د. سەعید عەلی محەمەد
بەڕێز سەرۆكی حكومەت: ئایا (بازاڕی كار) ئامادەیەبۆ وەرگرتنی دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان؟!
پڕۆسەی خوێندن و فێركردن ئەو وەبەرهێنانە ڕاستەقینەیە كە دەوڵەت لە داهاتوودا لە سەری دەوەستێ و بینا دەكرێ ، ئەمەش لەڕێی وەبەرهێنان لەسەر وزە و توانا مرۆییەكان و بایەخ و گرنگیدان بە عەقڵ و لێهاتوویی و لایەنە پسپۆڕییەكان ، ئەوروپا هەر لەڕێی خوێندن و زانستەوە پێشكەوت و، هەر لەڕێی خوێندن و زانستیشەوە بەسەر وڵاتانی تردا زاڵ و سەركەوتوو بوو ، وڵاتێكی پێشكەوتووی وەك – مالیزیا - ش ئێستە هێزە ئابورییەكەی تەنها بە (پڕۆسەی خوێندن)ەوە بەستراوەتەوە ! لە كوردستان و وڵاتی ئێمەدا زانكۆكان ڕۆژ بەڕۆژ لە زیاد بووندان ، چ زانكۆ حكومییەكان و ڕەسمییەكان ، چ زانكۆ ئەهلی و تایبەتەكان ، ڕۆژانەش لێرە و لەوێ سەرۆكی زانكۆ و ڕاگری كۆلیژەكان و بەرپرسانی تری وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوە دووبارە دەكەنەوە كە گوایە ئەوان – بەپێی پێویست و داواكاری بازاڕ – قوتابیان بۆ بازاڕی كار ئامادە و پێدەگەیەنن ، جێی دڵخۆشی و پێزانینە ساڵانە سەدان قوتابی لە بەشە جیاوازەكان زانكۆ تەواو دەكەن و ئامادەیی خزمەت كردنیان هەیە لەبوارە پسپۆڕییە جیاجیاكانی خۆیاندا ، بەڵام پرسیار ئەوەیە : ئایا بازاڕی كار ئامادەیە بۆ وەرگرتنیان دوای چەندین ساڵ لە خوێندن و ماندووبوون و شەونخونی ؟!! ئەڵبەت واقیع دەڵێ : نەخێر!!
جێی داخە دەرچووی زانكۆ چەندین ساڵ چاوەڕێ دەكات دابمەزرێ ، كاتێكیش دادەمەزرێ ئیتر هیچی لەبیر نەماوە لەو پسپۆڕیی و بابەتە زانستیانەی كە لە زانكۆ خوێندوویەتی و ، هەڵپە و حەزوو ئارەزوو و حەماسەتی ڕابردووشی سست و لاواز بووە ، بۆیە ناچار دەبێت لە دەرەوەی پسپۆڕییەكەی خۆی كار بكات و خۆی سەرقاڵ بكات ، تەنها لەبەرئەوەی سەر شۆڕ نەبێ و دەست بۆ ئەم و ئەو و تەنانەت خێزان و نزیكەكانی خۆیشی پان نەكاتەوە !
بێگومان ئەم قسەیە كەسانی دەرەوەی زانكۆكانیش دەگرێتەوە ، چونكە ئەوانیش بەشێكی گرنگ و سەرەكی نێو بازاڕی كارن و هیچیان لەوانە كەمتر نیە كە دەرچووی زانكۆكان و ناوەندە ئەكادیمیەكانن !
كەسمان گومانی لەوەدا نیە کە لاوەكان و دەرچووەكانی زانكۆ كەوتونەتە نێو شەڕو جەنجاڵییەكی دەروونیی سەختەوە و، هەموو هەوڵ و كۆشش و تەقەللایان گەڕانە بەدوای پەیداكردنی سەرچاوەی ژیان و بەدەستهێنانی مافەكانیان ! هەر لەوپێناوەشدا شەو و ڕۆژیان خستۆتە سەر یەك بۆ ڕاكردن بەدوای ناسینی بەرپرسانی باڵاو كەسانی دەست ڕۆیشتووی حیزبی و حكومی تا قسەیەكیان بۆ بكات و هەنگاوێكیان بۆ بنێ و ئاسانكاریەكییان بۆ ئەنجام بدات!
بە داخ و حەسرەتێكی زۆرەوە بارودۆخی ئەم وڵاتە ئەم حاڵەت و خووە نێگەتیڤ و ناپەسەند و نەشیاوەی هێناوەتە بەرهەم ، بەتایبەت لەنێو چینێكیشدا كە دەرچووی زانكۆ و خاوەن بڕوانامە و خوێندنی كوالێتی بەرزن و بە نوخبە و دەستەبژێری كۆمەڵگەش لە قەڵەم دەدرێن!
