گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بڕیار بوو ئەمڕۆ کاژێر8:00ی شەو فیستیڤاڵی کولتوورە جیاوازەکان لە رانیە بەڕێوەبچێت، بەڵام "وەزیری رۆشنبیری بەهۆی بۆردوومانکردنی خوشک و برایانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شەهیدبوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل فیستیڤاڵەکەی دواخست".
رۆژی پێنجشەممە 29-9-2022، نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی رۆشنبیری ساڵانە 12 فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەیە، فیستیڤاڵی کولتوورە جیاوازەکانیش هەموو ساڵێک لە رانیە دەکرێت و ئەمڕۆ کاژێر 8:00ی شەو تاوەکو 2ی تشرینی یەکەم بڕیار بوو هەشتەم خولی بەڕێوەبچێت".
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری: "لەسەر فەرمانی وەزیری رۆشنبیری، وەک هەڵوێستێک لە بەرامبەر بۆردوومانکردنی برا و خوشکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شەهیدبوونی چەند هاووڵاتییەکی سڤیل فیستیڤاڵەکەمان بۆ کاتێکی دیکە دواخستووە."
فیستیڤاڵی کولتوورە جیاوازەکان ساڵانە بەبەشداریی چەندین گرووپ و تیپی هونەری نێوخۆ و دەرەوە، لە شاری رانیە دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 28ی ئەیلوولی 2022، سوپای پاسدارانی ئێران چەند جارێک لەڕێگەی مووشەک و درۆنەوە هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، زڕگوێز و شێراوەى سنوورى هەرێمى کوردستان و بەهۆیەوە 16 کەس گیانیان لەدەستدا و 46 کەسی دیکەش بریندار بوون.
سەرچاوە: rudaw- نازەنین گۆران