رێبوار بەنگینە
لە یادمە ئیزگەی دەنگی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان باسی لە گۆرانیبێژ ئیبراهیم تاتلیسس دەكرد كە چۆن هونەرەكەی خستۆتە خزمەتی هونەری توركییەوە و پشتی كردۆتە نەتەوەكەی خۆی و رۆڵێكی خراپ ئەبینێت.
رەنگە هیچ كەس هێندەی ئەم گۆرانیبێژە خزمەتی بە هونەری توركیی نەكردبێت، بەشێكی لە رێگای پەلاماردان و داگیركردنی هونەر و میوزیكی كوردییەوە سەرچاوەی گرتووە!! ئەم گۆرانیبێژە هەر بە ئاوازەكانەوە نەوەستاوە، بەڵكو ئامێرە كوردییەكانیشی گواستەوە ناو میوزیك و گۆرانی توركیی و مۆر و ناسنامەی توركیی لێدان! پڕۆسەی بزركردن و شاردنەوەی ناسنامەی هەموو نەتەوەیەك بەوجۆرە دەستپێدەكات كە ئاواز و میلۆدی گۆرانییەكانی و تەنانەت بەشێك لە ئامێرە میوزیكییەكانی ئەو نەتەوەیە بخزێنیتە ناو گۆرانی و میوزیكی خۆت و بە زمانەكەی خۆتیان ئاشنا بكەیت و ناسنامەی خۆتیان لەسەردابنێیت!! ئیتر داگیركەرانیش هەر ئەوەندەیان لەم گۆرانیبێژە دەوێت لەجەنگ و كاولكاریی خاكی كوردستاندا هاوڕێیان بێت و یاوەرییان بكات و گۆرانییان بۆ بچڕێت! ویستی ئەوان سڕینەوەی ناسنامەی گەلی كوردە، لەپێناوی باڵا دەستبوونی ناسنامەی تورك بوون و هونەرەكەیان! ئەو كاتێك دێت گۆرانییەكی شڤان پەروەر بە بێ ئاگاداری خۆی بە زمانی توركی تۆمار دەكاتەوە، ئاشكرایە بەهەمان مەبەست هەنگاو دەنێت، رێگە پێنەدانی چەندین ساڵەی چڕینی گۆرانیی بە زمانی كوردی هەر لەچوارچێوەی هەمان پڕۆسەی ئەو سڕینەوەیە دایە، هەروەها سووكایەتیپێكردن و وەدەرنانی لە شارەكەی خۆی هونەرمەند (ئەحمەد كایا) تەنها لەبەرئەوەی بەنیازبوو لە ئەلبومی داهاتوویدا گۆرانیی بە زمانی كوردی بچڕێت، بەڵگەی تەواوی دژایەتی و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەكەمانە، هیچ كاتێك مرۆڤی هۆشیار وەك گۆرانیبێژێكی ئاسایی ناڕوانێتە ئیبراهیم تاتلیسس! چونكە كارەكانی و جووڵە و گەشتەكانی پێمان دەڵێت ئەو شوێنكەوتوو وهاوسەنگەر و جەردەوانی رژێمێكە كاری سەرەكی سڕینەوە و لێدانە لە هونەر و فەرهەنگی نەتەوەی كورد و رەنگكردنی ئاواز و گۆرانیە رەسەنە كوردییەكانە بە ناسنامەی هونەریی توركیی!
كاتێك ئەردۆغانی سەركۆماری توركیا لەبارەی ئیبراهیم تاتلیسسەوە راستەوخۆ لەناو خەڵكی وان دەڵێت: «ئیبراهیمیش كورد بووە و چەشنی»جەردەوانەكان»ە یان (ئەو هێزە خۆجێیانەی لەناو سوپای توركیا لە دژی خەباتگێڕانی كورد شەڕ دەكەن) و یەكێكە لە ئازیزانی ئێمە و دەیچوێنێت بە جەردەوان یان هێزە خۆجێییەكانی ناو سوپای توركیا! دەبێت ئیترلەوە بگەین ئەم گۆرانیبێژە لەچ بەرەیەكدا دەواری خۆی هەڵداوە!
بڕینەوەی داری دارستانەكانی ناوچەی باكوری بەستای شرناخ و حەفتانین وكاولكردنی ناوچەكە لەلایەن جاش و جەردەوانەكانی شاری شەنۆبای قلابان لەگەڵ داگیركردنی ئاواز و میلۆدییە كوردییەكان گرێدراوی هەمان سیاسەتی سڕینەوەی نەتەوەی كورد و ناسنامەكەیەتیی. ئەوەی جێگای پرسیارە چۆن دەبێت هەموو ئەو میدیا زەبەلاحانەی سەر بە هێزێكی سیاسیین و لافی پێشەنگی كوردایەتی لێ ئەدەن نەتوانن هێندەی ئەو رادیۆ بچووكەی ئیزگەی دەنگی شۆڕش راستگۆیانە هۆشیاریی ئەوەمان بدەنێ كێ دۆست و كێ دوژمنی نەتەوەكەمانە! ئەو ئێزگەیەی لە ژێر بۆمبارانی سەختی فرۆكەی رژێمی بەعسدا بە گوڕوتینەوە كاری دەكرد.
لە جیاتی ئەوەی مانشێتی رۆژنامە و هەواڵی میدیاكانتان بە سەریا رەخنەباران بكەن، كەچی دێن پێشوازی و دیداری گەرموگوڕ و شاهانە بۆ ئەم گۆرانیبێژە جەردەوانە رێك دەخەن و بە مەبەستی دروستكردنی پرۆژە و بە قازانجی لەسەدا حەفتا چەندین دۆنم زەوی خاكەكەمانی پێ دەبەخشن.
ئێوە رۆژنامەنوەس و مامۆستای ئاینی و مامۆستای خوێندنگە و دكتۆر و ئەندازیار و كاسبكاری گەلەكەی خۆتان ئەدەنە بەرشەق و سووكایەتیان پێ ئەكەن و سەریان ئەتاشن وهەتكیان ئەكەن، بۆ تێر بوونی ئارەزووەكانتان و بەناوی هونەر و گۆرانییەوە چەندین ژنە عەرەبی سەماكەر و بەناو هونەرمەند هاوردە ئەكەن و بە دەیان ملیۆن دۆلاریان بۆ خەرج دەكەن. بە ناوی بازرگانییەوە مەراسیمی پێشوازی گەرم بۆ نەیار و خۆفرۆشان رێكدەخەن و خەڵاتیان دەكەن، جاش و خۆفرۆشەكان دەخزێننە ناو لیستی تێكۆشەران و شەهیدانی گەلەكەمانەوە، كەی بتانەوێت دەرگای پارلەمان دادەخەن وگەشتەكانی فرۆكەخانە رادەگرن، سامانی نیشتمانەكەمان تاڵان دەكەن و زۆر شتی دیكەش، هەر بەڕاست ئێوە چۆن فریای ئەو هەموو کارە خراپە دەکەون؟!
سەرچاوە: کوردستانی نوێ