بەهەڵەدابردنە لۆجیکییەکان

د. چۆمان ھەردی

 

 

(المغالطات المنطقية)

بەهەڵەدابردنە لۆجیکییەکان ئارگیومەنتی نادروستن کە ڕەنگە سەرەتا وەک ڕاستییەک خۆیان بنوێنن بەڵام لەگەڵ پشکنینی وردتردا بۆمان دەردەکەوێت کە ھەڵەن. ھوشیاری سەبارەت بەم جۆرە بەهەڵەدابردنانە ئامادەمان دەکات تا ڕاست لە درۆ جیابکەینەوە و بە ئاسانی نەکەوینە ژێر کاریگەری کەسانێکەوە کە توانای قسەکردنیان باشە بەڵام ئارگیومەنتەکانیان ھەڵەیە و ڕەنگە مەبەست یان پلانێکی تایبەتیان ھەبێت. بەهەڵەدابردنە لۆجیکییەکان ژمارەیان زۆرە بەڵام من لێرەدا تیشک دەخەمە سەر 8 دانەیان و بەبۆنەی 8ی مارس، ڕۆژی جیھانی ژنانەوە، ھەر ڕۆژە و یەکێکیان لەگەڵ ئێوە بەش دەکەم. گەر ھەریەکە لەم نووسینانەت بەدڵە تکایە لای خۆتەوە لایک و شێری بکە تا زۆرترین کەس خوێنەری بێت.

False dilemma fallacy

مغالطة الثنائية الزائفة

پێناسە

دوانەیی درۆیینە یەکێکە لە بەهەڵەدابردنە لۆجیکییەکان کە بە (ئەمە یان ئەوەڕەش یان سپی) ناسراوە. ئەم جۆرە ڕوانین و گوتارە، جیھان و بژاردە ئاڵۆزەکان ئێجگار سادە دەکاتەوە و بە ڕەشوسپی نمایشیان دەکات. دوانەیی درۆیینە بە ھەڵەماندا دەبات و دەیەوێت وابزانین کە تەنھا دوو بژاردەی خراپمان لەبەردەمدایە لە کاتێکدا کە بژاردەی زیاترمان زۆرە.

نموونە

کەسانێک دەڵێن: “پیاو یان بە حەڵاڵی فرەژنی دەکات یان بە حەرامی خیانەت دەکات. “

وەڵام

لە ڕاستیدا، بە پێچەوانەی ئەم ڕوانینەوە، پیاوان تەنھا دوو بژاردەیان لەبەردەمدا نییە. پیاوانێکی زۆر ھەن کە نە فرەژنی دەکەن و نە خیانەت دەکەن و ھاوسەرەکانی خۆیان خۆشدەوێت، ھەندێکیان ھاوسەرگیری ناکەن بەڵام ھەتا ئەبەد لەگەڵ ژنێکی ھاوەڵیان ژیان بەسەردەبەن و خیانەت ناکەن، ھەندێکیش ھەر ھاوسەرگیری و ھاوەڵی ژنان ناکەن.

خودی ئەم قسەیەی سەرەوە لەسەر پێشداوەرییەکی ھەڵە ھەڵچنراوە کە گوایە ئاژۆکی سێکسی ھەر پیاوێک زۆر لە ھی ژنان بەھێزترە و ژنێک بە تەنھا ناتوانێت خواستەکانی پیاوێک تێر بکات. لە ڕاستیدا ھەندێک ژن ئاژۆکی سێکی لە ھەندێک پیاو بەھێزترە بەڵام لەڕووی کەلتوورییەوە بۆی نییە بەیان لە حەز و خواستەکانی بکات. ھەندێک ژن ئاژۆکی سێکسییان ھاوتایە لەگەڵ ھەندێک پیاودا و ھەندێکی تر وزەی سێکسییان کەمترە .

ئەگەر لە ژیانی واقیعیدا ژمارەیەکی زیاتر لە پیاوان حەزی سێکییان زیاترە لە ژنان، بەشێکی ئەم دیاردەیە پەیوەندی بە شێوازی بەکۆمەڵایەتیکردنی مرۆڤەوە ھەیە کە ھەبوونی حەزی زۆر لای پیاو نیشانەی پیاوێتی و شانازییە بەڵام لای ژن نیشانەی بێشەرمییە، ھەر بۆیە ژن زۆر زوو فێردەبێت حەز و خواستەکانی خۆی بچەپێنێت. بەشێکیشی پەیوەندی بە ماندووبوونی زیاتری ژنانەوە ھەیە کە ھەم کاری دەرەوە و ھەم کاری ماڵەوە و پەروەردەی منداڵ لە ئەستۆی ئەواندایە. ئەمە لە کاتێکدا کە پیاوان دەرفەتی حەسانەوە، بینینی دۆست و ھاوڕێ و ئازادی گەشت و گەڕانیان زیاترە ھەر بۆیە ڕەنگە وزەی سێکسیشیان زیاتر بێت لە ژنانێک کە لەژێر بەرپرسیارێتیدا پڕووکاون.

سەرچاوە : ئاوێنە