بنكه‌ی رۆشنبیری و هونه‌ری له رانیه ماوەیەک له‌مه‌وبه‌ر دووه‌مین دیداری به‌یت و حه‌یرانی سازكرد، به‌شداریی چه‌ندین به‌یتبێژ و حه‌یرانبێژی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئاهه‌نگه‌كه‌یان جوانتر رازانده‌وه، هه‌رچه‌نده من شاره‌زا و پسپۆڕی بواری هونه‌ر نیم، به‌ڵام له‌ژێر رۆشنایی فه‌رموده و بیروڕای ئه‌و شاره‌زایانه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته دواون، بۆ گرنگی پێدانی زیاتری بابه‌ته‌كه، ده‌مه‌وێت به‌م بۆنه‌یه‌وه هه‌ندێك باری سه‌رنجی خۆم ده‌رببڕم.
دیاره هه‌ڵكه‌وته و سروشتی رازاوه‌ی كوردستان، ئه‌م نیشتمانه‌ی كردووه به‌مه‌ڵبه‌ندی به‌زم و ئاواز و گۆرانی، له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌كی ئه‌م نیشتمانه خۆشه‌ویسته سه‌رنج بده‌ی ئاواز و گۆرانی و به‌یت و حه‌یران ده‌بیسترێت، سروشت و هه‌ڵكه‌وته‌ی هه‌رناوچه‌یه‌ك له كوردستان شێوازێكی تایبه‌تی له موزیكی كوردستان به‌دیهێناوه، كه له‌لایه‌ن كه‌سانی نه‌خوێنده‌وار گوتراوه و دواتریش له رێگای چڕینه‌وه له‌نه‌وه‌یه‌ك بۆ نه‌وه‌یه‌كی دیكه گوازراوه‌ته‌وه و له رابردوویه‌كی زۆر دووره‌وه به ئاوازخوێنانی ئه‌مڕۆ گه‌یشتووه، ئه‌مانه گه‌نجینه‌یه‌كی به‌نرخن، سه‌ره‌ڕای به‌رزی هونه‌ره‌كه وشه‌گه‌لی زۆر ره‌سه‌نیان له فه‌وتان پاراستووه، هه‌رئه‌مه‌ش وای له زانای به‌رزی ئه‌ڵمانی (ئۆسكارمان) كردووه، به سه‌رسامیه‌وه بڵێت:«پیاو واقی وڕده‌مێنێ له‌وه كه كورده‌كان چۆن توانیویانه پارچه هه‌ڵبه‌سته‌كانیان ده‌ماوده‌م وا باش به‌وردی و باشی بگێڕنه‌وه.»
گەرمێن و كوێستان بكەن
ئه‌گه‌ر له ئاوازی كوردیدا به‌یت و حه‌یران و لاوك و لاوژه و به‌سته و مه‌قام و گۆرانی جۆراوجۆر هه‌بن، ئه‌وا بەشێك لە گۆرانییە كوردییەكان، تایبەتمه‌ندی هەندێ ناوچەیان هه‌یه، وه‌ك: له هه‌ورامان هۆره، سیاوچه‌مانه و گۆرانی و ئاوازی لوڕستان...هتد، لەوێ لە دایك بوون و هەرلەوێش دەگوترێنەوە، سەبارەت بەحەیران و بەیتیش رای جۆراوجۆرهەیە، هەندێ كەس پێیان وایە حەیران تایبەتی دەشتی هەولێرە و بەیت لە موكریان لە دایك بووە، هی واش هه‌ن پێیان وایه: وڵاتی رەسەنی حەیران دزەییاتی و گەردیاتییە، لەوێوە پەڕیوەتەوە بۆ ناوچە شاخاوییەكانی سۆران و موكریان، ئەوێ زیاتر مەڵبەندو سەرچاوەی بەیتی كوردین، نەك حەیران، هه‌ندێكیش ده‌ڵێن: حه‌یران له موكریان سه‌ری هه‌ڵداوه و گه‌شه‌ی كردووه و به‌ناوچه‌كانی تردا بڵاوبۆته‌وه.
بێگومان ئەو دابەشكردنە ناوچەییە زیاتر له روانگه‌ی ئەمڕۆوه به‌پێی جوگرافیای كوردستان سه‌یر ده‌كرێ، بەبێ ئاوڕدانەوە لەمێژوو و رابردووی ئەم نەتەوەیە، كەسەردەمانێك كورد بەبێ هیچ لەمپەرێكی سیاسی توانیویانە گەرمێن و كوێستان بكەن و شتێك بەناوی سنوورنهبووه، وەك ئەوەی ئەمڕۆ لەنێوان بەشەكانیدا هەیە، هه‌ر دوور نه‌ڕۆین سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، ئەو خێڵە كوردە كۆچەریانەی زستانان لەدەشتی هەولێر ژیاون، لەوەرزی خێڵ بەرەوژوودا بۆ ناوچەكانی تری رۆژهەڵاتی كوردستان هەڵكشاون و له‌وه‌رزی دواتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه گه‌رمیان و پێ ده‌شته‌كان، به‌مه‌ش دەشتی هەولێر و موكریان و گه‌رمیان و كوێستان تێكه‌ڵ به‌یه‌ك ده‌بوون، كه نه‌ته‌وه هه‌ر یه‌ك نه‌ته‌وه و داب و نه‌ریت و كه‌لتوور، یه‌ك داب و نه‌ریته، به‌سانایی له‌یه‌كیان وه‌رده‌گرت.
