بەپەلە هەرێمی کوردستان ئاگادارده‌كرێته‌وه‌.. هاوكاریه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌رداده‌گیرێت

نوێنەرایەتى هەدەپە لەهەرێمی کوردستان پەیامێک ئاڕاستەى هاوڵاتیان‌و چالاکوان‌و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەی مەدەنى‌و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌و هاوكاریانه‌ى له‌هه‌رێمى كوردستان‌و شوێنه‌كانى دیكه‌وه‌ بۆ باکوری کوردستان كۆده‌كرێنه‌وه‌، له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گیرێت"، داواشده‌كه‌ن، ته‌نها پاره‌ كۆبكه‌نه‌وه‌.

نوێنه‌رایه‌تى هه‌ده‌په‌ له‌هه‌رێم له‌ئاگاداریه‌كدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "داوا له‌سه‌رجه‌م هاونیشتمانیان له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین، ئه‌و هاوكاریانه‌ى كۆده‌كرێنه‌وه‌، تەنها پارە بێت‌و بۆ ڕۆژئاوای کوردستانیش پێداویستى جۆراو جۆری ژیان بێت".

هه‌ده‌په‌ ده‌ڵێت:"ئاكه‌په‌و دەوڵەتى تورکیا دەستبەسەر سەرجەم ئەو کۆمەک‌و هاوکارییەکانەدا دەگرێت کە لەهەرێمی کوردستان‌و هەر ناوچەو وڵاتێکەوە دەنێرێتە باکوری کوردستان، بۆیە داوا لەهاوڵاتیان‌و چالاکوانان‌و ڕێکخراوەکان‌و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، هاوکارییەکان بۆ باکوری کوردستان تەنها پارە کۆبکرێتەوە نەک پێداویستى ڕۆژانە".

ئه‌وه‌شى باسكردوه‌، "هەر کۆمەک‌و هاوکارییەک ڕەوانەى باکوری کوردستان بکرێت لەلایەن ئەکەپەو دەوڵەتی تورکەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت‌و لەچەند ڕۆژی ڕابردوشدا ژمارەیەکى زۆر هاوکاری گەیشتونەتە باکوری کوردستان، بەڵام لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە دەستى بەسەردا گیراوەو نەگەیشتۆته‌ دەست لێقەوماوانى بومەلەرزەکە".

سەرچاوە : شارپرێس

هەدەپە داوا لەهاوڵاتیان ده‌كات، پارەکانیان ڕادەستى ئەو لایەنانە بکەن کە سەرپەرشتى کەمپینەکان دەکەن، چونکە پارە هیچ کێشەی نییەو کۆمەکی دارایی دەگاتە شوێنی خۆی‌و  گرفتی نابێت.
 
سه‌باره‌ت به‌ڕۆژئاواى كوردستانیش نوێنەرایەتى هەدەپە له‌هه‌رێم داوایکردوە، "بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ئاساییە کە کۆمەک‌و هاوکارییەکان پارە یان هەر پێداویستییەکى دیکە بێت‌و هیچ ڕێگریی‌و بەربەستێک نییە بۆ گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان".

سەرچاوە : سایتی شارپرێس