تاوانی فریودانی ئافرەت بە بەڵێندان بە ھاوسەرگیری

لە یاسای سزاكانی عێراقیدا،

بەڵێندان بە ھاوسەرگیری و دواتر پەشیمان بوونەوەی، دەچێتە خانەی كەتنەكان لە رووی جەسامەتەوە.

بەو پێیەش سزا بۆ ئەو كەسانە داندراوە كە بەڵێن بە كچێك دەدەن، مارەی ببڕن و لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنەش، جوتبوونیان لەگەڵدا ئەنجامدەدەن. پاشانیش پەشیمان دەبنەوە و بەڵێنەكە جێبەجێ ناكەن.


لە ماددەی 395ـی یاسای سزاكانی عێراقیدا دەقی كردووە لەسەر ئەوەی "ھەر كەسێك بە بەڵێنی مارە بڕین كچێكی فریودابێت، كە تەمەنی 18 ساڵی تەواو كردبێت و لەگەڵ جوتبووبێت، دواتر رەتیكردبێتەوە، ژیانی ھاوسەرگیریی لەگەڵ پێكبھێنێت، بە حەبسكردن سزا دەدرێت".
روكنەكانی ئەو تاوانە بریتین لە:


یەكەم: دەبێت كەسێك بەڵێنی مارەبڕینی بە ئافرەتێك دابێت.
دووەم: ئەو ئافرەتە 18 ساڵی تەمەنی تەواو كردبێت.
سێیەم: لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنە، لەگەڵیدا جوتبووبێت.
چوارەم: لە بەڵێنی ھاوسەرگیری پەشیمان بووبێتەوە و مارەی نەبڕیبێت.
ئەگەر ئەو چوار خاڵە ھاتەدی، كەسەكە بە حەبسكردن سزا دەدرێت. كە ماوەكەی لە 24 كاتژمێر تا پێنج ساڵ دەستپێدەكات، لێرەدا دەسەڵات دراوەتە دادوەر بە پێی بارودۆخەكانی ئەو تاوانە، ماوەكەی دیاریبكات و بەسەر تاوانباردا بسەپێنێت.
بەڵام ئەگەر كچەكە لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوە بوو، ئەوكات دەبێتە بارودۆخی توندكردنی سزا و سزاكەی لە حەبسەوە دەبێتە بەندكردن. بەڵام ئەگەر كچەكە لە خوار تەمەنی 15 ساڵییەوە بوو، ئەوكات تاوانەكە دەبێتە دەستدرێژی سێكسی.

سەرچاوە : سایتی وەزارەتی ناوخۆ( بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان)