تەنزە ووتار ..
هیوا حسن
وا پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا تێدەپەڕێت،
شکور بۆ خوا خەونی کەرکوکیەکان هاتۆتە دی و کوردێک کراوە بە پارێزگارو رۆژانە لەناو خەڵکدایە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە بەخەڵکیان دابوو.. ئەزانن ئەم پارێزگارە تازەیە ناهێڵێ بەسەردانیش راکان جبوری روو لەبینای پارێزگا بکات، هەروەها ئەنجومەنی پارێزگا دەوامی ئاسایی خۆیان ئەکەن و چاودێرێکی باشی پرۆژەکان ئەکەن و رۆژانە لێپرسینەوە لە دەیان بەڕێوەبەرو فەرمانبەری گەندەڵ ئەکەن .
پرۆسەی تەعریبیان بەتەواوی ڕاگرتووەو خاکی زەوتکراوی کوردیان گەڕاندۆتەوە بۆ خاوەنەکانیان ..
وەکێشە سەرەکیەکانی کەرکوکیان چارەسەرکردووە..
جگە لەمانە ئەو کاندیدانەی کەشانسی دەرچونیان نەبوو ئێستاش بەهەمان نەفەسی رۆژانی هەڵمەتی هەڵبژاردن شەو و رۆژیان کردۆتە یەک و لەخەمی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیانن ..
ئەوەتا کاندیدێک وازی لە پیشەی پارێزەری هێناوەو ماڵ بە ماڵ ئەگەڕێ و ئاڵای کوردستان لەسەربانەکانیان دائەنێ،
کاندیدێکی دیکە لەناو جوتیارەکانی پەڵکانەدایەو خۆی خەریکی دروێنەکردنی بەرهەمی جوتیارانە،
کاندیدێکی دیکە چەکێکی بەدەستەوەیەو لەتۆپزاوەو گەڕەکی نەورۆز وەک قەڵا ڕاوەستاوەو تەمەنا ئەکات سوپا پێ بناتە ئەو خاکەوە،
هەندێ کاندیدی دیکەش گەڕەک بە گەڕەک ئەگەڕێن لەهەر شوێنێک کەمترین خاشاکی لێبێت ئەمان سەروی خۆیانی لێ ئاگادار ئەکەنەوە شەقامەکانیان کردۆتە دوبەی و پاریس لەروی پاکییەوە..!
ئەرێ ئەزانن دەیان سەرکردەو مەکتەب سیاسی هەرچەندە منداڵەکانیان لەدەرەوەی ووڵاتن بەڵام ئەمان هەروەک و چۆن بەڵێنیان بە خەڵکی کەرکوک دابوو ئێستاش رۆژانە لەگەڵ منداڵی فەقیرو کاسبکار و لەناو چایخانەکاندا گوێ لەداخوازیەکانی خەڵک ئەگرن، نەوەک خوانەخواستە بەڵێنێکیان لەبیر چوبێت و جێبەجێیان نەکردبێ..
ئەرێ ئێوە ئەزانن سەرجەم کاندیدە دەرچوو و دەرنەچووەکان رۆژانە دەستبەرز ئەکەنەوە شوکرانەی خوا ئەکەن کە روسورانە بەرامبەر میللەتەکەیان ڕاوەستاون و ئەوەتا کەرکوکیان گەڕانەتەوە باوەشی کوردستان و مادەی 140یان جێبەجێ کردووە..
لەبەرامبەریشدا خەڵکی کەرکوک بەڵێن ئەدەن کە هەمیشە دەنگیان بکەنە خەڵات بۆ ئەوانەی کەرکوکیان کردە ئەو بەهەشتەی کە هەمیشە خەونمان پێوە ئەدی!!
سەرچاوە : سپیمیدیا