بەهەڵە تێگەیشتن لە ئێران

 

 

عارف قوربانی

عارف قوربانی

 

 

 

بەدرێژایى ساڵانێکى زۆر، ئێران و دەستوپێوەندەکانیان لەهەوڵى دروستکردنى شێوە دەربڕینێکى دیکەدا بوون کە تەواو پێچەوانەى ئەو پرەنسیپە چەسپاوەى نێو دنیاى سیاسەت بوو کە دەگوترێت (لە سیاسەتدا دۆستى هەمیشەیى و دوژمنی هەمیشەیى نییە). دەیانویست وەک چەسپاوێکى دیکەى سیاسى وێنایەک بۆ ئێران دروستبکەن کە ئێران ئەو وڵاتەیە هیچ کات پشت ناکاتە دۆستەکانى، تەنانەت ئەگەر بەرژەوەندیەکانیشیان یەک نەگرێتەوە.

ئەمەش بەو هۆیەوە بوو ئێران ساڵانێک بوو بەبێ بوونى لەمپەر و بوونى رکابەرێک لە گۆڕەپانەکە، توانیبووى تاران و بەغدا و دیمەشق و بەیروت و سەنعا و غەززە پێکەوە ببەستێتەوە و بە کەماڵى ئیسراحەت تەراتێن لەنێوان پایتەختى ئەو وڵاتانەدا بکات. هێز و ئاراستە سیاسییەکانى ئەم پێنج شەش وڵاتەى پێکەوە گرێدابوو، لە کێشە و ناکۆکییە نێوخۆییەکانى هەریەک لەو وڵاتانەدا، بە قازانجى هێز و ئاراستە سیاسییە وابەستەکانى تاران، دەستوەردانى دەکرد و کێشەکانى یەکلا دەکردەوە. ئەم وێناى خاوەندارێتییەى تاران بۆ هێز و کارەکتەرە سیاسییەکان لەم وڵاتانە بەجۆرێک رەنگیدابووەوە، ئەوانەشى رۆژگارێک سەر بە جەمسەرەکانى دژ بە ئێران بوون، هەڵپەیان بوو ئێران وەک بەشێک لەخۆى پەسەندیان بکات.

وەک جەمسەرێکى گەورەى هەرێمایەتى، هێزێکى رانەگەیێندراوى هاوپەیمانێتى چەکداری لەژێر پەرچەمى "بەرەى مقاوەمە" لە هێزە چەکدارەکانى سەر بە حیزبەکانى ئەو پێنج وڵاتە دروستکردبوو. لە 16ى ئۆکتۆبەری 2017 (سوپاى قودس و حەشدى شەعبى و حیزبوڵڵاى لوبنان) پێکەوە بەشدار بوون لە گرتنى کەرکووک. بە درێژایى 10 ساڵى رووداوەکانى سووریاش (حەماس و حیزبوڵڵا و حەشد و پاسدار و جەیشى سوورى) لە یەک سەنگەردا شەڕیان دژى بەرهەڵستکارانى ئەسەد دەکرد.  تەنانەت لە ململانێ و هاوکێشە نێودەوڵەتیەکانیشدا وەک جۆرێک لە خۆنواندنى سێکوچکەى (ئێران، روسیا و چین) خۆى نمایش دەکرد و هێندە غروور گرتبوونى هەڕەشەى دەرکردنى ئەمریکایان لە ناوچەى رۆژهەڵاتى نێوەڕاست دەکرد.

کورد واتەنى لەبەر ئەوەى (توشى گونڕەشى خۆى نەبوو بوو)، هەم ئێران غروور گرتبووى، هەم دەست و پێوەندەکانیشى بەو ئەندازەیە کەوتبوونە حاڵ کە بەدواى داتاشینى دەستەواژەى چەسپاوى سیاسى وەک (تاکە وڵاتى وەفادار بۆ دۆستەکانى)، پەسنى ئێرانیان دەدا. بەڵام کاتێک ئیسرائیل لە وەڵامى تۆفانى ئەقسادا بڕیاری جەنگی دا، ئێران نەک هەر لەسەر دۆست و وابەستەکانى بە دەنگ نەهات، بەڵکو بەجۆرێک پشتى کردە دۆستەکانى، لەپێناوى مانەوەى خۆیدا یەک لەدواى یەک وا دەیانکات بە قوربانى.

