاهەنگەكانیدا ستایشی كاربەدەستانی حكومەتی نەكردووە، لە ماوەی ژیانیدا شەش نامیلكەی بەو دەقە شیعریانە كە بە گۆرانی ووتوویەتی لە چاپداوە، لە هەمووشیان دیارتر كتێبەكەى (گوڵی سەربەستی)یە لە ساڵی 1983 كە شاعیر و نووسەری كورد پەروەر كەریم شارەزا پێشەكیەكەی بۆ نووسیووە.
بیرەوەریەكانم ل ه گه ڵ مامۆستا تایەر تۆفیق لەكۆتایی ساڵی 1977 كە لە ئێستگەی كوردی بەغدا بووم و گوازرامەوە بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیر و 
لاوان لە ئەمیندارێتی رۆشنبیری ولاوان لە هەولێر هەری هكە لە هونەرمەندان (تایەر تۆفیق و چەتۆ حەسەن و یحیا مەرجان) لە وێ دەوامیان دەكرد،
رۆژانە هونەرمەندان فوئاد ئەحمەد و تەحسین تەهاش دەهاتنە ئەوێ دادەنیشتین باسی هونەر و گۆرانی و قسەی خۆشمان دەكرد، بە ڕاستی هونەرمەند تایەر تۆفیق گوڵی مەجلیسەكەمان بوو. ساڵ بووە ساڵی 1984، رژێمی ئەوسای عێراق بڕیاری دابوو هەندێ لە هونەرمەندان و گۆرانیبێژان (تكریم ڕێز لێنان) بكات و ناویان لێنابوو (مكرمة سید الرئیس صدام حسین) كە هەر یەكە سەیارەكی بەڕازیلی بوو، كە ناوەكان هاتنەوە ناوی هەندێ لە گۆرانیبێژو هونەرمەندە كوردەكانی تێدا بووە، بەڵام ناوی هونەرمەند تایەر تۆفیقی تیدا نەبوو، منیش بەو پێیەی ئەو كات لێپرسراوی بەشی رۆشنبیری بووم لە دیوانی ئەمیندارێتی، چوومە لای ئەمین عامەكەمان كە (مەحەمەدەمین محەمەد بوو بە حەمەدەمین شەمبی ناسرا) بوو، پێم ووت مامۆستا ئەوە ناوی هونەرمەند تایەر تۆفیقی 
تێدا نییە بۆ؟ ووتی: كاك نەجم عیلم و خەبەرم نییە. ووتم چۆن ئەدی ئەتو ئەمین عام نی.. !!
وتی ئاگام ڵێنیە و پرسیان پێنەكردیمە و ناوەكان لە بەغدا لە وەزارەتی (ثقافە و اعام) هاتیە...منیش بڕیمەوە. .. هاتمە دەرێ تووشی كاك تایەر تۆفیق بووم. .ووتم مامۆستا تایەر تازە لە لای ئەمین عام بووم.. وتی كاك نەجم ئەوەی پێ ناوێ (جغارەكی لە دەستی بوو سۆتەكەكەی درێژ ببوو پەنجەیەكی لە سۆتەكەكە داو كەوتە سەر زەوی ووتی: بەڕازیلی ئەوان و ئەم سۆتەكە جغارەیە لە كنە من وەكوو یەكە)، ئەوە هەڵوێستی مام تایەر بوو بۆ مێژوو نووسیوومە... بەڵام ووتی كاكە نەجم ئەگەر پێت دەكرێ شتەكی ترم بۆ بكە... من تێیگەیشتم چونكە جارێكی تریش پێی وتبووم كە هەولەكی بۆ بدەین بینێرینە دەرەوەی وڵات بۆ عیاج كردن لە نەخۆشیەكانی كە (پاڵەپەستۆی خوێن و شەكرە) بوو. ماوەیەكی كەمی پێچوو ڕێم كەوتە بەغدا سەرێكی (مەلا عولای حاجی سمایل)م دا-كە ئەو كات وەزیری دەوڵەت بوو، كە خزممە زۆریش ڕێزی لێدەگرتم، ماجەرای كاك تایەر تۆفیقم بۆ گێڕاوە و ووتم: حەزی لێیە ئەگەر ئیمكان بێت بینێرنە دەرەوەی وڵات بۆ عیاج، وتی: زۆر باشە خۆ من هەموو هونەرمەندانی كوردم خۆش دەوێت بە تایبەتی تایەر تۆفیق و مەحەمەدی ماملێ و تەحسن تەها، من ل ه گه ڵ بابەكر ئاغای پشدەری ئەویش ئەو كات (وەزیری كار و باری كۆمەڵایەتی) بوو قسە دەكەم و پێكەوە بە تەها محیەدین مەعروف دەڵێین كە (جێگری سەرۆك كۆمار صدام حسین) بوو ئینشا الله قسوری بۆ ناكەین، سەلامی منی پێبگەینە و پێی بڵی داخوازیەكەی گەیشت و هیچی تری مەڵی نەوەكوو لە ئیشەكەم سەرنەكەوم، ئیشەكەی بۆ كراو كاك تایەر تۆفیق لە سەر مەسرەفی دەوڵەت نێردرا ئەلمانیا و ماوەیەك مایەوەو عیلاجی بۆ كرا، كە هاتەوە دەوام بەیانیەكان كە دەهات دەیووت: كاك نەجم دوكتۆرەكان لە ئەلمانیا پێیان ووتووم هەر بە پێ بڕۆ، پیاسەی بكە، بۆیە كوڕێكمان لا بوو ناوی كاك ئیحسان بوو كاك تایەر لەگەڵ ئەو لە سەعات نۆی سبەینان هەتا دەوری دوانزەی نیوەڕۆ لە دائیرەكەمان كە لە سەر جادەی شەست مەتر بوو لە سێتاقان پیاسەیان دەكرد بۆ لای نەخۆشخانەی كۆماری و 
دەهاتن و دەچوون.
بەڵام وا دیار بوو پێشتر نەخۆشیەكانی تەنگیان پێهەڵچنیبوو بۆیە پاش سەفەرەكەی دەرەوەی وڵات زۆری نەبرد لە رۆژی 20/ 10/ 1987 کاک تایەر تۆفیق كۆچی دوایی كرد و تەرمەكەیان بردەوە كۆی ه لەوێ بە خاكی نیشتمان سپیردرا.
روحی پاكی ئەو هونەرمەندە كورد پەروەر و خاوەن هەڵوێستە شاد و ئارام بێت و گلكۆ و مەزارگەی پڕ گوڵ و گوڵزار و چراخان بێت، بۆ ئەوانەی ناویان هاتووە مردوون روحیان شا دو ئاسوودە بێت و ئەوانەشی لە ژیان ماون تەمەن درێژ و سەرفرازبن.

 

سەرچاوە: خۆم و ئەستێرە گەشەكان- نەجمەدین عەزیز سمایل