تانجێکانی کوێخا ..

 

دیالۆگی نیشتمان 

 

 

لەشارۆچکەیەکی ناوچەی شارەزوور کوێخایەک دەژیاحاڵی فرە خاس بوو کۆن لەدێکەی خۆیان باوکی کوێخابووە،ئیتر ئەم هەرچەندە فڕی بەسەر کوێخایەتیەوە نەبوو بەڵام نازناوی کوێخای بەمیرات بۆمابۆوە وهەر بەکوێخا بانگ دەکرا..!

جارێک کوێخا لەشارەوە ژمارەیەک میوانی دێن،هەموو دەست وپێوەندو خزمەتکارەکانی کوێخا خەریک ئامادەکاری دەبن بۆ میوانەکانی کوێخا ،سفرەوخوانێکی پڕو ڕازاوە بۆ نانی نیوەڕۆ ئامادەدەکەن وپاشان کوێخا میوانەکان دەبات بۆ ناوباخ وشوێنی مەڕوماڵات تا دەوەڵەمەندی وهێزوتوانای کوێخا ببینن ..

لەناو ئەوشوێنانەی سەردانی دەکەن شوێنێک چواردەوری تەلبەندکراوەو ژمارەیەکی زۆر سەگی تیایە..کوێخابەتەنیا دەچێتە ژوورەوە، سەگەکان لێیگرد دەبنەوەو، کوێخابەناو ونازناوەکانیانەوە بانگیان دەکات ودەست دەهێنێت بەسەریاناو قسەیان تەکا ئەکا؛ وەرە،دانیشە،هەستە وبڕۆ..سەگەکان فرە سەرنجی میوانەکان ڕادەکێشن بەڵام هیچکامیان ڕێگایان پێنادرێ تەک کوێخا بچنە ژوورەوە بۆ ناو تەلبەندەکە..هەر لەدەرەوەی تەلبەندەکە تەماشا دەکەن ! 

پاشان کوێخا دێتەدەرەوەودەکەونەوە گەڕان بەناوباخ وموڵک وماڵی زەبەلاحی کوێخا..

بۆدواتر لەژێرکەپرێکدا بۆ میوەخواردن بانگ دەکرێن .. هەریەکە سەرنجی بەلای شتێک لەموڵک وماڵ وتوانای کوێخادا چووەو بە سەرسوڕمانەوە باسی دەکەن ..یەکێک لەمیوانەکان ڕوودەکاتەکوێخاو دەپرسێ: کوێخا جەنابتان ئەم هەموو تواناو دەوڵەمەندی وموڵک وماڵەزۆرەتان هەیە بۆسەگەکانتان وا لاوازو زەعیفن؟ خۆئەو بەستەزمانانە ئێسقانی سەرپشت وپەراسویان دەرپەڕیوە! دەی ئێوە ئەم گشت بەرماوەی خواردن ونانە چیلێدەکەن بۆ نایان دەنێ کەمێ بەخۆیاندا بێنەوەو باوەک سەگی کە کەمێ قەڵەوببن ..! 

کوێخا بەلاچاوێکی کەمێ توڕەو گاڵتەجاڕیەوە وەڵامی میوانی شاری داوە: کاکی شاری من چاوچنۆک نیم ،بێ ئەقڵیش نیم..ئەم سەگانە(تانجین) وەمن  ڕاویان پێدەکەم نابێت قەڵەوبن! وەکەسیش  بۆی نیە خواردنیان بداتێ تەنها خۆم خواردنیان ئەدەمێ! وەبەقسەی کەسیش ناکەن ..وەلەهەرکەسێکیشیان بەردەم ..بەقەپاڵ دەیخۆن..هەرگیز نابێت تێرببن وتێکەڵاوی کەس ببن ،یان کەسێکی کەخوارنیان بداتێ ودەستبهێنێ بەسەریانا..

ئەوسا چیترگوێ لەمن ناگرن وڕاویشم بۆناکەن..!