غەززە کرایە خۆڵەمیش، حیزبوڵڵا بوون بە ئاردى ناو دڕک، ئەسەد و دارودەستەکەى وڵات بەدەر کران. حەشدى شەعبى کەوتوونەتە بەر هەڕەشەى هەڵوەشانەوە و حووسیەکانى یەمەنیش وا دەبن بە پۆڕى خوراو. ئێران نوزەى لێوە نایەت. تەنانەت لە دوو هەفتەى رابردوو شیعە عەلەویەکانى سووریا، ژن و منداڵ و خەڵکى بێچەک، کەوتنە بەر کۆمەڵکوژیى دەسەڵاتدارانى تازەى سووریا. ئێران نەک نەیتوانى لەسەریان بەوەڵام بێت و سنوورێک بۆ رەشەکوژکردنیان دابنێت، تەنانەت ئازایەتى ئەوەشى نەبوو وەک بەشى زۆرى وڵاتانى دنیا بەدەنگێکى بەرز ئیدانەى بکات.

لەکاتێکدا ئەو هێز و گرووپە چەکدارانەى لە دواى بەهارى عەرەبییەوە وەک بەرهەڵستکارى رژێمەکەى ئەسەد لە سووریا دەرکەوتن، بەدرێژایى 10 ساڵ رووسیا و سووریا و ئێران، حیزبوڵڵا و حەماس و حەشدى شەعبى و کەتائیبەکانى شیعەى ئەفغانستان و پاکستان، بە هەموو جۆرە چەکێک لە زەمین و ئاسمانەوە لێیان دەدان. ئەو گرووپە سەلەفییە جیهادیانە بەرگەیانگرت و کۆڵیان نەدا تاوەکو تەخت و تاراجى دەسەڵاتى 50 ساڵەى شیعەگەراییان لە سووریا تێکشکاند. چەند مانگێکى زۆر کەم بەسەر گرتنە دەستى دەسەڵاتیاندا تێپەڕیوە و هێشتا تەواو خۆیان رێکنەخستووە، کەوتنە کۆمەڵکوژکردنی عەلەوییەکان، نە ئێران و نە هیچ کام لەو هەموو گرووپەى هەیبوو لە ناوچەکە، تواناى رووبەڕووبونەوەى یەک رۆژى هێرشى دەسەڵاتى تازەى سووریایان نەبوو.

ئەم رووداوانە ئەوەیان بۆ سەلماندین کە هەڵە تێگەیشتنێک هەبوو لە ناسینى ئێران، ئەوەى وێنا دەکرا وەک قەڵایەک بۆ هەمیشە لەپشتى دۆستەکانى دەمێنێتەوە، دەرکەوت وانییە. لەپێناو مانەوەى خۆى، نەک وەفادار نییە بۆ دۆستەکانى، بەڵکو سازش لە ئامانجە ستراتیجییەکانى وەک پرەنسیپى ناردنە دەرەوەى شۆڕش و مووشەکە دوورهاوێژ و وێستگە ئەتۆمییەکانیشى دەکات. دەرکەوتنى ئەم حەقیقەتە بۆ کورد گرنگە، چونکە بەدرێژایى مێژووى روداوەکانى نیو سەدەى رابردوو، خۆ وابەستەکردنى کورد بە سیاسەتى ئێرانەوە زیانى گەورەى بە کورد و بزووتنەوە سیاسییەکەى گەیاندووە. ئەگەر پاڵنەر و هۆکارێکى ئەو وابەستەبوونە پەیوەست بووبێت بە وێناى (شێرى دارستان لە ناوچەکە)، ئەوە دەرکەوت شێرەبەفرینە بوو.

بێگومان ئەمە بۆ تورکیا و ئەمریکا و ئەورووپاش هەر راستە. دەبێت کورد پشت بەخۆى ببەستێت، چونکە دواجار هەریەک لەو جەمسەرە هەرێمایەتى و نێودەوڵەتیانەى کاریگەرییان لەسەر پێشهات و رووداوەکانى ناوچەکەى ئێمە هەیە، بەدواى بەرژەوەندى خۆیانەوەن و هیچ کات ئامادە نین بەرژەوەندییەکانى خۆیان بکەنە قوربانى لەپێناو ئێمەدا، بەڵکو ئەوەى پرەنسیپێکى چەسپاوە ئەوەیە کە ئێمە دەکەن بە قوربانى بەرژەوەندییەکانى خۆیان.

ئەگەرى پێشهات و گۆڕانکارى گەورە لە ناوچەکە، ئەگەرێکى کراوەیە. کوردیش دەرفەتێکی زۆرى هەیە لەو پێشهاتانەى ناوچەکە دەستکەوتى زۆر بچنێتەوە، بەڵام سەنگى مەحەک و مەرجى سەرەکى بۆ سەرکەوتن، بریتییە لەوەى کورد خۆى وابەستەى بەرژەوەندیی هیچ لایەک نەکات و چاوى لە بەرژەوەندیی گەلى کوردستان بێت.

سەرچاوە : سپی میدیا