
د. سیروان عەبدولکەریم
كاتێك تاوانێك لە كۆمەڵگەدا ڕوودەدات، میدیا دەبێتە سەرچاوەی یەكەمی زانیاری. بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە هەندێك لە میدیاكان پەلە دەكەن لە بڕیاردان، پێش ئەوەی دادگا بڕیاری خۆی دەربكات؛ ئەمەش دروست نی یە، چونكە یاسا دەڵێت: "تۆمەتبار بێتاوانە تا ئەو كاتەی تاوانباربوونی دەسەلمێنرێت."
بەداخەوە ئەوەی لە میدیا پیشەیی و فەرمییەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بینیمان سەبارەت بەو ڕووداوەی لە هەولێر ڕوویدا، پێشێلكردنی ئاشكرای تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگە و تاكەكان بوو، كە شریتی پانی سوور پیشان دەدا و هەواڵی کەسێک بڵاو دەكاتەوە چوار ئەندامی خێزانەكەی خۆی كوشتووە.
هەندێك لە میدیاكان ناو و وێنەكەیان بڵاوكردەوە و بینەریان هاندەدا زوو هەڵوێست وەرگرن.
ئاشكرایە كە ئەم هەڵسوكەوتە ناپیشەییە كاریگەری دەبێت لەسەر دادپەروەری، و ناوبانگی تۆمەتبار و خێزانەكەی خراپ دەكات، و لەوانەیە ستەمی لێ بكات. پاشان لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی ناوخۆیی، ناوبانگی شارێک لەکەدار دەکات.
پێویستە هەموولایەک و بە تایبەتی بەرپرسانی میدیایی ڕێز لە یاسا بگرین و بڕیار لەسەر تاوان نەدەین پێش دادگا، چونكە دادگا مافی دەركردنی بڕیاری هەیە، نەك میدیا یان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.
بڵاوكردنەوەی وردەكاریی كەیسی کوشتن و تاوان بە گشتی، بە شێوەیەكی ناپیشەیی كاریگەریی سەلبی دەبێت لەسەر دادگاییكردن و لەوانەیە ببێتە هۆی ستەمكردن لە خانەوادەیەک یا کۆمەڵگە بە گشیی.
پێویستە میدیا بە حیكمەتەوە مامەڵە بكات و بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی باشتر لەوەی بینیمان لە ئەستۆ بگرێ، بڵاوكردنەوەی وێنە و ناوی قوربانیان و تۆمەتباران یان کەسانێک لەناو مۆبایل وێنەیان یان ناویان هاتبێ، بە ڕاستی مایەی نیگەرانی یە، پێش لێکۆڵینەوە و حوكمی كۆتایی.
پێویستە كۆمەڵگە بە شێوەیەكی باشتر ئاراستە بكەین بە تایبەتی ئێمەی خاوەی بڕوا و ئاینی ئیسلام، هەروەها رێزگرتن لە تایبەتمەندیی قوربانیان و بڵاونەكردنەوەی وردەكاریی ژیانی تایبەتیان ئەركێكی مرۆیی و دینی و ئەخلاقیە.
هەمیشە لە پشت هەموو تاوانێكەوە هۆكارێك و بارودۆخێك هەیە كە خەڵك نایزانێت، بۆیە پێویستە لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكان بكرێت لە بری چڕبوونەوە تەنها لەسەر تاوانەكە خۆی. لە لایەكی ترەوە ناكۆكییە خێزانییەكان و هەندێك جار كێشە خێزانیەكان دەگەنە خاڵێك كە هەردوو لا ناتوانن مامەڵەی لەگەڵ بكەن.
كاتێك تاوانێك ڕوودەدات،
دووبارەی دەیڵێم، پێویستە میدیا ڕێز لە تایبەتمەندییەكانیان بگرێت و تراژیدیا نەكاتە بابەتێك بۆ خۆشگوزەرانی و وروژاندن و لایک و کۆمێنت کۆکردنەوە.
کەلتور و ئایینی ئێمە و هەموو ئایینە ئاسمانییەكان و یاساكانمان و دەستووری هەمیشەیی عێراق هانی تاك دەدەن بۆ داپۆشینی گوناه و هەڵەی تاك و خێزانەكان. فەرمانی روون هەیە بۆ بڵاونەكردنەوەی نهێنیی خەڵك یان ناوزڕاندنیان لەوانە:
پێغەمبەری خودا (د.خ) فەرموویەتی: "ئەوەی عەیبی موسڵمانێك بشارێتەوە، خودا لە دونیا و دواڕۆژدا دەیشارێتەوە"
هەروەك خودای گەورە دەفەرمووێت: "سیخوڕی مەكەن و هەندێكتان غەیبەتی هەندێكتان مەكەن" (الحجرات: 12).
هەروەها دەستووری عێراقی رێگری دەكات لە بڵاوكردنەوەی وردەكاری تایبەت بە كەسەكان بەبێ مۆڵەت. لەلایەکی ترەوە یاسا نێودەوڵەتیەكان تاكەكان دەپارێزن لە ناوزڕاندن و بڵاوكردنەوەی هەواڵی پشتڕاستنەكراوە لەسەریان.
بۆیە تكایە با میدیا پیشەیی تر و دادپەروەرتر بێت، پێویستە ڕێكارە ئەخلاقی و یاساییەكانی پەیڕەو بکەن لە كاتی ڕووماڵكردنی تاوانەكان و پەلە نەکەن لە بڕیاردان لەسەر تۆمەتبار، و بڕیار بەجێبهێڵێت بۆ دادگا. دووركەوتنەوە لە بڵاوكردنەوەی وێنە یان ناوی قوربانیان و تۆمەتباران بۆ رێزگرتن لە تایبەتمەندییان.
لە بری بڵاوكردنەوەی نهێنیی خێزان و تاكەكان، دەتوانن بە ناوی خوازراو شیكاری هۆكارەكانی تاوان بكەن لەبری چڕبوونەوە لەسەر وروژاندن و ناونیشانە سەرسوڕهێنەرەكان و بڵاونەكردنەوەی قسەوباس لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان.
هەروەها دەتوانن هانی كۆمەڵگە بدەن و لەسەر رێزگرتن لە یاسا و چاوەڕوانكردنی بڕیارە فەرمییەكان و پشتگیریكردنی گفتوگۆكان، ڕایبهێنن، كە یارمەتی دەدات لە ڕێگریكردن لە ڕوودانی تاوانی داهاتوو لە بری بڵاوكردنەوەی ڕق.
میدیا تەنها بۆ گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵكو بەرپرسیارە لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و بەشداریكردن لە بەدیهێنانی دادپەروەری. ئەوەی لە كەیسی پزیشكی دەستبەسەركراو لە هەولێر بینیمان نموونەیەكی ڕوونە لە چەوساندنەوەی میدیا بۆ تایبەتمەندیەكانی هاوڵاتی بەبێ سەیركردنی پێوەرە ئەخلاقی و پیشەییەكان.
پێویستە هەمیشە بیر لەوە بكەینەوە كە یاسا بڕیار دەدات، نەك میدیا یان ڕای گشتی. بڕیاردان لەسەر كەسێك پێش دادگاییكردنی ستەمە لێی، و سووكایەتیە بە دادپەروەری. بۆیە، پێویستە بەرپرسیار بین لە مامەڵەكردنمان لەگەڵ هەواڵەكان، و ڕێز لە مافی هەمووان بگرین، چ قوربانی بن یان تۆمەتبار تا تاوانباربوونیان دەسەلمێنرێت.
سەرچاوە : سپی میدیا