بەوپێیە، ئەگەر ئەمڕۆ، ناوچە جۆراوجۆرەكانی كوردستان هەر كامەو لە رووی كۆمەڵێك دابونەریتەوە لێك جیاوازن، ئەوە هۆكاری ئەو سنوورە دەستكردانەیە، ئەگینا لانیكەم لە داهێنان و بنەما كەلتورییەكاندا، دەگەڕێنەوە سەر یەك بنەما و بنچینە و هەمووان لە دروستكردنی ئەو شتەدا، كەناوی لێ دەنرێ فۆلكلۆر و كەلەپووری كوردەواری، دەستیان هەبووە، چونكە سەردەمانی پێش دابەشبوونی كوردستان، خەڵكی ئەو ناوچە لێكدابڕاوانەی ئێستا، بەبێ كۆسپ و لەمپەر هاموشۆی یەكتریان كردووە.
موكریانی بچكۆله
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و ئاوازی كوردستان، مێژووی سه‌رچاوه‌كه‌ی دێرینه و بۆ سه‌رده‌مێكی دوور ده‌گه‌ڕێته‌وه، پێویسته شاره‌زا و پسپۆڕانی ئه‌م بواره توێژینه‌وه‌ی وردی له‌سه‌ر بكه‌ن و لایه‌نه شاراوه‌كانی بدۆزنه‌وه و بۆمان روون بكه‌نه‌وه، ئه‌گینا هه‌ركه‌س له‌به‌رخۆیه‌وه تایبه‌تمه‌ندی هه‌ریه‌ك له به‌یت و حه‌یران و لاوژه و مه‌قام و لایه‌نه‌كانی تر بۆ ناوچه‌كه‌ی خۆی بگێڕێته‌وه، بۆ خۆمان هونه‌ری نه‌ته‌وه‌ی خۆمان ده‌شێوێنین و ئه‌وه‌ی دوژمن پێی نه‌كراوه تێكی بدات، خۆمان تێكی ده‌ده‌ین، به‌گێڕانه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی هه‌ریه‌ك له‌م ستران و ئاوازانه بێ لێكۆڵینه‌وه زیان بههونهرهكهمان ده‌گه‌یه‌نین، كێ ئه‌و زانیاریه‌ی پێداون، كهحهیران سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌شتی هه‌ولێر و به‌یت سه‌رچاوه‌كه‌ی موكریانه، ئه‌گه‌ر له‌م بابه‌ته وردبینه‌وه زۆر ئاڵۆز و ماندووكه‌ره، ته‌نیا توێژینه‌وه ئه‌مه‌مان بۆ ساغ ده‌كاته‌وه، بنه‌ما و سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ئاوازانه چۆن و له كوێ سه‌ریهه‌ڵداوه، بۆ وێنه ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین یان هه‌رێمی (بیتوێن و پشده‌ر)، هه‌رچه‌نده واباوه سه‌ربه موكریانی گه‌وره‌یه و به(موكریانی بچكۆله)ی ناو ده‌به‌ن، به‌ڵام باواش بێت، ئه‌م ده‌ڤه‌ره خۆی به‌شێكی هه‌ره گرنگی كورده‌واریه، له‌باری كه‌له‌پوور و فۆلكلۆره‌وه ئێجگار ده‌وڵه‌مه‌نده، به‌داخه‌وه تا ئێستا به‌وجۆره‌ی شایانی بووه لێی نهكۆڵراوهتهوهو وه‌ك پێویست ئاوڕی لێنه‌دراوه‌ته‌وه‌و نه‌ناسراوه، ئه‌گینا زۆربه‌ی به‌یته كوردییه‌كانی وه‌ك: (به‌یتی قهروگوڵهزهر، به‌یتی كاكه میر و كاكه شێخ، به‌یتی شێخ فه‌رخ و خاتوون ئه‌ستی، به‌یتی خوڕشیدی خاوه‌ر)، هه‌روه‌ها به‌یته‌كانی (باپیر ئاغای مه‌نگوڕ، ئاوڕه‌حمان پاشای بابان، شاییه ئه‌جندان، به‌یتی پیوازان، ناز و خدر، شاییه دۆڵهبیه، ڕاوێ پاشای، به‌یتێ داران، به‌یتێ كیسه‌ڵی و زۆری تریش)، هه‌موویان عه‌لی به‌رده‌شانی له‌ئاهه‌نگی خۆش و که‌ش و ریتمی تایبه‌ت به‌خۆی وتوونی و دواتر كه‌وتوونه سه‌رزاران و به‌زۆر ناوچه‌ی كوردستاندا بڵاوبوونه‌وه، ئه‌گینا سه‌رچاوه‌كه‌یان له‌م ده‌ڤه‌ره ههڵقڵیوه، له‌راستیدا ئه‌مانه هه‌موویان به‌شێكن له‌مێژوو و فه‌رهه‌نگی ئه‌م ناوچه‌یه و باسی دابونه‌ریتی كۆنی ئاهه‌نگی خۆشی و رووداوی كارهستباردهكهن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناخوازم كه‌س به‌م شێوه‌یه بدوێ، ته‌نیا ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه به‌ساغ كردنه‌وه‌ی فۆلكلۆر و هونه‌ر و ئاواز و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان سوودی زۆر به‌فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌گه‌یه‌نین.
ره‌سوڵ بۆسكێنی
سەرچاوە: knwe