بەرهەمێكی ئەبوبەكر حەسەن هاتە چاپكردن

كتێبی "گەشتێك، كۆتایی رەهەند و ئاماژەكانی پڕۆژەیەكی نوێ"، لە نووسینی ئەبوبەكر حەسەن جاف لە دووتوێی 190 لاپەڕە لە ماڵی وەفایی چاپ كرا، ئەو بەرهەمەی مەرگ رێگەی نەدا نووسەر لە ناو كتێبخانە و بە دەستی خوێنەرانی كورد بیبینێت.
سۆران عەزیز، كە سەرپەرشتی چاپی كتێبەكەی كردووە بە "وشە"ی گوت، كتێبەكە وەڵامێكە بۆ  كتێبی "ماڵێكی لێكترازاو و ویژدانێكی بیمار"ی فارووق رەفیق و "ئیمان و جەنگاوەرانی" بەختیار عەلی و لەسەر هەندێك تیڕوانین و بیروباوەڕ یان لەبارەی هەندێ پرسەوە.

زیاتر گوتی، نووسەر پێی وایە كە "فارووق رەفیق"، فەیلەسوفە و بیروڕاكانی لەبارەی بابەتەكان تەواو راست و دروستن، بە پێچەوانەوە بەختیار عەلی لە هەندێك پرسدا ئاراستە و تێڕوانینی چەوت و هەڵەیە، هەروەها  ئیتر ئەو ئاراستەیە "رەهەند"، بەرەو كۆتایی دەڕوات كە بەختیار عەلی و چەند نووسەرێكی تر لەخۆ دەگرت.

عەزیز روونی كردەوە، بەداخەوە نووسەر نەیتوانی ئەم كتێبە ببنێت و مەرگ مەودای نەدا، ئێستە كتێبەكە لە دووتوێی 190 لاپەڕەدا لە ماڵی وەفایی چاپ كراوە و بەم زووانە دەكەوێتە بەردیدەی خوێنەران.

ئەبوبەكر حەسەن، ناسراو بە بەكر جاف، لە ساڵی 1976 لە گوندی كوردەمیر لە گەرمیان لەدایك بووە، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە كۆمەڵناسی هەبووە و لە فڕەنسا ماستەری لە فەلسەفەدا بەدەست هێناوە، خاوەنی چەندان كتێبی نووسراو و وەرگێڕدراوە، لە 10ی ئەم مانگە لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد.

 

سەرچاوە: wishe