لەوەش ناخۆشترو كارەساتتر ئەوەیە ئەم حاڵەت و دیاردەیە لە سەردەمێك و قۆناغێكدایە كە سەردەم و قۆناغی شۆڕشی تەكنەلۆژیا و زیرەكی دەستكردە !!
لە ڕاستیدا گەنج و لاوەكان و ئەكادیمیەكان لەم قۆناغەدا تەواو گیرۆدە بوون بەدەست سەختی ژیان و ڕاكردن بەدوای دەستەبەركردنی سەرچاوەی بژێوی و پێداویستییە ڕۆتینیەكانی ڕۆژانە و ، زامنكردنی ژیانێكی سەر بەرزانە و شكۆمەندانەی دوور لە زەلیل بوون و سەرشۆڕیی ! كە ئەگەر ئەم حاڵەتە بەراورد بكرێ بەدەیان ساڵی ڕابردوو حاڵەتێكی دەگمەنە و نموونەی نەبووە و ، لەڕابردوودا ئەم هەموو ناڕەحەتی و بەربەستە گەورانە لەبەردەم ژیانی لاوەكاندا نەبووە وەك ئەوەی ئێستە حاڵی حازر ئەم چینە كاریگەر و زیندووە پێیدا تێدەپەڕێ!
ئێمە - وەک دەبیستین و بۆمان دەگێڕنەوە - لە ڕابردوودا دەرچووانی زانكۆ و كەسە خوێندەوارەكان لە ماوەیەكی زەمەنیی كورتدا بە ئاسانی و بەبێ پەنابردنە بەر كەسانی دەست ڕۆشتوو و بەرپرسانی باڵای دەسەڵات هەلی كاریان دەست كەوتوەو و تەنانەت پارچە زەویشیان پێدەبەخشراوە ، خۆ ئەگەر ئارەزووشیان کردبێ لە نزیك خزم و كەس و كاری خۆشیان خانوویان بۆ دروست كردوون!!
من دەپرسم : سوود و قازانجی سەروەت و سامانی وڵات چییە كاتێك ئەمە حاڵی بژێوی تاكەكانی و هاونیشتمانیەكانی بێ ؟! باشە ڕۆڵ و كاریگەریی دەسەڵات و یاساو دامەزراوەكانی حكومەت كامەیە كاتێك ئەمە حاڵی كۆمەڵگە بێ ؟! ئەی سوود و كەڵكی خوێندن و زانكۆ و بڕوانامە و تەكنەلۆژیا دەبێ چی بێ كاتێك كە ئەكتیڤترین توێژی ئەم میللەت و نیشتمانە لە هەرەس و ڕووخانی دەروونیدا دەژی و ژیانی زەلیلی و كولەمەرگی بەڕێ دەكا و چاوەڕێی چارەنووسی نادیاری خۆیەتی ؟!
لێرەدا بە بیری بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەهێنمەوە كە بەڕاستی ئەو بارودۆخەی سەدان و هەزاران گەنج و لاوی دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان تێیدا دەژین بارودۆخێكی دەروونیی و ئابووریی ئێجگار ناهەموارو بێتاقەت كەرو پڕوکێنەرەو ، هەموانی بەرەو بێ ئومێدی و ڕووخان و هەرەسهێنان و ساردبوونەوە و ڕەشبینییەكی بێ سنوور بردووە چ بەرانبەر بە داهاتوو و چارەنووسی خۆیان ، چ بەرانبەر بە داهاتوو و چارەنووسی وڵات و نیشتمان و دەسەڵات!!
جا ئەگەر دەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدار چارەسەرێك بۆ ئەم گرفتە نەدۆزێتەوە و ڕۆڵی باوكانەی خۆی نەبینێ لە چارەسەركردن و بەدەمەوە چوونی ئێش و ئازارەكانی ئەم توێژە زیندووە ئەكادیمیە ئەكتیڤەی كۆمەڵگە ، ئەوا داهاتووی وڵات و نیشتمان و كۆمەڵگە و دەسەڵاتیش بەتێپەڕبوونی كات دەكەوێتە تونێلێكی تاریكەوە!! ئینجا ئیتر هیچ جۆرە سیقەو متمانەو مانایەكیش نامێنێتەوە بۆ دروشمی بریقەداری (بەرەوپێش بردنی وڵات) و (پێشخستنی پڕۆسەی خوێندن) و (گەشەپێدانی كۆمەڵگە) و (سوود وەرگرتن لە وزە و توانای گەنجەكان) و (تۆكمەكردنی ژێرخانی ئابووریی) و (برەودان بە بازاڕی كار) و چەندین دروشمی تر كە ڕۆژانە لێرە و لەوێ گوێبیستیان دەبین لە سەرۆكی حكومەتەوە!
سەرچاوە : خەندان