بەهاری ئەردۆغان

 

 

هونەر تۆفیق

 

کە فڕۆکەیەک دەکەوێتە خوارەوە، شارەزاکانی بەڵگەی تاوان بۆ دۆزینەوەی هۆکاری کەوتنەکە، پارچەکان کۆدەکەنەوە reconstruct بەیەکیانەوە دەلکێننەوە، تاوەکو فکرەیەکی دروستیان لەسەر ڕووداوەکە هەبێت.

پێکەوە لکاندنەوەی پارچەکانی کەوتنەکەی ئەسەد، هەوڵدان نیە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری ڕووداوەکە. چونکە دیارە کە یەکەم ئەو دەسەڵاتە سەرباری ململانێ سیاسیە دەرەکیەکانی وڵاتەکە، نەیتوانی کێشە سیاسیەکانی لەناوخۆدا لەگەڵ هاوڵاتیەکانی خۆیدا چارەسەربکات. دووەم شەڕی بەردەوامی سوریا لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا کە لەپاش شەڕی غەزە توندتر و ڕاستەوخۆیانەتربوو. سێهەم ناکۆکیەکانی دەوڵەتی سوری لەگەڵ تورکیادا کە ئەمەیان هەردوو هۆکارەکەی دیکەشی تێدا کۆدەبێتەوە.

بەر لە دروستکردنی کۆماری سوریا ١٩٢٠، ئەو ناوچانە نزیکەی چوارسەدە لەژێر حوکمڕانی عوسمانیەکاندابوون. ولایەتی موسڵ و حەلەب، سنووری ئێستای سوریا و تورکیایان لەیەکتر جیادەکردەوە.

کە عوسمانیەکان ڕوخان و ولایەتی حەلەب بەسترایەوە بە دەوڵەتی سوریاوە، شارەکانی ئورفە و عەنتاب و هاتای و ئەسکەندەرونە کەسەر بە ولایەتی حەلەب بوون خرانە سەر سوریا. لە ولایەتی موسڵیشەوە بەشێکیان خستە سەر سوریا کە دێرەزووی ئێستا دەکات .

ساڵی ١٩٣٨ تورکیا، هێرشی کردە سەر سوریا - ولایەتی حەلەب. پارێزگای هاتای ئێستا بە ئەسکەندەرونەوە داگیرکرد. پێشتریش ئورفە و عەنتابی لە حەلەب دابڕیبوو.

ڕەگی ناکۆکی تورکیا و سوریا، لە دامەزراندنی هەردوو دەوڵەتەوە درێژەی هەیە. تورکەکان لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ئیدلیبەوە کە ئێستا مەڵبەندی سوپای سوریای ئازادە لەو سەردەمەشدا لەهەمان ناوچە و بەهەمان ناوەوە سوپایەکیان بەناوی ئازادەوە دروستکردبوو، شەڕی دیمەشقیان پێ دەکردن. لە سەردەمی حوکمی بنەماڵە عەلەویەکانەوە، ئەوانیش لە دژی تورکیا پشتیوانیان لە کوردەکانی عێراق و تورکیا دەکرد. بۆیە سەیر نیە کە دوو حیزبی سیاسیی دیاری کوردی عێراق و تورکیا، یەکێتی نیشتمانی و پارتی کرێکاران لە سوریاوە دامەزراون و هەر لەوێشەوە بەهێز و تۆکمەبوون.

بەوجۆرە ناکۆکی نێوان تورکیا و سوریا بەردەوام بوو تاوەکو بەهاری عەرەبی لە ٢٠١١ دا. تورکیا بووە سەرپەرشتیاری بەهارەکەی سوریا و ئەردۆغان یەکەم سەرۆک بوو هانی وڵاتانی دیکەی دا کە ئەسەد شەرعیەتی نەماوە. هەموو جۆرە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریای لە ئەستەنبوڵ کۆکردەوە و ئیسلامیەکانی چەکدارکرد بۆ خستنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد.

لە ڕۆژهەڵاتەوە -جزیرە، ئەسەد حوکمداری بۆ کوردەکان جێهێشت تاوەکو بپەرژێتە سەر شەڕی ناو شارەکانی تر. ئەمەش تورکیای هێندەی تر لە دیمەشق توڕەکرد. تا کۆنگرەی ئەستانە لە ساڵی ٢٠١٥ و دواتر جنێفەکانی یەک و دوو. کۆتاییەکەی بە سەرپەرشتی ڕوس و ئەندامێتی ئێران و تورکیا کۆنگرەی سوچی و بڕیارەکانی لە ٢٠١٩ دا لێکەوتەو.

سوچی ناکۆکیەکانی نێوان سوریا و تورکیای ئاڵۆزتر کرد. بەگوێرەی ڕێکەوتنەکانی ئەستانە و دواتر سوچی، دەبوو سوریا :

- لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان رێکەوتن بکات .

- ئاوارەکان بگەڕێنەوە .

-دەستورێکی نوێ بۆ سوریا بنوسرێتەوە کە دەستەڵاتەکانی تێدا یەکلاکرابێتەوە و مافی گەلانی سوریای تێدا پارێزراو بێت. سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات فیدراڵی بێت.

لەهەمان کاتدا کێشەکانی نێوان سوریا و تورکیاش چارەسەر بکرێت .

کێشەکان لەدیدی تورکیاوە: بڕینی کۆمەک و پەیوەندیە بە کوردەکانەوە و ڕێگەنەدرێت کورد قەوارەیەکی ئۆتۆنۆمی یان ئیداری خۆی هەبێت. بۆ جێبەجێکردنی ئەو داوایەش دەبێت سوریا ڕێگا بە تورکیا بدات تا قوڵایی ٣٠ کلم لەکاتی پێویستدا سوپاکەی بچێتە خاکی سوریاوە بۆ لەناو بردنی کوردە (تیرۆریستەکان لەدیدی تورکیاوە).

لەدیدی سوریاشەوە، هیچ دانوستانێکی ڕاستوخۆی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد ناکرێت، تاوەکو تورکیا هێزەکانی لە تەواوی خاکی سوریادا نەباتە دەرەوە و هەموو ئەو چەکانەی کە تورکیا بە هێزە موالیەکانی خۆیداوە دانەماڵرێن.

لە ٢٠١٩ ەوە ئەو مەرجانەیان لەسەر یەکتر، ڕێگربوون لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی سوچی و دۆخەکە وەک خۆی مایەوە تاوەکو هەڵگیرسانی شەڕی غەزە.

غەزە وەک باخچەی پشتەوەی شەڕی ڕوس و ناتۆ لە ئۆکرانیادا، لایەنگرەکانی ڕوسیا و ئەمریکای لەناوچەکەشدا یەکلاکردەوە. 

بەرەی ڕوسیا ( سوریا ، ئێران ، حیبزبوڵا ، حەماس ، حوسیەکان) کەوتنە شەڕی ڕاستەخۆوە لەبەرامبەر بەرەی ئەمریکادا.

تورکیا لەو نێوەندەدا کە بەشێکی لە ڕوسیایە و بەشەکەی تری لە ئەمریکا، باشترین دەرفەتی بۆ ڕەخسا کە پرسی سوریا یەکلا بکاتەوە. لەحاڵێکدا هەردوو بەرە لەم دۆخەدا ناچارن تورکیای جیوگرافی وەک بێلایەن قبوڵ بکەن و داواکاریەکانیشی بۆ جێبەجێ بکەن.

لێرەوە وردتر پارچەکان بەیەکەوە دەلکێنرێتەوە !

لەمانگی ئۆکتۆبەردا لەنێوەندە سیاسیەکانی تورکیاوە لەپاش نزیکەی دەساڵ لە بێدەنگی، پرسی ئۆجەلان هێنرایەوە نێوباسەوە و سەردانێکی عومەر ئۆجەلان بۆ ئیمرالی ڕێکخرا. نێچیرڤان بارزانی بانگکرا بۆ ئەنقەرە، ئەردۆغان وەک دوا هوشیاری داوای لە ئەسەدکرد، بەبێ مەرج، وەرە با ڕێکەوتنەکەمان جێبەجێ بکەین. مانگی دواتر کۆنگرەی وڵاتی عەرەبی - ئیسلامی لە ڕیاز بەسترا، ئەسەد بۆ یەکەمجاربوو لەپاش هەڵپەساردنی ئەندامێتی گوتاربدات. سەرۆکی حیزبوڵا ( حەسەن نەسروڵا) تیرۆرکرابوو، ئێران لەنێوان بەئەنجام گەیشتنی بۆمبە ئەتۆمیەکەی و قبوڵکردنی شکستی دۆستەکانیدا موتەرەدیدە، ڕوسیا لە نێوان بردنەوە لە ئۆکرانیا و کورسیەکەی ئەسەددا لە ئێران موتەرەدیدتر. پێکەوە ئەم پارچانە دیمەنەکەیان دروست کرد.

بۆ ئەردۆغان هیچ دەرفەتێک لەوە شیاوتر دروست نابێتەوە کە بە بیانووی خۆدزینەوەی ئەسەد لە بەڵێنەکانی سوچی، حکومەتەکەی بڕوخێنێت. بەهارێکی تر لە سوریاوە بەناوچەکەدا بڵاوبکاتەوە.

لە بیریشمان نەچێت بەهار لەدیدی تورکیاوە، پایزی کوردە، ئەگەرچی لەکۆکردنەوەی پارچەکانەوە ئەوە دەبینرێت کەئەم رووداوە بە هاوبەشی یان ئاگاداری کورد خۆشی دارێژراوە ..

سەرچاوە ؛ هاوڵاتی